یەزدانپەنا: مان و شکۆ لە بەرەنگاریی و بەرخۆداندایە



لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی وادەکەی ئێران بۆ چەککردنی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرۆکی پارتێکی ڕۆژهەڵات ئامادەیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە دەردەبرێت و دەڵێت: شکۆ لە بەرەنگاریی و بەرخۆداندایە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، حسێن یەزدانپەنا، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “کە شەڕ دەرگای پێ گرتی، دەتوانی وەدرەنگی بخەی؛ ناتوانی خۆی لێ لادەی. مان و شکۆ لە بەرەنگاریی و بەرخۆداندایە”.

پەیامەکە لە کاتێکدایە ڕۆژی 19ی مانگ، ئەو وادەیە کۆتایی دێت کە ئێران بۆ چەککردنی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان دایناوە.

ئێران هەڕەشەی هێرشکردنی سەر کەمپەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات بە پاساوی ئەوەی بنکەی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتن.

دوێنێش حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “هەواڵ و بەدواداچوونەکان دەریدەخەن کە ڕژێم لە ئامادەکارییەکانی بۆ سنووربەزاندن و هێرشێکی دیکە بۆ سەر پەنابەرانی سیاسیی کوردی دانیشتوو لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق بەردەوامە”.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە “کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێ دەیەی ڕابردوودا سەدان پەنابەر و چالاکی سیاسیی کوردستانی ئێرانی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا تیرۆر کردووە، لە چالاکیی لاوان و منداڵاندا بۆمبی تەقاندووەتەوە و لە چوار ساڵی ڕابردووشدا چەند جار بە مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر کەمپی پەنابەرانی سیاسیی کوردستانی ئێران، کە بەداخەوە بەو هۆیەوە دەیان کەس خەڵکی سیڤیل و پەنابەر کوژراون و بریندار بوون”.

حزبی دیموکرات ڕوونیشیکردەوە کە “لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیەندراوەوە داوا لە وڵاتان و کۆمەڵگەی جیهانی، ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت حکوومەتی عێراقی فێدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی ئەواندا نیشتەجێن دەکەین، ئاگاداری ئەو پلانە نیزامی و ئەمنیەتییانەی کۆماری ئیسلامی بن کە بەڕێوەن. داوا دەکەین هەموو لایەک بە هەموو توانا و زەرفییەتی دیپلۆماسی و ڕێکارەکانی دیکەی بەردەمیان هەوڵەکانیان بۆ پێشگرتن لە هەرجۆرە هێرشێکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر پەنابەرانی کوردی ئێرانی لە خاکی هەرێمی کوردستاندا بخەنە گەڕ”.

میدیای یەکێتی: بافڵ تاڵەبانی لە تارانە
پێشت میدیای یەکێتی: بافڵ تاڵەبانی لە تارانە
بورجی ئیڤڵ ڕووناکییەکانی دەکوژێنێتەوە
دواتر بورجی ئیڤڵ ڕووناکییەکانی دەکوژێنێتەوە
ەیوەندیدار