سەرلەنوێ شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات



ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و پرسی مووچە و یاسای نەوت و غاز لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵیی تاوتوێ دەکات.

خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند سەردانەکەی ئەمڕۆی شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بۆ دوو مەبەستە، یەکەمیان پەیوەستە بە دیاریکردنی کاتی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بۆ مانگەکانی تەمووز و ئاب و دووەمیان تاوتوێکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و غازە لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵیی.

خەلیل غازی وتی: “ئەگەر ڕێکار و کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر بکرێن، ئەوا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ نێوان شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندی حکومەتی فیدراڵیی، کاتی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم بۆ مانگەکانی تەمووز و ئاب دیاری دەکرێت”.

ھەفتەی ڕابردوو شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لە میانیدا لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵیی کۆبوویەوە و بەڵام بەھۆی ناکۆکییەکانیانەوە لەبارەی ڕادەستکردنی داھاتی نانەوتی لەلایەن ھەرێمەوە بە حکومەتی فیدراڵیی نەگەیشتنە ڕێککەوتن.

ھەرچەندە ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە ڕێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیع بڵاوکرایەوە، بەڵام تا ئێستا بەھۆی بەردەوامی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە خەرج نەکراوە.

پێشتریش نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاندبوو کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا جێبەجێ کردووە، بۆیە ئێستا ھیچ بیانوویەک نەماوە بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵیی پشکی ھەرێم لە بودجەدا نەنێرێت.

سیستمی نوێی پێوه‌ری زیره‌ك ده‌كه‌وێته ‌كار
پێشت سیستمی نوێی پێوه‌ری زیره‌ك ده‌كه‌وێته ‌كار
پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی ئاسانکارییە یان ماندووکردن؟
دواتر پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی ئاسانکارییە یان ماندووکردن؟
ەیوەندیدار