حکومەتی هەرێم زانیاری نوێ دەربارەی یەکەکانی نیشتەجێبوون ئاشکرا دەکات



تا ئێستا زیاتر لە ١١ هەزار کەس فۆڕمیان بۆ وەرگرتنی ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی کە حکومەت دروستیان دەکات پڕکردووەتەوە و بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش جەخت دەکاتەوە لەوەی یەکەکان بە شێوەیەکی دادگەریی دابەش دەکرێن، چونکە “ئەم پرۆسەیە ئەلیکترۆنییە و خۆکارانە کار دەکات، داتاکان لە دەستی مرۆڤ دوورن”.

ئێستا فۆرمی دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون کارا کراوە و کرێنشینان و کەمدەرامەتان دەتوانن تاکوو ٣٠ـی مانگی ١١ـی ئەمساڵ، بە ئۆنلایین فۆرمەکە پڕ بکەنەوە. یەکەکان لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە دروست دەکرێن و پاش وردبینی، بەبێ پێشەکی و بە قیستی درێژخایەن دابەش دەکرێن.
توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بە فەرمانگەى میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: “لە دوو هەفتەی ڕابردوودا کە فۆرم کارا کراوە، ١١ هەزار و ١٦٠ کەس پڕیان کردووەتەوە؛ تاکوو ٣٠ى ١١ى ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت”.

ڕوونیشیکردەوە کە “بە پێی داتاى حکومەت نزیکەى ٢٠٠ هەزار خێزانی کرێنشین هەن، جارێ ٩ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون دیاری کراون، بەپێی یاساى نیشتەجێکردن ئەو پرۆسەیە بەردەوامی دەبێت.”
لەبارەى نیگەرانی و پەلەى هاووڵاتییان بۆ زووپڕکردنەوی فۆرمەکان، ناوبراو دڵنیایی دەدات و گوتی: “لەو ٩٠ ڕۆژەدا، هەرکات فۆرم پڕ بکرێتەوە جیاوازی نییە و داتاکان شی دەکرێنەوە، تا ئەوکاتەى سیستەمەکە دادەخرێت. دواتر زانیارییەکان دەنێردرێنە یەکە کارگێڕییەکان و دەپشکێنرێن، لە ڕێگەى دامەزراوە تایبەتەکانەوە پشکنین بۆ زانیارییەکان دەکرێن. دواى گەڕانەوەی ناوەکان گرێبەستیان لەگەڵ دەکرێت و پێیان دەبەخشرێت.” ئەوەشی گوت:” “دروستکردنی یەکەى نیشتەجێبوون بەردەوامی دەبێت و بە پێی پێویستی سندووقی تایبەتی خۆی دەبێت، چونکە بەشێکە لە یاسا و ڕێنماییەکان و کابینەى نۆیەم لە خەمی ئەو پرسەدایە”.
لەبارەى ئەگەری دەستتێوەردان و پاکییەتیی پرۆسەکەوە ڕایگەیاند: “ئەم پرۆسەیە ئەلیکترۆنییە و خۆکارانە کار دەکات، داتاکان لە دەستی مرۆڤ دوورن، بە پێی پێویستیی دیاریکراو دیارى دەکرێن، نمرەدانان بەپێی پێویستی و شیاوییە و دەستتێوەردانی تێدا ناکرێت”.

ڕاشیگەیاند، “دواى تەواوبوونی وادەى پڕکردنەوە، بە کەمتر لە چوار هەفتە زانیارییەکان پاکتاو دەکرێن و کاروبارەکانیان تەواو دەبن، دواى وردبینی لە یەکە کارگێڕییەکانی سەر بە وەزارەت، بڕیاریان لێوە دەدرێت.”
یەکەکانی نیشتەجێبوون، ژمارەیان ٩ هەزار و ٤ یەکەیە و دەکەونە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، زۆرینەشیان دەکەونە پارێزگای سلێمانی؛ بەشێکیان نزیکن لەوەی تەواو ببن و بەشێکیشیان لە بواری جێبەجێکردندان. دابەشبوونی یەکەکان بەمشێوەیەیە: هەولێر ١٣٥٦ یەکە، سلێمانی ٣٨٧٦ یەکە، هەڵەبجە ١٩٢ یەکە، ئیدارەى ڕاپەڕین ٤٢٠ یەکە، ئیدارەى گەرمیان ٣٦٠ یەکە، دهۆک ٢١١٦ یەکە، زاخۆ ٣٢٤ یەکە و ئیدارەى سۆران ٣٦٠ یەکە.

باخچەی منداڵان لە ناو خوێندنگەکان دەکرێتەوە
پێشت باخچەی منداڵان لە ناو خوێندنگەکان دەکرێتەوە
تورکیا دەیەوێت بە بەردێک سێ چۆلەکە لە عێراق بکوژێت
دواتر تورکیا دەیەوێت بە بەردێک سێ چۆلەکە لە عێراق بکوژێت
ەیوەندیدار