“ماددە هۆشبەرە فڕیوەکان” هەڕەشە لە عێراق دەکات



فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان “درۆن” وەک گوێزەرەوەی سەرەکی ماددە هۆشبەرەکان پاش ئەوەی لە شەڕی ئۆکراینا ناوبانگی پەیداکرد و وەک ڕێگەیەکی سەرکەوتوو ناسێنرا، ئێستا وەک ئامرازێکی دیکە لە دەستی ڕێکخراوە تاوانکارییەکان بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان و چەکەکان لە سنوورەکانی نێوان چەند وڵاتێکەوە سەریان هەڵداوە.

لە ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ئەوروپی، درۆنەکان بۆ قاچاخی ماددەی هۆشبەر، یان ئەوەی پێی دەوترێت “مادەی هۆشبەری فڕیو” بەکاردەهێندرێت.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین ڕووداو لەم بارەیەوە سەریان هەڵدا، ڕۆژی دووشەممە، سوپای ئوردن بۆ جاری سێهەم فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان خستۆتە خوارەوە کە لە سوریاوە هاتبوو.

 

درۆنەکان و دیارترین ڕووداوەکانی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان

بەپێی تۆڕی “دۆیچە وێڵ”ی ئەڵمانی، ئەفسەرانی گومرگی کوەیت لە مانگی ئایاری ٢٠١٧دا دەستیان بەسەر ١٧٨ حەبی ماددەی هۆشبەردا گرت، کە بە دەوری کۆترێکی هەڵگردا پێچرابوون و لە سنووری عێراقەوە هاتبوون.

هەروەها لە ٢٠ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨، بەشی کۆنترۆڵی دەزگای مادەی هۆشبەری کوێت ڕایانگەیاندبوو، کە دەسەڵاتدارانی کوەیت هاوڵاتییەکیان دەستگیرکردووە کە درۆنێکی بۆ بەقاچاخبردنی ٤ کیلۆ مادەی هۆشبەری پیشەسازی (ئەمفیتامین) و یەک کیلۆ حەشیش لە وڵاتێکی دراوسێ بەکارهێناوە.

لە ٥ی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٢ پۆلیسی ئیسپانیا دەستی بەسەر ٦ ژێردەریایی بێ سەرنشیندا گرت کە نزیکەی ١٢ بزوێنەری هەبوو و دەیتوانی مەودای ٣٠ کیلۆمەتر ببڕێت، توانای گواستنەوەی ٢٠٠ کیلۆ مادەی هۆشبەریی هەبوو.

لە ٢٠ی نیسانی ٢٠٢٢، ئاسایشی عێراق فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خستە خوارەوە کە قاچاخچییەکانی مادەی هۆشبەر بۆ سیخوڕیکردنی سنووری نێوان عێراق و ئێران بەکاریدەهێنا.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا سوپای ئوردن دوو فڕۆکەی خستە خوارەوە کە یەکێکیان چەک و ئەوی دیکەیان مادەی هۆشبەری تێدابوو.

هەروەها هێزەکانی عێراق بە هەماهەنگی هەواڵگری لە نێوان عێراق و کوێت، لە ٣ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٢ دەستیان بەسەر فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان گرت کە ملیۆنێک حەبی ماددەی هۆشبەری تێدابوو.

لە ٢٤ی تەمموزدا، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کە پڕ بوو لە ماددە هۆشبەرەکان کە لە سوریاوە هاتبوو، خرایە خوارەوە.

لە ١٣ی ئابدا، سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پڕ لە ماددەی هۆشبەر کە لە سوریاوە هاتووە، خستۆتە خوارەوە.

لە ١٦ی ئابدا سوپای ئوردن ڕایگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان خستۆتە خوارەوە کە هەوڵی گواستنەوەی تەقەمەنی TNT داوە لە سوریاوە بۆ ئوردن.

 

 

بۆچی لە قاچاخچێتی پەنا بۆ  درۆن دەبرێت؟

ڕاپۆرتێکی ئینتەرپۆلی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە، ئەوەی خستووەتەڕوو کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەکارهێنانی درۆنەکان زیادی کردووە، تاوانبارانیش بۆ ئەنجامدانی کردەوەی نایاسایی وەک بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان و پەکخستنی ژێرخانی  وڵاتان بەکاریان هێناوە.

مانگی ئاداری ساڵی ڕابردوو، باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە لوبنان، ڕایگەیاندبوو، بازرگانیکردن بە دەرمانی “کاپتاگۆن” ساڵانە نزیکەی ٥٧ ملیار دۆلار بۆ سوریا بەدەستدەخات.

ئاماژەی بەوەشکرد، کاپتاگۆن ماددەیەکی ئالوودەکەری بەربڵاوە کە لەلایەن بەکارهێنەرانەوە لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکاردێت، ٪٨٠ی دابینکردنی ئەم ماددەیە لە جیهاندا لە سوریا بەرهەمدەهێنرێت.

بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە پرۆسەی گواستنەوە و قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، دەتوانرێت بە چەندین شێواز مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و بە ئاسانی کارەکانیان ئەنجام دەدەن، جگە لە فڕین لە بەرزایی نزمدا، چاودێریکردنی قورسە.

– فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەتوانن بە شێوەی ئاسۆیی و ڕاست بەبێ باڵ بجوڵێن.

– بە ئامێری بچووک کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

– هەڵدانی یان نیشتنەوەی پێویستی بە فڕۆکەخانە یان ڕێڕەوی فڕین نییە وەک فڕۆکە ئاساییەکان.

– بەکارهێنانی ئاسانە، لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵی دوورەوە دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی دەستپێکردنی.

– هەندێکیان بە سیستەمی جی پی ئێس کاردەکەن، بەناوبانگترینیان فڕۆکەی “کواد کۆپتەر”ە، کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ لەلایەن سوپای ئوردن خراوەتە خوارەوە.

– هەرزانە، هەندێکیان لە هەزار دۆلار تێناپەڕن، ئەو مۆدێلەیە کە توانای هەڵگرتنی چەک یان مادەی هۆشبەری هەیە، کێشی نزیکەی ١٥ کیلۆگرامە.

 

بەناوبانگترین جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکان کە لەلایەن درۆنەکانەوە هەڵدەگیرێن؟

بەپێی ڕاپۆرتە سەربازییەکان، بەناوبانگترین جۆرەکانی مادەی هۆشبەر کە لە ڕێگەی درۆنەکانەوە بە قاچاخ دەگوازرێنەوە بریتین لە:

حەبی کاپتاگۆن کە بەناوبانگترین جۆرەکانی مادەی هۆشبەری قاچاخن، هەروەها کریستاڵی گرانبەها، جگە لە کۆکاین و حەشیش، لەگەڵ هەندێک چەکی سووک وەک دەمانچە و تەقەمەنی وەک نارنجۆک.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە سەرانسەری جیهاندا بوونەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر دەسەڵاتی ئەمنی، جا چ لە شەڕەکاندا بێت یان لە شوێنێکی تردا و ڕێگریکردن لێیان پێویستی بە هەماهەنگی ئەمنی ئاست بەرزی نێوان وڵاتان هەیە، بەتایبەتی پاسەوانی سنوورەکان.

 

پلەی گەرما دادەبەزێت و بارانیش چەند ناوچەیەکی گرتەوە
پێشت پلەی گەرما دادەبەزێت و بارانیش چەند ناوچەیەکی گرتەوە
نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە
دواتر نرخی نەوت و زێڕ بەرزبووەوە
ەیوەندیدار