١١٥ ھەزار پەنابەری سووری، لە چاوەڕوانی سەقامگیری وڵاتەکەیاندان بۆ گەڕانەوە



نزیکەی دوو ساڵە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پڕۆگرامە مرۆییەکان لە سنووری کەمپەکانی پارێزگای دھۆک کەم بوونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی، نزیکەی ١١٥ ھەزار پەنابەری سووری زیاتر لە ١١ ساڵە لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دھۆک ماونەتەوە و پێیوستییان بە خواردن و دەرمان و پێداویستی دیکەی ڕۆژانە ھەیە.

زیاتر لە ١١ ساڵە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سووریا لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان دەژین و بەھۆی بەردەوامبوونی ناسەقامگیری و کردەوە تیرۆریستییەکان و نەبوونی خزمەتگوزاری لە سووریا، ناتوانن بگەڕێنەوە و ژیانیان تا ڕادەیەک سەخت بووە، چونکە بەرنامە مرۆییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کەم بۆتەوە.


دلیار دارا حەسەن تەمەنی ١٨ ساڵە ئەو کاتەی کە وڵاتی سووریای بەجێھشتووە لە قوناغی یەکی سەرەتایی بوو، ئێستا لە کەمپی دومیز یەکی سنووری‌ پارێزگای دھۆک دەژیت، ئەو ١١ ساڵە لە کەمپە، گلەیی‌ لە ڕێکخراوەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە لەم دوو سێ ساڵە ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ پەنابەرانی ناو کەمپ کەم کردۆتەوە و لە لێدوانێکدا وتی: “زۆربەی گەنجەکانی ناو کەمپ پێویستییان بە ھاوکارییە، ھەروەھا پێویستییان بە کارکردنە، بەڵام کاریان لەناو کەمپ دەست ناکەوێت و وەکو پێویستیش ڕێکخراوەکان ھاوکاریمان ناکەن، خەڵک دەناسم لەناو کەمپ نەخۆشی درێژخایەنی ھەیە، پێویستی بە ھاوکاریی‌ پزیشکییە بەڵام وەکو پێویست ھاوکارییان ناکرێت”.

لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢٠ کەمپ ھەن، پێنج لەوانە کەمپی پەنابەرانی سووریان کە بریتین لە ھەریەک لە کەمپەکانی دۆمیزی یەک، دۆمیزی دوو، بەردەڕەش، گەویلان و ئاکرێ.

پەنابەرێکی دیکە بە ناوی عیماد مشو کە لە ساڵی ٢٠١٣وە لە شاری قامشلووە ھاتووەتە ھەرێمی کوردستان و لە کەمپی دۆمیز یەک دەژیت، لە لێدوانێکدا وتی: “من نزیکەی ١٠ ساڵە لەم کەمپەدا دەژیم، ئێستا زۆربەی زۆری کشاونەتەوە، داواکارین ڕۆژێک لە ڕۆژان دۆخی ئەمنی سووریاش باش ببێت و کێشە سیاسییەکان چارەسەر بکرێن و گرووپە چەکدارەکان تێدا نەمێنن، بۆ ئەوەی ئێمەیش بتوانین بگەڕێینەوە وڵاتی خۆمان”.

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگاری دھۆک، نزیکەی ١١٥ ھەزار پەنابەری سووریایی ھێشتا لە پارێزگای دھۆک ماونەتەوە.

بەرێوەبەری کەمپی دومیز یەک زانا محەمەد ئاماژە بەوەکرد لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٢دا کەمپی دومیز یەک کراوەتەوە، کە بە گەورەترین کەمپ لە سنووری ھەرێمی کوردستان ھەژمار دەکرێت، ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی سووریایی تیایدا نیشتەجێن، لە لێدوانێکی دا وتی: “دەستپێکردنی شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا، کاریگەری ھەبووە لە سەر ئەو ڕێکخراوە مرۆییانەی کە لە کەمپەکان کاریان دەکرد، زۆربەیان کۆتاییان بە ھاوکارییەکان ھێنا و گەڕاونەتەوە ئۆکراینا، زۆرێک لەو‌ سێکتەرە خزمەتگوزارییانەی ناو کەمپ کە لەلایەن ڕێکخراوی جیھانییەکان پاڵپشتییان دەکرا، ئێستا حکوومەت بەڕێوەی دەبات، ڕۆژانەی پەنابەرەکان دێتە ئیدارەی کەمپ و گلەیی دەکەن.

لە دەستپێکی جەنگی سووریاوە لە ساڵی ٢٠١١، سەدان خێزانی سووریایی پەنایان بۆ ھەرێمی کوردستان ھێناوە، بەشێکیان لە کەمپەکاندا دەژین و بەشێکی دیکەشیان ژیانێکی نوێیان لە ناو شارەکاندا دەستپێکردووە، بوونی پەکەکە و دەیان ڕێکخراوی دیکەی چەکداری و ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسی، بەشێک لەو کێشانەیە کە بەربەستن بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بۆ زێدی خۆیان، کەمپی دۆمیزش یەکێکە لەم کەمپە گەورانەیەیە کە دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای دھۆک و زیاتر کە ٢٩ ھەزار کەس لێی دەژین.

حکومەتی هەرێم: کامێرای خاڵ بۆ خاڵ 80% سەرپێچییەکانی کەمکردووەتەوە
پێشت حکومەتی هەرێم: کامێرای خاڵ بۆ خاڵ 80% سەرپێچییەکانی کەمکردووەتەوە
موقتەدا سەدر ئەنجامدانی نمایشی سەربازیی قەدەغە کرد
دواتر موقتەدا سەدر ئەنجامدانی نمایشی سەربازیی قەدەغە کرد
ەیوەندیدار