بۆ دەربازبوون لە گەرما، هاووڵاتیان بە لێشاو ڕوو لە چەم و ڕووبارەکان دەکەن



لەم وەرزەدا، مانگەکانی تەمووز و ئاب دوو مانگی گەرمن لە نیوەگۆی باکووری زەوی و زۆربەی شەپۆلەکانی گەرما لەم دوو مانگەدا دەبێت.

مانگی پێشوو کە مانگی تەممووز بوو، لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد، کە بەپێی زۆرێک لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوە جیهانییەکانی بواری کەشناسی یەکێک بوو لە گەرمترین مانگەکانی تەممووزی١٠٠ ساڵی ڕابردوو.

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمی کارەبای نیشتمانیی لەم وەرزەدا، بەشێک لە هاووڵاتیان بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان و خۆ فێنک کردنەوە ڕوو لە سەیرانگاکان و ڕووبار و چەمەکان دەکەن.

گوندی بێستان سوور سەربە ناحیەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی، بەهۆی بوونی سەرچاوەی زۆری ئاوی سازگار و نزیکی لە شاری سلێمانییەوە، خەڵکێکی زۆر لەم وەرزی گەرمایەدا سەردانی دەکەن.

ئاریاس ئاوات محەمەد کە یەکێکە لەو کەسانەی لەگەڵ هاوڕێیانی سەردانی ناوچەکەی کردووە، باسی لەوە کرد کە لەتاو گەرما و بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش هاتوون بۆ چەمی بێستان سوور.

ئاریاس باسی لەوە کرد کە ساڵانە خەڵکێکی زۆر سەردانی بێستان سوور دەکەن بۆ سەیران و گەشتوگوزار، بەڵام بە داخەوە خزمەتگوزاری نییە، ئەگەر هەیبێت ژمارەیەکی زۆرتر خەڵک سەردانی دەکەن و گوتی: ”بەهۆی گەرماوە هاتووین بۆ بێستان سوور. ئێرە کەشوهەوایەکی خۆشی هەیە، سەیرانگایەکی خۆشە. لەم گەرمایەدا مەلە دەکەین و خۆمان فێنک دەکەینەوە”. ​​​​​​​

بەرزی پلەکانی گەرما لە عێراق زۆر کات ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات، بەپێی ڕاپۆرتە جیهانییەکان هەندێک ناوچەی عێراق بەرزترین پلەی گەرمای هەیە لەسەر ئاستی جیهان کە ٥٠ پلەی سەدی تێپەڕاندووە و پێشبینی دەکرێت تا چەند ڕۆژێکی دیکە بەردەوام بێت و کاریگەرییەکانی زیاد بکات.​​​​​​​

ڕۆژی یەکشەی ڕابردوو، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی، ئاسۆ کەمال، ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکرێت لە رۆژی دووشەممەوە پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان بە ڕوو لە بەرزبوونەوە بکات و هەتا کۆتایی هەفتە بەردەوام بێت و پاشان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دووبارە ڕوو لە دابەزین بکاتەوە.

گەرمای ناوەڕاست و باشووری عێراق، کەرتی گەشتیاری هەرێمی کوردستانی بووژاندووەتەوە
پێشت گەرمای ناوەڕاست و باشووری عێراق، کەرتی گەشتیاری هەرێمی کوردستانی بووژاندووەتەوە
نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دابەزی
دواتر نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دابەزی
ەیوەندیدار