گەرمای ناوەڕاست و باشووری عێراق، کەرتی گەشتیاری هەرێمی کوردستانی بووژاندووەتەوە



گەشتیارێکی زۆر کە بە هۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی ماوەی هەفتەیەکە سەرانسەری عێراقی گرتووەتەوە، لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ڕوویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای دھۆک لەم چەند ڕۆژەی کە پلەکانی گەرما لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق ٥٠ پلەی سیلیزی تپێپەڕاندووە، جمەیان دێت و لە ئێستادا ڕۆژ بەڕۆژ بە پاسە گەشیارییەکان و یان ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانیان ڕوو لە سەیرانگاکانی پارێزگای دھۆک دەکەن.

یەکێک لەو کەرتانەی کاریگەریی زۆری لەسەر بووژانەوەی ئابووری ھەرێمی کوردستان ھەیە کەرتی گەشتوگوزارە و لەو چوارچێوەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاریی و هانی خاوەنکار و سەرمایەگوزارانی ئەو کەرتە دەدات کە بتوانن پەرە بە کەرتەکە بدەن.

ھەر لە ڕێگەی سەرەکی دھۆک- ئامێدی کە بە ئاراستەی سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەکانە، قەڕەباڵغی ڕێگاوبان دیار دەکەوێت و گەشتیارێکی زۆر دەبینرێت کە کۆتایی هەفتە بڕیاریان داوە ڕوو لە هەوارگە و سەیرانگاکانی هەرێم بکەن.

ھاووڵاتییەکی خەڵکی کەربەلا بە ناوی سادق حسین کە لەگەڵ کەسوکاری سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی پارێزگای دھۆک-یان کردووە دەڵێت: “کەشوھەوای ئێرە زۆر دڵڕفین و خۆشە و کاتی زۆر خۆش لێرە بەسەر دەبەین ئێمە لە گەرما و لە ٥٠ پلەی سیلیزی ڕامان کردووە و بۆ ئێرە ھاتووین و لە ھاووڵاتییانی ئامێدی زۆر ڕازین. ئێرە وەک بەھار وایە”.

گوتیشی: “لێشاوی ئەم ھەموو گەشتیارە بۆ ھەرێمی کوردستان نیشانەی باشی پەیوەندیمانە بەڵام ھێواخوازم بەرپرسانی دەڤەرەکە زیاتر پەرە بە ناوچە گەشتیارییەکان بدەن و خزمەتگوزارییەکان زیاتر بکرێت”.

ھاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی پارێزگای واست بە ناوی حەسەن عەلی باسی لەوە کرد کە ئەوان ساڵانە لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاوین، تا مانگی نۆیش، سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی ئەم سنوورە دەکەن و گوتی: “کەشوھەوا لە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان، زۆر فێنک و خۆشە، ھەر ئەوە وای کردووە کە لەم ھاوینە گەرمەدا سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێم بکەین”.

خاوەنی مەلەوانگەی سوڵاڤ لە ئامێدی، سدیق ئەحمەد سەعدوڵڵا لەبارەی ھاتنی گەشتیارێکی زۆر بۆ سەیرانگەکەیان دەڵێت: “ئەم گەشتیارانە لە باشووری عێراق بەتایبەتی لە بەغدا، بەسرە و مووسڵ لە گەرمای تاقەت پڕووکێن ھەڵدێن و ڕوو لە سەیرانگاکانی ئێمە دەکەن”.

سدیق ئەحمەد گوتیشی: “ماوەی چەند ڕۆژێکە پلەکانی گەرما زۆر بەرز بوونەتەوە بۆیەش ئەم خەڵکە بە لێشاو ڕوو لە شوێنە گەشتیارییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن. بەراورد بە مانگی ڕابردوو لە سەدا ٨٠ی گەشتیاری ئەم سەیرانگەیە زیادی کردووە”.

گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگۆزاری پارێزگای دھۆک، رێوار محەمەد رەشید لەو بارەوە رایگەیاند: “ھەرچەندە ھاتنی گەشتیاران بۆ پارێزگای دھۆک ھەر لە سەرەتای وەرزی بەھارەوە تا ئێستا بەردەوام ھەبووە بەجۆرێک ئەمساڵ تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن گەشتیار سەردانی ئەم پارێزگایەیی کردووە. زیادبوونی پلەکانی گەرما لە باشووری عێراق و ھەندی ناوچەی ھەرێمی کوردستان ئەم رێژیە زیاتریش دەکەت ئەمەش لە کاتێکدایە بەتایبەتی ھاوڵاتییانی باشووری عێراق لە گەرمای تاقەت پرۆکێن ھەڵدێن و رووی لە سەیرانگەکانی ئەم دەڤەرە دەکەن”.

رەشید ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە پارێزگای دھۆک نزیکەی ٢٥٠ ھاوینگە و ٩٠٠ بنکەی گەشتیاری ھەن و زیاتر گوتی: “دھۆک یەکێکە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان کە لە رووی جیوگرافی شاخاویە و ساڵانە زۆربەی ئەو گەشتیارانەی دێنە ھەرێمی کوردستان سەردانی ئەم پارێزگایە دەکەن بەجۆرێک لە ساڵی ٢٠٢٢، دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار گەشتیار سەردانی ئەم پارێزگایەی کردەووە”.

رۆژی سێشەممە ٨ی مانگ دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشبینییەکانی خۆی لەبارەی رەوشی کەشوھەوا بۆ ئەم ھەفتەیەی بڵاوکردبووەوە و ڕایگەیاندبوو پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما لە عێراق زیاتر بەرزببنەوە کە تا کۆتایی ئەم ھەفتەیە بەردەوام بێت.

بەپێی راگەیەندراوەکە، بەرزترین پلەکانی گەرما لە ھەریەک لە پارێزگاکانی بەسرە، میسان، زیقار و موسەننا تۆمار دەکرێت کە ٥٠ پلەی سەدی تێدەپەڕێنێت.

تەقینەوەیەک لە ئەمریکا ڕوویدا
پێشت تەقینەوەیەک لە ئەمریکا ڕوویدا
بۆ دەربازبوون لە گەرما، هاووڵاتیان بە لێشاو ڕوو لە چەم و ڕووبارەکان دەکەن
دواتر بۆ دەربازبوون لە گەرما، هاووڵاتیان بە لێشاو ڕوو لە چەم و ڕووبارەکان دەکەن
ەیوەندیدار