فەرماندەیەكی پارتی: پلانمان هەبوو بەرەو كەركوك جوڵە بكەین



فەرماندەی میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، شەوی ڕابردوو خۆیان ئامادە کردبوو بۆ ئەوەی بڕۆن بەدەم خۆپیشاندەرە کوردەکانی کەرکوکەوە، بەڵام بەهەوڵی هەندێک بەرپرسی عێراقی جوڵەیان بەرەو کەرکوک ڕاگرتووە.

ڕۆژی شەمە، بەشێک لە کوردەکانی دانیشتووی کەرکوک، دژی داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک_هەولێر لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانەوە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و گرژی ڕوویدا، بەو هۆیەوە 4 خۆپیشاندەر شەهید بوون و 15 ی تریش برینداربوون.

نوری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەی پردێی هێزی پێشمەرگە، بە (دەنگی ئەمەریکا)ی ڕاگەیاند، “هەندێک بەرپرسی دڵسۆزی عێراق دەستوەردانیان کرد و داوای دان بەخۆدا گرتنی لێکردین، ئەگینا پلانمان هەبوو بەرەو کەرکوک بڕۆین. چۆن دەبێت خوێنی کورد لەکەرکوک بڕژێت و ئێمە دەستەوەستان بین.”

تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە خۆپیشاندەرە کوردەکان، بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستانی هێنایە دەنگ و ئیدانەی “ڕشتنی خوێن”ی خۆپیشاندەرە کوردەکانی کەرکوکیان کرد. هەروەها مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانی بە “گێرەشێوێن” ناوبرد.

نوری حەمە عەلی، دەڵێت: “داخستنی ڕێگەی کەرکوک_هەولێر و دژایەتیکردنی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک پلانی شۆڤێنییەکان بوو، گەر پێشتر خێوەتەکە لابرایە و ڕێگەکە بکرایەتەوە، خوێنی گەنجی کوردیش نەدەڕژا”.

درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، خێوەتی مانگرتووانی لایەنگرانی حەشد و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان لابراو ڕێگەی نێوان کەرکوک_هەولێر کرایەوە.

هێزە عێراقییەکانیش لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەک شەمەوە، ئۆپەراسیۆنێکیان لەناو گەڕەکە کوردییەکانی کەرکوک دەستپێکردووە، تا ئێستا نزیکەی 50 گەنجی کورد دەستگیرکراون.

سەبارەت بە دوا ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی شەممە، موقەدەم عامر نوری، وتەبێژی پۆلیسی کەرکوک، وتی، “4 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15 کەسیش برینداربوون. ئەو کەسانەشی دەستگیرکراون لای پۆلیس نین.”

لای خۆشیەوە، سەباح حەبیب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەكردووە، “داوای پێکهێنانی لیژنەیەک لە سودانی دەکەین بۆ سزادانی ئەو کەسانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی کەرکوک کردووە. داواش دەکەین لێکۆڵینەوە لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک بکرێت، چونکە ئەو کەسانەی خێوەتیان لەسەر ڕێگەی کەرکوک_هەولێر هەڵدا ژمارەیان کەمبوو، کەچی ئەو نەیتوانی دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات.”

وتیشی، “داوای قەرەبووکردنەوەی کەس و کاری شەهیدەکان و باشکردنی گەڕەکە کوردییەکان دەکەین، کە بەهۆی خۆپیشاندانەوە زیانیان بەرکەوتووە. داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەر گەڕەکە کوردییەکان و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیش دەکەین.”

لە ڕۆژی 27 ی مانگی ڕابردووەوە، لایەنگرانی عەرەب و تورکمان و حەشدی شەعبی دژی پێدانەوەی بارەگاکان بە پارتی لەسەر ڕێگەی کەرکوک_هەولێر خێوەتیان هەڵدا و ڕێگەکەیان داخست. ئەمەش توڕەبوونی دانیشتوانی کوردی کەرکوکی لێکەوتەوە و بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی حکومەتی عێراقیان ناچارکرد ڕێگەکە بکاتەوە.

 

شەقامی سەرەكی لە گەڕەكی كارێزەوشكی سلێمانی دادەخرێت
پێشت شەقامی سەرەكی لە گەڕەكی كارێزەوشكی سلێمانی دادەخرێت
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم فەرامۆش كراوە
دواتر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم فەرامۆش كراوە
ەیوەندیدار