هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پشكی بودجەی هەرێم یەكلایی دەكاتەوە



 

هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، كە حزبە پێكهێنەرەكانی حكومەتی عێراقن بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، كۆدەبێتەوە و جگلە دۆسیەی ئەمنی و ئابووری، گفتوگۆ لەسەر ناردنی پشكی هەرێم لە بودجە و مووچە دەكات و بڕیاری كۆتایی دەدات.

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە 22ی ئاب، سەركردەكانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە بەغدا كۆببنەوە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی (یەكێتی و پارتی) كە پێكهێنەری هاوپەیمانییەكەن و تیایدا گفتوگۆ دەكرێت لەسەر دۆخی سیاسی، ئەمنی، ئابووری و خزمەتگوزاری، جگە لە بابەتی یاسایی و پڕۆژە یاساکان.

بڕیارە شاندی یەكێتی و پارتی بابەتی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان ببەنە نێو کۆبوونەکەوە و لەلایەن سەركردەكانی هاوپەیمانییەكەوە دوابڕیار بدرێت و سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕابسپێردرێت بۆ جێبەجێ‌ كردنی.

پشکی هەرێمی کوردستان لەبودجەی گشتی عێراق بە ڕێژەی 12.67% دیاری كراوە، كە بۆ ئەمساڵ 16.4 ترلیۆن دینارە دەكات، بەڵام تا ئێستتا جگە لە پارەی بەشێكی مووچە، هیچ بڕە پارەیەكی دیكە بۆ هەرێم نەنێردراوە لەكاتێكدا لە مانگی ڕابردووەوە یاسای بودجە كەوتۆتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “هەموو پابەندییەکانی خۆی لە بەرامبەر بەغدا جێبەجێکردووە”.

جەختیشی كردۆتەوە، “هیچ پاساو و بیانوویەک نەماوە لەبەردەم حکومەتی فیدراڵ، کە خەرجکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان لەمە زیاتر دوابخات، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجە بنێرێت”.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق داوایکردوە سەرجەم وەزارەتەکان لیستی مووچەکانیان ئامادەبکەن ‌و دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا مووچەی هەرێم بدرێت، دەبێت ئیدی کاتی ناردنی پارە ڕابگەیەنرێت ‌و دوانەکەوێت‌ و ئێمەش چیدی قبوڵی ناکەین.

جەختیشی كردەوە، دەبێت ئیتر یاسای بودجە بەتەواوی‌ و بێ کەموکوڕی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و پشکی هەرێم لەبودجە بدرێت.

 

بە ڤیدیۆ؛ سێ‌ كەسی خێزانێك لە زێی گەورە خنكان
پێشت بە ڤیدیۆ؛ سێ‌ كەسی خێزانێك لە زێی گەورە خنكان
گواردیۆلا لە مان سیتی دوور دەکەوێتەوە
دواتر گواردیۆلا لە مان سیتی دوور دەکەوێتەوە
ەیوەندیدار