ڕێككەوتن لەسەر بەشێكی یاسای نەوت و غاز ڕاگەیەنرا



سەرکردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان ڕایدەگەیەنێت، كە زۆربەی ئەو بڕگانەی مشتومڕ و ناكۆكییان لەسەر بوو لە پڕۆژە یاسای نەوت و گاز تێپەڕێنران و ڕێككەوتنیان لەسەركرا.

تركی جدعان، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئاژانسی (المعلومە) ڕایگەیاندووە، ژمارەی خاڵە هەڵپەسێردراوەکان لە یاسای نەوت و غازدا دەگاتە ١٤ خاڵ، کە نیوەیان لەڕێگەی کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان لیژنە تەکنیکییە تایبەتمەندەکانەوە تێپەڕێنراوە.

ڕاشیگەیاندووە، “پشتیوانی سیاسی لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە هەیە بۆ ئەوەی هەموو ناکۆکی و ئاستەنگەکان تێپەڕێنین بۆ گەیشتن بە قبوڵکردن، کە پشتگیری لە بژاردەکە دەکات بە پەسەندکردنی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا”.

وتوشیەتی، “پەسەندکردنی یاساکە چارەسەری ئاستەنگەکانی قاچاخچێتی و کاریگەریی کۆمپانیا بیانییەکان دەکات و بەشداری دەکات لە گەڕاندنەوەی ئیدارە بەرەو فیدراڵیزم، بە لەبەرچاوگرتنی نەوت و غاز وەک سامان بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق”.

ئاشكراشی كردووە، لە ئێستادا گفتوگۆکان بەڕێوەدەچن، چاوەڕوانیش هەیە لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا ڕاپۆرتێکی سەرەتایی لەسەر قەبارەی ئەو شتانەی بەدەست هاتوون پێشکەشی حکومەت بکرێت بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئەگەری چارەسەرکردنی ئەوەی ماوەتەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان.

نەوت و غاز لەو یاسا گرنگانەن، کە بەهۆی ناکۆکییەکانەوە بۆ ٤ خوولى پەرلەمان دواخراون، حکومەت هێشتا ئامانجی ئەوەی هەیە کە بڕگەی بابەتی دابڕێژێت، کە کۆدەنگی لەسەربێت و ببێتە هۆی پەسەندکردنی.

پڕۆژە یاسای نەوت و غاز یەكێكە لەو پڕۆژە گرنگانەی لە پرسە ناكۆكەكانی نێوان هەولێر و بەغدایە و لە ئێستادا، كە كورد بەشێكی پێكهێنەری ئیدارەی دەوڵەت و حكومەتی نوێی عێراقە بە سەرۆكایەتی سودانی، چاوی لە پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆیەتی لە یاساكەدا، بەجۆرێك مافی لە نەوت و غازدا هەبێت، كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەناردەی كردووە و داهاتی سەرەكی بووە بۆ حكومەتی هەرێم.

بەپێی ڕێككەوتنی پێكهینانی حكومەتی عێراق، هەرێمی كوردستان بەشدار دەبێت لە داڕشتنی پڕۆژە یاسای نەوت و غاز و لە ئێستتاشدا لیژنەیەكی باڵا گفتوگۆ لەسەر داڕشتنی دەكات، كە نوێنەری وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی تێدایە و چەند بەرپرسێكی دیكەی هەرێم لە بەغدا تیایدا بەشدارن.

عێراق و هەرێم میکانزمێکی هاوبەش بۆ هاوردەی ئۆتۆمبێل دادەنێن
پێشت عێراق و هەرێم میکانزمێکی هاوبەش بۆ هاوردەی ئۆتۆمبێل دادەنێن
گوڵستان دەیەوێت ببێتە شاجوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا
دواتر گوڵستان دەیەوێت ببێتە شاجوانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا
ەیوەندیدار