دڵشاد عەبدولڕەحمان: فەرمانبەران لەژێر سایەی هاوپەیمانەكانی عێراقی یەكێتی و پارتی بێ‌ مووچەن



وەزیرێكی پێشووتری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەخنە لە یەكێتی و پارتی دەگرێت، كە “لەژێر سێبەری حكومڕانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، فەرمانبەرانی هەرێم بێ‌ مووچەن” و دەشڵێت: “پەرلەەمانتارانی كورد لە بەغدا بایكۆتی پەرلەمان بكەن”.

دڵشاد عەبدولڕەحمان، چاودێری سیاسی و وەزیری پێشووتری پەروەردەی هەرێم لە نووسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بەناونیشانی “بەغدا و كورد و مووچە” ڕایگەیاندووە، سەیرە، یەكێتی و پارتی، بەشێكن لەهاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت، كەچی لەژێر سێبەری حوكمڕانی ئەم هاوپەیمانیەدا، فەرمانبەرانی هەرێم ئاوا بێ مووچە و سەرچاوەی بژێوی ژیان دەكرێن و كورد ووتەنی ئەوانیش مێش میوانیان نیە.

ڕاشیگەیاندووە، “بەغدا هەر سەرنجێكی لەسەر جێبەجێنەكردنی پاپەندییەكانی هەرێم هەبێ ئەوە نابێتە پاساوی نەناردنی مووچەی فەرمانبەران”.

دەشڵێت: “ئەگەر پەرلەمانتارانی كورد بەجیاوازی حزبەكانیانەوە خۆیان بەنوێنەری خەڵكی هەرێم دەزانن هەق وایە دوامۆڵەت بۆ حكومەتی فیدڕاڵ دابنێن بۆ ناردنی مووچە، ئەگەر نەینارد ئەوا بایكۆتی پەرلەمان بكەن نەك یەك یەك و دوو دوو بچن سێڵفی لەگەڵ سودانی بگرن و مژدەی بێ بنەما بە فەرمانبەرانی هەرێم بدەن”.

جەختیشی كردۆتەوە، “پارتی و یەكێتیش نوێنەرانیان لەحكومەت و دەزگا فیدڕاڵیەكان بكشێننەوە. ئەوەی بەغدا دەیكا سوكایەتیە بە خەڵكی كوردستان”.

درۆنێکی بێ مۆڵەت خرایە خوارەوە
پێشت درۆنێکی بێ مۆڵەت خرایە خوارەوە
کردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دواخرا
دواتر کردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دواخرا
ەیوەندیدار