مەسعود بارزانی: تەوژمێك بەنیازە نائومێدی بڵاو بكاتەوە و هەستی نیشتیمانپەروەری لەناو كۆمەڵگە نەهێڵێت



سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، تەوژمێك بەنیازە نائومێدی بڵاو بكاتەوە و هەستی نیشتیمانپەروەری لەناو كۆمەڵگە نەهێڵێت و باسی لەوەشکرد کە و نیەتی لاوازكردنی هەرێم و برسیكردنی خەڵكی كوردستان لەناو بەشێك لە دەسەڵاتدارانی عێراق پەیدا بووە.

لەدرێژەی سەردانەكەیدا بۆ دەڤەری بادینان ئەمڕۆ سێشەممە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان للەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ و پەروەردە و ئاكادیمیەكانی سنووری دەڤەری بادینان كۆبۆوە.

مەسعود بارزانی لە وتەیەکیدا باسی لە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان کرد و جەختی لەوە كردەوە كە هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات بۆ فەراهەمبوونی زەمینە بۆ یەكبوون و یەكدەنگیی نێوان لایەنەكان.

ئەوەشی باس كرد كە جیاوازیی بیروڕا بابەتێكی سروشتیە، بەڵام پێویست دەكات لەسەر ئامانجە ستراتیژی و نیشتیمانییەكان لەنێوان لایەنەكان هاوڕاییەكی تەواو هەبێت.

سەرۆكی پارتی، ئاماژەی بەمێژووی دەوڵەتی عێراق دا كە لەسەر بنەمای شەراكەتی كورد و عەرەب دامەزرا و وتی: “ئەو شەراكەتە پشتگوێخرا و بەشی كوردستان جینۆساید و هەوڵی لەناوبردنی میللەتەكەمان بوو و لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوو ئەو دەرفەتە هاتە پێش كە عێراق لەسەر بنەماكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق و بەپشتبەستن بە دەستوور ژیانێكی تازە دەست پێ بكات، بەڵام دیسانەوە پشت لەو بنەمایانە و دەستوور كرا و نیەتی لاوازكردنی هەرێم و برسیكردنی خەڵكی كوردستان لەناو بەشێك لە دەستەڵاتدارانی عێراقی پەیدا بوو”.

لەدرێژەی قسەكانیدا مەسعود بارزانی باسی لەوە کرد کە “تەوژمێك بەنیازە نائومێدی بڵاو بكاتەوە و هەستی نیشتیمانپەروەری و بەهاكان لەناو كۆمەڵگە نەهێڵێت” و داوای كرد كە مامۆستاكان “ڕووبەڕووی ئەو تەوژمە ببنەوە و كار بۆ قووڵكردنەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری و پێكەوەژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی بكەن”.

كاتی دابەشكردنی مووچەی بەشێكی مامۆستایان دیاریكرا
پێشت كاتی دابەشكردنی مووچەی بەشێكی مامۆستایان دیاریكرا
بانکی ڕافیدەین پێدانی قەرزی پرۆژەی بچووکی ڕاگەیاند
دواتر بانکی ڕافیدەین پێدانی قەرزی پرۆژەی بچووکی ڕاگەیاند
ەیوەندیدار