لە ماوەت پەردە لەسەر پەیکەری کەڵەشێر لادرا و چیرۆکی پیرۆزیی پەلەوەرەکەش بەم شێوەیەیە



ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ئامادەبوونی هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، پەردە لەسەر پەیکەری کەڵەشێر لە قەزای ماوەت لادرا.

بە وتەی کەسە بەتەمەنەکانی شارۆچکەی ماوەت چەندین قسە و باس لەسەر کەڵەشێر و دەوترێت خەڵکی قەزاکە بە پیرۆزیی تەماشای ئەو پەلەوەرە دەکەن و سەری نابڕن.

خەڵکی شارۆچکەکە دەڵێن لە باووباپیرانیانەوە چیرۆکی سەرنەبڕین و نەخواردنی کەڵەشێریان بۆ گێڕدراوەتەوە و چەند بۆچوونێکی جیاواز هەیە.

ماوەت لەڕووی مێژووی و کلتورییەوە خاوەن مێژوو ناسنامەی تایبەت بەخۆیەتی ئەوەش زۆر تایبەتمەندی پێ بەخشیووە و تائێستاش شانازی بە داستان و مێژوو و بەھاو نەریتە باوەکانییەوە دەکات، بەڵگەی مێژووی و نوسراو و شوێنەوارە دێرینەکانی و گۆڕستانە کۆنەکانی ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن کە ماوەت زۆر کۆنە و بەر لە ئیسلام و زاینیش شوێنێکی ئاوەدان بووە و پێدەچێت (کەڵەشێر) سمبولی ماوەتییەکان بوبێت وەک کۆمەڵگەیەکی سەرەتایی، کەئەوەش لەروی زانستی مرۆڤ ناسییەوە(علم الانسان) مێژوویەکی زۆر کۆنی پێدەبەخشێت.

ماوەت لەروی مێژووی و کلتورییەوە ھەندێک تایبەتمەندی خۆی ھەیە، یەکێک لە نەریتە ناسراو باوەکانی ماوەت پیرۆزی (کەڵەشێر) و نەخواردنی گۆشتەکەیەتی. بەھۆی ئەم پیرۆزییەی کەڵەشێر لە ئێستادا لە ناوەڕاستی قەزاکە وێنەیەکی پەیکەری کەڵەشێر داندراوە وەکو سیمبولێک بۆ ئەو کەڵەشێرانەی بەشێک لە دانیشتوانی ماوەتیان لە کۆندا ڕزگار کردووە.

بەسەرھاتی کەڵەشێرەکانی ماوەت بە چەندان شێوە دەگێڕدرێتەوە بەڵام کورتەی بەسەرھاتەکە ئەوەیە لە سەردەمی کۆندا سوپایەکی داگیرکەر ھێرش دەکەنە سەر ماوەت، بەڵام پێش ئەوەی سوپاکە بگەن ، کەڵەشێرەکانی ماوەت دەست بە قوقاندن دەکەن، وا پێدەچێت کاتی قوقاندنی کەڵەشێرەکان کاتێکی نالەبار و بەشێوەیەکی نا ئاسایی بووبێت، بۆیە زۆرێک لە خەڵکی ماوەت دەزانن کە ڕوداوێکی نەخوازراو ڕوو دەدات، بەم ھۆیە زۆربەی خەڵکی ماوەت ماڵەکانیان چۆڵ دەکەن و روو لە شاخەکانی نزیک ماوەت، دەڵێن بەھۆی ئەم ڕووداوەوە خەڵکێکی زۆر ڕزگاریان بووە ھەر بۆیە گەورە و سەرداری ماوەتیەکان لەو کاتەدا داوا لە خەڵکەکەی دەکات وەک وەفایەک ئیتر ھەرگیز خەڵکی ماوەت کەڵەشێر سەرنەبڕن. و دەڵێت: “ئەولادێ ئەولادم گۆشتی کەڵەشێری پێ حەرام بێت ئەگەر سەری ببڕێت” واتە لەو کاتەوە ئەو پیاوە ڕیش سپی و سەرۆکی لادیکەی گۆشتی کەڵەشێری حەرام کرد و بە سەربڕینەوە لەناو لادێکە، چونکە ئەو کاتە کەڵەشێرەکە ئاگاداری کردوونەتەوە لە هێرشی ئەو سوپایە بۆ ناو لادێکە بۆیە لەو کاتەوە کەڵەشێر هێمای زیرەکی و لێهاتووییە لەناو قەزای ماوەتدا و هەروەها کەڵەشێر نەخوراوە و سەر نەبردراوە.

عەلی بۆنگۆ، کێ یە، کە ئەفسەرانی سوپای گابۆن کودەتایان بەسەردا کرد
پێشت عەلی بۆنگۆ، کێ یە، کە ئەفسەرانی سوپای گابۆن کودەتایان بەسەردا کرد
گابۆن، ئەو وڵاتەی لە سەربەخۆییەوە تا ئێستا ٣ کەس سەرۆکایەتیان کردووە
دواتر گابۆن، ئەو وڵاتەی لە سەربەخۆییەوە تا ئێستا ٣ کەس سەرۆکایەتیان کردووە
ەیوەندیدار