قاوە تەنها بۆ خواردن نیە، بۆ بەهێزکردنی کۆنکریتیش بەکاردەهێندرێت



ئەندازیارانی زانکۆیەکی ئوسترالیا ڕێگەیەکی نوێی بەهێزکردنی کۆنکریتیان بە ڕێژەی ٪٣٠ دۆزیوەتەوە، بە تێکەڵکردنی وردە قاوە لە بەرهەمهێنانی کۆنکریت.

ئەندازیارانی زانکۆی تەکنەلۆجیای-RMIT لە ئوسترالیا، توێژینەوەیەکیان بڵاوکردووەتەوە، پاشماوەی قاوەیان گۆڕیوە بۆ بایۆچار، “خەڵوزێکی سووکە هاوشێوەی خەڵوزی ئاسایی”، وەک جێگرەوەی بەشێک لە لمی بەکارهاتوو لە بەرهەمهێنانی کۆنکرێت بەکاریان هێناوە.

دکتۆر شانۆن کیلمارتین لینچ، لێکۆڵەری سەرەکی توێژینەوەکە و توێژەری پۆست دکتۆرا لە زانکۆکە، ڕایگەیاندووە، “بیرۆکەکە لە خواستی کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی قاوە سەریهەڵداوە، هەوڵماندا پاشماوەی قاوە بکەینە شتێکی بەنرختر”.

ئێستا توێژەران هاوکاری ئەنجومەنە ناوخۆییەکان دەکەن لەسەر پڕۆژەکانی داهاتوو وەک دروستکردنی ڕێڕەوی ڕۆیشتن و شۆستە، ئەندازیاران دەڵێن دەتوانێت سوودی بۆ ژینگە هەبێت لە کەمکردنەوەی بڕی وردکراوی قاوە لە زبڵدانەکاندا، هەروەها بڕی لمی بەکارهاتوو لە پیشەسازی بیناسازیدا کەمدەکاتەوە.

بەپێی توێژینەوەی ستراتیژی نیشتمانی، پاشەڕۆی خۆراک نزیکەی ٪٣ی دەردانی گازی گەرمخانەیی ساڵانەی ئوسترالیا پێکدەهێنێت، کە ساڵانە بە مەزەندەکردن ٧٥ هەزار تۆن پاشماوەی قاوەی هەیە.

 

قاوە دەتوانێت کۆنکریت بەهێز بکات

دکتۆر ڕاجیڤ ڕۆیچاند، بەشداربووی توێژینەوەکەى RMIT ڕایگەیاندووە، دروستکردنی بایۆچار پێویستی بە برژاندنی قاوەی بەکارهێنراو لە ٣٥٠ پلەی سیلیزی هەیە، بەڵام بە بێ ئۆکسجین بۆ ڕێگریکردن لە بەرهەمهێنانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ بەرگەهەوای زەوی.

بە گۆڕینی ٪١٥ی ئەو لمەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی لە بەرهەمهێنانی کۆنکرێتدا بەکاردەهێنرێت بۆ بایۆچاری قاوە، بەهێزی کۆنکرێتەکەی بە ڕێژەی ٪٢٩.٣ زیاد دەکات.

لە ڕووی پێکهاتەوە بایۆچاری قاوە خۆی لە خۆڵ وردترە، بەڵام مادەیەکی کونیلەدارە، بۆیە بۆندی چیمەنتۆکە لەناو پێکهاتەی کونیلەداری بایۆچارەکەدا بەهێز دەکات.

توێژەران مەزەندە دەکەن ئەگەر هەموو ئەو پاشماوەی قاوەی کە ساڵانە لە ئوسترالیا بەرهەم دەهێنرێت بگۆڕدرێت بۆ بایۆچار، ئەوا نزیکەی ٢٢٥٠٠ تۆن دەبێت.

لە کاتێکدا بەرهەمهێنانی ٧٢ هەزار ملیۆن تۆن کۆنکرێتی چیمەنتۆ کە لە ئوسترالیا دروستکراوە ساڵانە پێویستی بە نزیکەی ٢٨.٨ ملیۆن تۆن لم هەیە.

کچێکی کورد ڕابەرایەتی گەشتێکی بۆشایی ئاسمانی کرد
پێشت کچێکی کورد ڕابەرایەتی گەشتێکی بۆشایی ئاسمانی کرد
پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و ئەگەری نمە باران هەیە
دواتر پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و ئەگەری نمە باران هەیە
ەیوەندیدار