کۆنترین قورئان لە ئەفریقای باشوور، گەلێکی پەروەردە کرد



کۆنترین قورئان لە ئەفریقای باشوور مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ پێش ئێستا، لە ساڵانی ١٩٨٠ لە کاتی نۆژەنکردنەوەی مزگەوتی ئاوال لە ئەفریقای باشوور دۆزراوەتەوە، کە بە یەکەمین مزگەوت لە وڵاتەکەدا دادەنرێت.

 

شاری کیپ تاون کۆنترین شاری ئەفریقای باشوور و پایتەختی یاسادانانی وڵاتەکەیە، موسڵمانان لەنێوان ٪٥ بۆ ٪١٠ی دانیشتوانەکەی پێکدەهێنن، بەڵام کەمینەیەکی دیارن.

 

توێژەران پێیان وایە ئیمام عەبدوڵڵای کوڕی قادی عەبدولسەلام کە بەهۆی خۆشەویستی خەڵکەوە بە “توان گورو” یان “مامۆستای مامۆستاکان” ناسراوە، قورئانی بە لەبەر نووسیوەتەوە، پاش ئەوەی وەک زیندانییەکی سیاسی لە دوورگەی تیدۆر لە ئەندەنوسیاوە ڕەوانەی کیپ تاون کرا لە ساڵی ١٧٨٠ بەهۆی پەیوەستبوونی بە بزووتنەوەی بەرخۆدان لە دژی کۆلۆنیالیستەکانی هۆڵەندا.

 

مزگەوتی ئاوال لەلایەن توان گورو لە ساڵی ١٧٩٤ وەک یەکەم مزگەوت لە ناوچەکانی ئێستای باشووری ئەفریقا دامەزراوە، کاسیم عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی مزگەوتەکە بۆ بی بی سی وتویەتی: ” ژێر زەمینەکەی لەڕادەبەدەر تۆزاوی بوو، وا دیاربوو زیاتر لە ١٠٠ ساڵە کەسی تێیدا نەبووبێت، بیناکارەکان سندوقێکی دەقی ئایینییان تێیدا دۆزیەوە کە لەلایەن توان گوروەوە نووسراوە.”

 

باسی لەوەشکرد، لاپەڕەکانی قورئانەکە لێک هەڵوەشاوبوون و ژمارەیان لەسەر نەبوو، مایەی سەرسامی بوو کە جگە لە چەند لاپەڕەیەکی کەم لیوارەکانی دڕابوو ئەوانی دیکە بەشێوەیەکی باش مابوونەوە، هەروەها ئەو ڕەنگە ڕەش و سوورەی کە بۆ نووسینی خەتی ڕێنووسی عەرەبی بەکارهاتبوو بە ڕوونی دەخوێنرایەوە، وەک خۆی مابوەوە.

موسڵمانانی ناوچەکە لە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئەو قورئانە دێرینە کە بە میراتێکی مێژووی ناوچەکە دادەنرێت و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٦٩٤ ڕووبەڕووی ئاستەنگی بوونەوە، بەهۆی ئەوەی دەبوو دڵنیاببنەوە لە ڕیزبەندی دروستی لاپەڕەکان کە زیاتر لە شەش هەزار ئایەتی قورئانیان تێدایە.

 

ئەم ئەرکە لەلایەن مەولانا تەها کاران کە سەرۆکی فەقێی ئەنجومەنی دادوەری موسڵمانی کیپ تاون بوو، بە هاوبەشی لەگەڵ چەند قورئانناسێکی ناوخۆیی ئەنجامدرا، کە سێ ساڵی خایاند تا تەواو بوو.

 

قورئانەکە لە مزگەوتی ئاوال نمیاشکراوە، تا ئێستا سێ هەوڵی سەرنەکەوتووو بۆ دزینی هەبووە، بۆیە ١٠ ساڵ لەمەوبەرەوە لەناو کەیسێکی دژە ئاگر و فیشەکدا لە پێشەوەی مزگەوتەکەدا پارێزراوە.

 

شەفیق مۆرتۆن، ژیاننامەنووسی توان گورو، پێی وایە کە ئەو زانایە لە تەمەنی ٨٠ بۆ ساڵیدا لە کاتی دەستبەسەرکردنی لە دوورگەی ڕۆبن لە ساڵانی شەستەکانەوە تا هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، دەستی بە نووسینی یەکەم دانە لە پێنج نوسخەی ئەو قورئانە کردووە و پاش ئازاد کردنی بەهەمان شێوە بەردەوام بووە لە نووسینەوەی، دەستکەوتەکەی بە مەزن سەیر دەکرێت، چونکە زمانی عەرەبی زمانی یەکەمی توان گورو نەبووە.

