“ئەمریکا و هاوپەیمانان لە یەکخستنەوەی پێشمەرگە بێ ئومێد بوون”



ڕۆژنامەیەکی عەرەبی باس لە ئەگەری شکستهێنانی هەوڵەکانی ئەمریکا دەکات بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەوەش دەخاتەڕوو کە هۆکارەکەی بۆ ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی دەگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕۆژنامەی “عەرەب” ڕاپۆرتێکی دەربارەی ناکۆکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکردەوە سەبارەت بە پرسی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

ڕۆژنامەکە ڕایگەیاند، کە ئەمریکا هەوڵی چاکسازی دەدات لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ناسنامەیەکی کوردیدا یەکیانبخات، بەڵام بەهۆی پشکپشکێنەی نێوان پارتی و یەکێتی ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووەتەوە.

ئاماژەشیدا بەوەی تێکدانی بنەمای 50 بە 50 لەلایەن پارتییەوە و پەیڕەوکردنی 57 بە 43 لە دابەشکردنی ئیمتیازاتەکاندا، هۆکاری سەرەکی بووە بۆ قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان.

ڕۆژنامەکە نووسیوێتی: “بە هۆی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتییە ئەگەری شکستهێنانی هەوڵەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا بۆ چاکسازی لە ڕیزەکانی پێشمەرگە لە ئارادایە”.

هەروەها دەڵێت: “بێ ئومێدی ڕووی لەو بەرپرسە سەربازاییانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا کردووە کە کار لەسەر چاکسازییەکانی پێشمەرگە دەکەن و نیگەرانن لەوەی سەرکردەکانی کورد دوای ساڵانێك لە هاوکاریی دەرەکی، ئەو هەلە زێڕینە لە دەست بدەن”.

ڕاشیگەیاند، “شکستهێنانی حزبە سیاسییەکانی کورد لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیاندا، شوێنەواری ناڕاستەوخۆ لەسەر پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکان لەگەڵ پشتیوانییە ڕۆژئاواییەکان دروست دەکات”.

ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگەش، ماتیۆ ماكفەرلین، فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە ھەولێر لەبارەی دواکەوتن یان کێشە و گرفت لە چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە هۆشدارییەکی ئاراستەی حکومەتی هەرێم کرد و ڕایگەیاند ھیوادارن، بەرپرسانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەیەکەوە و بە یەکگرتوویی کار بکەن بۆ ئەوەی ئەوان دڵنیاببنەوە لە بەدەستھێنان و گەیشتن بەو ئامانجەی کە لە یاداشتنامەکەدا (لە نێوان ھاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگە) نووسراوەتەوە و ھێزێکی یەکگرتوو دروست بکەن، بۆ ئەوەی ئەو ھێزە بتوانێت کار لەگەڵ ھاوبەشەکانی بکات لە تێکشکاندنی داعش.

نرخی دۆلار گۆڕانکاریی بەسەردا هات
پێشت نرخی دۆلار گۆڕانکاریی بەسەردا هات
ماددەی هۆشبەر، مەترسییە گەورەکە
دواتر ماددەی هۆشبەر، مەترسییە گەورەکە
ەیوەندیدار