فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان داوای پێداچوونەوە بە دۆسیەی سزادانی شێروان شێروانی دەكات



فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ داوادەکات، دادگا پێداچوونەوە بە دۆسیەی سزادانی شێروان شێروانیدا بکات و بڕیاری ئەرێنی لەبارەوە بدات.

فیدراسیۆنەکە لە راگەیەنراوێکدا کە ئاڕاستەی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستان و نوێنەری وڵاتان و رایگشتی کردووە رایگەیاندووە، دوای چوار ساڵ زیندانیکردن، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا، دادگای ھەولێر جارێکی دی سزای چوار ساڵی دیکە زیندانی بەسەر ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)دا سەپاند.

دەشڵێت، بڕیاروایە لە داھاتوویەکی نزیکدا، دادگای پێداچوونەوەی ھەولێر وەک پلەی کۆتایی حوکمەکە، چاو بەدۆسیەکەدا بخشێنێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە وەربگرێت، بۆیە پێویستە بەرلە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، لە رێگەی ھەوڵدانی بەیەکەوەیی و دروستکردنی فشاری بەکۆمەڵ کارێک بکرێت کە دادگا پێداچوونەوە بە دۆسیەکەدا بکات و بڕیاری ئەرێنیشی لەبارەوە بدات.

فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ لەسەر ئەو پرسە داواشیان  لە نوێنەرایەتی وڵاتان و رێکخراوەکان کردووە، چالاکی و فشارەکانیان بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی و بڕیاربەدەستانی ھەرێم و دەسەڵاتی دادوەری چڕتر بکەنەوە.

 

بەیاننامە و داواكاری
بۆ:
دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی كوردستان، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان
كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان، یۆنامی و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ
ڕای گشتی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان

دوای چوار ساڵ زیندانیكردن، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا، دادگای هەولێر جارێكی دی سزای چوار ساڵی دیكە زیندانی بە تۆمەتێك، كە تەواوی بەڵگەكان و شاهیدحاڵەكان دەیسەلمێنن هیچ بنەمایەكی ڕاستی تێدانییەو ئەنجامنەدراوە، بەسەر ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)دا سەپاند.

بڕیار وایە لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا، دادگای پێداچوونەوەی هەولێر وەك پلەی كۆتایی حوكمەكە، چاو بەدۆسیەكەدا بخشێنێتەوەو بڕیاری كۆتایی لەبارەوە وەربگرێت، بەر لە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە، بە پێویستمانزانی وەك (فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ)، ئەم بەیاننامە و داواكارییە بخەینە بەرچاوی ئەو دەسەڵات و ناوەندانەی لەسەرەوە ناویان هێنراوە، بە ئامانجی ئەوەی لە ڕێی هەوڵدانی بەیەكەوەیی و دروستكردنی فشاری دەستەجەمعی، بتوانین كارێك بكەین، دادگا بە چاوی دادگەری و ویژدانی مرۆییانەوە، پێداچوونەوە بە دۆسیەكەدا بكات و بڕیاری ئەرێنیشی لەبارەوە بدات.

دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی كوردستان، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان،
هیوادارین لە یەكلاكردنەوەی كەیسی (شێروان شێروانی) لە ئاستی ئەو چاوەڕوانییەدابن، كە بەشی هەرە گەورەی هاوڵاتیانی هەرێم، ئازادیخوازان، سەروەربوونی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، پێش هەموو كەسێك لە ئێوەی دادوەران و دادگاكانی هەرێمی كوردستانی دەخوازێت، هەوڵبدەن دوور لە كاریگەری شەخسی، سیاسی و حیزبی، بە چاوی دادپەروەری و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ئازادی ئینسان، بەر لە (شێروان شێروانی)، لە بەرژەوەندی ناوی پیرۆز و گەورەی قانون و پیشەی دادوەری، بە دۆسیەكەدا بچنەوە و مرۆڤبوون و سەروەری یاسا بكەنە تاكە پێوەری بڕیارەكانتان.

ئەم دۆسیەیە، كە چاوی دونیا و ناوخۆی لەسەرە، دەبێتە تاقیكردنەوەیەكی دیكە لەبەردەم ویژدان و ئەو سوێندەی كە خواردووتانە بۆ پاراستنی دادپەروەری، ڕێزگرتن و داكۆكی لە ماف و ئازادی هاوڵاتیان. هیوادەخوازین بە بڕیارێكی ئەرێنی و مرۆڤدۆستانە سەرەتایەك بۆ كۆتاییهێنان بەو بێ متمانەیی و نائومێدییەی هاوڵاتیان دەستپێبكەن، كە لە بەرامبەر ئەو دامەزراوە قانونییە گرنگەدا بۆیان دروستبووە و، سەرەتایەكی تازەش بێت بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێم.

كونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان، یۆنامی و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ

ئێستا كاتی ئەوە هاتووە بەشێوازی جیاواز و كاریگەرتر، چالاكی و فشارەكانتان بۆ سەر دەسەڵاتی سیاسی و بڕیاربەدەستانی هەرێم و دەسەڵاتی دادوەری چڕتر بكەنەوە، هەم گفتوگۆ، هەم فشاری جددی لە ئاستی ناوەوە و دەرەوەی هەرێمدا دروستبكەن، تا چیتر ئازادی ڕادەربڕین وەك تابوویەك تەماشانەكرێت و ئەو پەراوێزەش لە بوونی ئازادی، كە هەیە، بچووكتر و بەرتەسكتر نەكرێتەوە.

لێرەوە داواتان لێدەكەین لە ئاستی باڵادا ئامادەی بە دواداچوون، دانیشتن و گفتوگۆكانی بڕیاری كۆتایی پرۆسەی دادگایی ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی) بن و بە وردی چاودێری پرۆسەی جێبەجێكردنی دادپەروەری لە كەیسەكەدا بكەن. چاودێری و فشاری ئێوە بۆ ئێستا و داهاتووی ئازادی و مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان گرنگ و پڕ بایەخ دەبێت. چاوەڕوانی ئەوەمان لە ئێوە هەیە، كاری جددی بكەن بۆ ڕێگری لە بڕیاری دووبارە سزادانەوەی ئەو ڕۆژنامەنووسە.

ڕایگشتی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی كوردستان

ئێستا و لەسەروبەندی پێداچوونەوە بە حوكمی ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)دا، كاتی ئەوەیە جارێكی دیكە چالاكی بەرفراوان و كاریگەر دەستپێبكەن. داوا دەكەین، بە ڕێگە و شێوەی جیاواز، ڕووبەری ناڕەزایەتییە مەدەنییەكان گەورەتر بكەن بۆ داكۆكی لە ئازادی ڕدەربڕین و ئازادییە گشتییەكان. دڵنیابن هەر وشەیەك، هەنگاوێك و ناڕەزایەتییەكی مەدەنییانەی ئێوە، دەبێتە هۆكاری نە تەنیا پاراستنی ئەو پەراوێزە لە ئازادی كە هەیە، بەڵكو ئەو ڕووبەری ئازادییە فراوانتریش دەكات.

بە هەماهەنگی ناوەوە و دەرەوەی هەرێم، دەتوانین بە كاری هاوبەش و بەیەكەوەیی، ببینە كارتێكی گرنگی فشار لە قازانجی دۆسیەكەی (شێروان شێروانی)، كە هەمانكات دۆسیەی هەموو دەنگ و ڕەنگێكی ئازاد و خاوەن ویژدانە لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم، هەروەها بۆ ڕاگرتنی هەر ستەم و دەستدرێژییەك، كە ڕەنگە لە داهاتوودا بكرێتە سەر ئازادی و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین، لەوەش خراپتر بە هۆی ئازادی دەربڕینەوە ڕووبەڕووی
لێپرسینەوەی سیاسییانە ببینەوە.

لە ئێستادا دۆسیەی (شێروان شێروانی)، دۆسیەی ئازادییە، دۆسیەی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕینە، بۆیە هەر قسە و هەڵوێستێك لەبارەی ئازادی ئەو ڕۆژنامەنووسە، هاوكات هەوڵدانە بۆ داكۆكی لە ئازادی بە مانا فراوان و گشتییەكەی.

ئازادی بۆ دەنگە ئازا و ئازادەكان
فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ (ڕۆنووس)

16ی 8ی 2023

 

 

پارەیەكی دیكە لە بەغداوە گەیشتە هەرێم و دابەش دەكرێت
پێشت پارەیەكی دیكە لە بەغداوە گەیشتە هەرێم و دابەش دەكرێت
بانكی ناوەندی هۆكاری گران بوونی نرخی دۆلاری ئاشكراكرد
دواتر بانكی ناوەندی هۆكاری گران بوونی نرخی دۆلاری ئاشكراكرد
ەیوەندیدار