 

بەپێی وتەی شەفیق مۆرتۆن، توان گورو دوو جار لە دوورگەی ڕۆبن زیندانی کراوە، یەکەمجار لە ساڵی ١٧٨٠ تا ١٧٨١ کاتێک تەمەنی ٦٩ ساڵ بووە و دووبارە لە نێوان ساڵانی ١٧٨٦ و ١٧٩١.

 

شێخ عویسی، مامۆستای مێژووی ئیسلامی ئەفریقای باشوور کە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی لەسەر قورئانەکانی دەستنووس لە شاری کیپ تاون کردووە، پێی وایە هۆکارەکانی نووسینەوەی قورئان لەلایەن زانایان ئیلهامبەخشین بووە بە کۆیلەکانی دەوروبەری، چونکە تێگەیشتووە لەوەی ئەگەر بیەوێت کۆپییەکی قورئان بنووسێت دەتوانێت گەلەکەی لێیەوە پەروەردە بکات و لە هەمان کاتدا فێری ڕێز و شکۆیان بکات.

 

لە کاتێکدا ئەو سەردەمە کۆلۆنی هۆڵەندییەکان بانگەشەی کتێبی پیرۆز “ئینجیل” یان دەکرد و هەوڵیان دەدا کۆیلە موسڵمانەکان بگۆڕن، هاوکات توان گورو قورئانی دەنووسیەوە و فێری منداڵانی دەکرد و یارمەتی دەدان لەبەری بکەن.

 

ئەگەر بچیتە ئەرشیفەکان و سەیری ئەو کاغەزە بکەیت کە هۆڵەندییەکان بەکاریان هێناوە زۆر هاوشێوەی ئەو کاغەزەیە کە توان گورو بەکاری هێناوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت کە هەمان کاغەز بێت، هەروەها خۆی قەڵەمەکانی لە بامبۆ دروستی دەکرد.

 

توان گورو کتێبێکی خوێندنی عەرەبی ٦١٣ لاپەڕەیی بە ناوی مەعریفەتی ئیمان و ئیسلام “زانینی ئیمان و ئایین” بە لەبەر نووسیوە، کە چیرۆکی خۆڕاگری و کۆڵنەدان دەگێڕێتەوە، ئاستی پەروەردەی ئەو کەسانە نیشان دەدات کە وەک کۆیلە و زیندانی هێنراونەتە کیپ تاون.

 

کتێبەکە ڕێنوێنییەکی بنەڕەتییە بۆ بیروباوەڕی ئیسلامی، بۆ ماوەی زیاتر لە ١٠٠ساڵ بەکارهێنرا بۆ فێرکردنی باوەڕ و ئیمان بۆ موسڵمانانی شاری کیپ تاون، ئێستا لە لایەن بنەماڵەی ڕاکیپ پارێزراوە کە نەوەکانی توان گورون، کۆپییەکی لە کتێبخانەی نیشتمانی لە شاری کیپ تاون هەڵگیراوە.

 

لە پێنج نوسخەی قورئان کە لەلایەن توان گوروەوە دەستنووس کراوە، ئێستا سێ دانەیان ماوەتەوە، دانەیەکیان لە مزگەوتی ئاواڵدایە، دوو کۆپییەکی تر لەلایەن خێزانەکەیەوە پارێزگاری لێدەکرێت.

ئێستا نزیکەی ١٠٠ کۆپی لەو قورئانە بەرهەم هێنراوە، لە مانگی نیساندا یەکێکیان ڕادەستی کتێبخانەی مزگەوتی ئەقسا لە قودس کرا  کە سێیەم پیرۆزترین شوێنی ئیسلامە، لە کاتێکدا چەند دانەیەکی دیکە ڕادەستی کەسایەتییە شکۆدارەکان کراون کە سەردانی مزگەوتەکەیان کردووە.

 

لە مانگی ئایاری ٢٠١٩ گانیف هندریکس، سەرۆکی پارتێکی سیاسی موسڵمان لە باشووری ئەفریقا، ئەلجەماعە، یەکێک لە کۆپیەکانی بەکارهێنا بۆ ئەوەی وەک ئەندامی پەرلەمان سوێندی یاسایی بخوات.

 

هۆڵەندییەکان نەیاندەزانی کە بە دوورخستنەوەی توان گورو بۆ باشووری ئەفریقا دەبنە هاندەرێکی زیاتر بۆ بڵاوکردنەوەی ئیسلام بۆ ئەم بەشەی جیهان، کە ئێستا موسڵمانانی کیپ تاون بە ٤.٦ ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت.

ماددەی هۆشبەر، مەترسییە گەورەکە
پێشت ماددەی هۆشبەر، مەترسییە گەورەکە
تورکیا شەش مەرجی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم داناوە
دواتر تورکیا شەش مەرجی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم داناوە
ەیوەندیدار