ئەسحابەسپی، ناوێکی بێ مێژوو



لەم شارەدا کەسێک نییە ئەو ناوە نەبیستبێت، بەڵام کەسێکیش نییە مێژووی ئەم ناوە و دوو گۆڕەکە بزانێت.

ئەسحابەسپی ناوێکە لەگەڵ دروستکردنی سلێمانیدا هەیە، لە سەدەی ڕابردوودا گەراجی پاس بووە ئێستا ناوجەرگەی بازاڕە، دیمەنی ئێستا ئەسحابەسپی بەراورد بە ٦٠ ساڵ پێش ئێستا تەواو جیاوازە.

بەهۆی گرنگی نەدان بە نووسین و مێژوو، هیچ زانیارییەک لەبارەی ناوی ئەسحابەسپی و ئەو دوو گۆڕەکە نییە، تەنانەت لە هیچ شوێنێکی مێژووی ئیسلامی و سەردەمی فتوحاتی ئیسلامیدا ئاماژە بە کوژرانی دوو هاوەڵی ئیسلامی لەم شوێنە نەکراوە.

نازانرێت ئەوانەی لەو دوو گۆڕەدا نێژراون کێن، هاوڵاتی ئاسایین، پیاوچاکن یان بەڕاستی ئەسحابەن؟، کوژراون یان گیانیان لەدەستداوە و لەوێدا نێژراون؟، ژنن یان پیاو؟، ساڵی چەند لەوێدا نێژراون و مێژووی ئەو گۆڕانە بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟.

ئەسحابە سپی، وشەییەکی لێکدراوە، ئەسحابە وشەیەکی عەرەبییە و بەواتای هاوەڵ دێت، دەکرێت پۆشاکێکی سپییان لەبەردابووبێت، یاخود ڕووخسارێکی سپییان هەبووبێت، ئایا ئیسلام بوون یاخود زەردەشتی؟.

ئەو دوو گۆڕە هەر کەسێک بن، بەڵام لای هاووڵاتیان پیرۆز کراون، لە سەدەی ڕابردوودا وەک شوێنێکی پیرۆز سەیرکراوە، خەڵك بۆ بەدیهاتی نیازەکانی و بەخشینی شیفا سەردانی گۆڕەکانیان کردووە.

جەلال شاپور، تەمەنی ٧٦ساڵە، لە ئەسحابەسپی لەدایکبووە، دیمەنی شێوەی گۆڕەکان و گوزەری ئەسحابەسپی لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو لەپێش چاوە، کە هەموو چوارشەممەیەک ژنان سەردانی گۆڕەکانیان دەکرد، منداڵی نەخۆشیان بۆ شیفابەخشین هێناوەتە سەر گۆڕەکە، لای مەزاری گۆڕەکانیش سێ درەختی گەورە هەبوون، دوو دەرگاش بۆ چوونە لای گۆڕەکان هەبوون.

ئەو باسی شێوەی دوکانەکان و گوزەری ئەسحابەسپی دەکات، کە پێشتر شێوەکەی جوانتر بووە، دەرگاکان لە تەختەبوون و بە چوار قەد دەکرانەوە، دیوارەکان خشتو قوڕبوون، دوکانەکان جیاواز بوون.

ئەسحابەسپی نەک تەنها شێوە جوانەکەی سەدەی ڕابردووی لەدەستداوە، مێژووەکەشی لەدەستداوە، بەپێی وتەی ڕەفیق ساڵح، ئەندامی ئەنجومەنی بەرێوەبردنی بنکەی بەڵگاندن و لێکۆڵینەوەی ژین، پێی وایە ناوی ئەسحابەسپی دروستکراوە.

“پێم وایە ئەم ناوە دروستکراوە، ڕەنگە گۆڕی پیاو چاکێک یان گۆڕێکی ئاسایی بووبێت، خەڵک بۆ خۆی لە سەردەمێکدا زیاتر دوای قسەوقسەڵۆک و کەوتوون، هەندێک جار شتێکی زیاد لە پێویست گەورەکردووە، هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت ئەسحابەیەکی سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی لەوێدا کوژرابێت”.

ڕەخنەش لە گەلی کورد دەگرێت کە گرنگی بە مێژوو نادات، مێژوو تەنها جەنگ و شەڕ نییە، هیچ نوسراوێکی نییە لەسەر ئەسحابەسپی نییە، تەنها چەند کتێبێکی کەم لەسەر شاری سلێمانی هەیە، ئەویش بە وردی باسی ئەم ناوە ناکات.

لە ئێستادا ئەسحابەسپی کراوەتە تەلار، گۆڕەکان هاوشێوەی مێژووەکەی نادیارەکەی خراونەتە سوچێکی تەلارەکە، ساڵانێکە کەس سەردانی گۆڕەکانیش ناکات.

سیستمی بەرگری ئاسمانی لە سنورەكان دادەنرێت؟
پێشت سیستمی بەرگری ئاسمانی لە سنورەكان دادەنرێت؟
لە چلەی هاویندا هاووڵاتی خەمی سەرمای زستانییەتی
دواتر لە چلەی هاویندا هاووڵاتی خەمی سەرمای زستانییەتی
ەیوەندیدار