دواین زانیاری لەسەر گۆڕانكاری لە پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران



 

پەرلەمانتاران جەخت لە گۆڕانكاری لە پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران دەكەن بە مەبەستی بەدیهێنانی دادپەروەری لە مووچەی نێوان وەزارەتەكان و زیادكردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی پلەكانیان نزمە لە پلەندی مووچەدا و ڕایدەگەیەنن، ئەنجوومەنی وەزیران كاری لەسەر دەكات و تا ئێستا بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە.

بەپێی پڕۆژەی پلەبەندی نوێی مووچە، مووچەی فەرمانبەران زیاد دەكرێت و كەمترین مووچەی بنەڕەتی دەبێتە 450 هەزار دینار لەگەڵ پێدانی دەرماڵەی مەترسی بۆ سەرجەم فەرمانبەران و زیادكردنی دەرماڵەی هاوسەر و منداڵ.

فیراس مەسلەماوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە، لیژنەیەک لە دیوانی سەرۆک وەزیران پێکهێنراوە، کاردەکات بۆ ئامادەکردنی لیستێکی یەکگرتو بۆ مووچەی فەرمانبەران، بەڵام بەهۆی كورتهێنانی بودجەی گشتی عێراقەوە، كە بڕەكەی زیاتر لە 64 ترلیۆن دینارە، لیژنەكە پەكیكەوتووە و پێویستی بە كاتی زیاترە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “لیژنەکە نەگەیشتۆتە ئەنجامی کۆتایی بۆ هەموارکردنەوە و یەکخستنی لیستی مووچەی فەرمانبەران، هەروەک کاردەکات بۆ چارەسەرکردنی کەمترین مووچە لە وەزارەت و دەستە و دامودەزگاکانی دەوڵەت”.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) یەكێك لە پێشنیارەكان ئەوەیە بڕی 50%ی دەرماڵە بخرێتە سەر مووچەی بنەڕەتی سەرجەم فەرمانبەران تا ئەو كاتەی پلەبەندی نوێی مووچە پەسەند دەكرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بەشێوەی پلەبەندی مووچەی بنەڕەتی زیادكراوە، كە بۆ پلە 10 بڕی 250 هەزار دینار خراوەتە سەر مووچەی بنەڕەتی و بۆ پلە 9 بڕی 220 هەزار و پلە 8 بڕی 200 هەزار و هەتا پلەكەی بەرزتربێت و مووچەی زیاتر بێت بڕی زیادكردنەكە كەمتر دەبێتەوە.

لای خۆشیەوە،، محەمەد قوتەیبە بەیاتی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی (المگلع) ڕایگەیاندووە، ئەنجوومەنی وەزیران تا ئێستا ڕازی نەبووە و بڕیاریشی نەداوە سەبارەت بە هەموارکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە ڕێگەی ئامادەکردنی یاسایەکی نوێی پلەبەندی مووچە، هەرچەندە گفتوگۆی زۆری لەسەر كردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “پەرلەمان پڕۆژە یاسای پلەبەندی مووچەی نییە، چونكە بڕیارەکە پەیوەندی بە حکومەتەوە هەیە، بەلام پەرلەمان ڕێگرنییە لە پەسەند كردنی ئەگەر حكومەت پڕۆژە یاساكە ڕەوانە بكات”.

ڕوونیشیکردەوە، “فایلی پلەبەندی مووچەی فەرمانبەران لەژێر گفتوگۆدایە، هیچ پێشهاتێکیش سەبارەت بەو بابەتە نییە”.

پلەبەندی مووچە لە سەرەتای ساڵی 2023دا خرایەوە بەرباس دوای ئەوەی ماوەی نزیكەی دوو ساڵە لەسەر ئاستی حكومەت و پەرلەمان كاری لەسەر دەكرێت بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری لەنێوان مووچە و دەرماڵەی وەزارەتەكان و ئەنجوومەنی وەزیرانیش لیژنەیەكی باڵای لە وەزارەتی دارایی و پلاندانان و ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێكهێناوە تاوەكو مووچەی پلە نزمەكان زیاد بكرێت و دەرماڵەكان یەكبخرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارەی زۆری پێویستە تا ئێستا حكومەتی عێراق بڕیاری كۆتایی لەبارەوە نەداوە.

موزر كروی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ ئاژانسی (المعلومە) ڕایگەیاندووە، پلەبەندی مووچە تا ئێستا لەبەردەمی حكومەتدایە و لیژنەیەكی باڵا تایبەتمەندە بە دووبارە داڕشتنەوەی بەشێوەیەكی ورد.

ڕاشیگەیاندووە، خستنەوەڕووی ئەو بابەتە لە ماوەیەكی نزیكدا ئەگەرێكی دوورە، چونكە پێویستی بە ژمارەیەك دۆسیەی ترە وەك دانانی نەخشەڕێگایەك بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و یەكسانی لەنێوان ملیۆنان فەرمانبەر، كە چەندین ساڵی دوور و درێژە دەناڵێنن بەدەست جیاوازی مووچە و شایستە داراییەكانیانەوە لەنێوان وەزارەت و فەرمانگەكاندا.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لیژنەی دارایی پاڵپشتی پلەبەندی مووچە بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت دەكات، تاوەكو لێهاتوویی و شارەزایی و ساڵانی خزمەت پێوەری سەرەكی بێت بۆ دیاری كردنی مووچە نەك شتی دیكە.

هاوكات، عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند: “پلەبەندی مووچە جیایە لە بودجەی دارایی و هاتنەبەری هاوكات بووە لەگەڵیدا، پلەبەندی مووچەپەیوەندی بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە هەیە”.

بە وتەی :”عەتوانی كەمترین مووچەی بنەڕەتی بۆ هەر فەرمانبەرێك قبوڵ ناكەین لە 400 هەزار دینار كەمتر بێت، پلەبەندی نوێی مووچەش مامەڵە لەگەڵ مووچەی بنەڕەتی و نزمترین پلەی وەزیفیدا دەكات”.

عەتونی دەڵێت : “دەرماڵەی 50% و 30% وەكو دەرماڵەتی مەترسی، هاوسەرگیری، دەرماڵەی ژیان، بڕوانامە و ئەوانی تر هەیە، ئەمانە دەتوانرێت كۆبكرێنەوە و لەلایەن فەرمانبەرەوە بەدەستبهێنرێت، جگە لە مووچەی بنەڕەتی”.

لە یەك مانگدا لە سلێمانی 526 كەس بووژانەوەی دڵیان بۆ كراوە
پێشت لە یەك مانگدا لە سلێمانی 526 كەس بووژانەوەی دڵیان بۆ كراوە
بانکێک پێشینەیەکی ٢٥ ملیۆنی دەداتە هاووڵاتیان
دواتر بانکێک پێشینەیەکی ٢٥ ملیۆنی دەداتە هاووڵاتیان
ەیوەندیدار