سیستمی ئەلکترۆنی پاسپۆرت کێشەی هەیە و نرخەکەشی زۆر زیادکراوە



پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق بەدواداچوون بۆ سیستمی نوێی پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی دەكات و سەردانی پاسپۆرتی سلێمانی دەكات و دەڵێت: “سیستمەكە كێشەی زۆرە و نرخەكەشی زۆر زیادكراوە.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، “بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ سیستمی نوێی پاسپۆرتی ئەلکترۆنی سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاسپۆرتی سلێمانیم کرد و لەگەڵ عەمیدی مافپەروەر کاک سالار گفتوگۆی کەموکوڕی و پێداویستیەکانی ئەم سیستمە نوێیەمان کرد”.

ڕاشیگەیاند، لەبەسەرکردنەوەی قۆناغەکانی دەرکردنی پاسپۆرتی ئەلکترۆنی دەرکەوت لەئێستادا دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوەیە، کە تەنها پێنج شەممان یەک کاتژمێر دەکرێتەوە و ناو بۆ پێنج ڕۆژی هەفتە تۆمار دەکرێت و ڕۆژانە ١٥٠ کەس قبوڵ دەکات بۆ دەرکردن و نوێکردنەوەی پاسپۆرت لەکاتێکدا پێشتر دواین ڕۆژ پاسپۆرتی سلێمانی ١٤٠٠ پاسپۆرتی دەرکردووە بۆ هاوولاتیان.

ئاشكراشی كرد، جگە لەوە، تێچووی پاسپۆرت لە ٢٥ هەزار دینارەوە بەرزکراوەتەوە بۆ ٩١ هەزار دینار، كە سوودی زۆری ئەم پارە زیادە بۆ کۆمپانیاکەیە، کە ئەم سیستمەی هێناوە.

دەشڵێت: “پێدانی ئەو بڕە پارە بە کارتی بانکی وەردەگیرێ، ئەوەش کێشەی زۆری دروست کردووە، یەک هاووڵاتی باسی لەوەکرد بۆ پێدانی ئەو بڕە پارە چوار کاتژمێری پێچووە”.

جەختیشی كردەوە، ئەم سیستمە نوێیەی دەرکردنی پاسپۆرت کێشەی زۆرە و هاووڵاتیان لێی نیگەرانن سەرەڕای زیادکردن و زۆری تێچووەکەی.

قوباد تاڵەبانی: نابێت هاووڵاتیان باجی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بدەن
پێشت قوباد تاڵەبانی: نابێت هاووڵاتیان باجی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بدەن
وەزارەتی دارایی عێراق داوایەک لە پارێزگاکان دەکات
دواتر وەزارەتی دارایی عێراق داوایەک لە پارێزگاکان دەکات
ەیوەندیدار