هەواڵی مووچەی هەرێم چووە میدیا عێراقیەكانیشەوە



فەرمانبەران و خانەنشینان و سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی دوو مانگیان وەرنەگرتووە و سەرەڕای لێدوانی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم بۆ دەستی بە دەستی پێكردنی دابەشكردنی مووچە و هەواڵی بەپەلەی سایت و سۆشیال میدیاكان، هەواڵی بەپەلەی مووچەی هەرێم چووە میدیا عێراقیەكانیشەوە.

لەدوای ڕاگەیاندنی ئابووری سەربەخۆ لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014ەوە و بڕیاری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت، هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2015ەوە تووشی قەیرانی دارایی و دواكەوتن و نەدانی مووچە بووەوە و مووچەی چەندین مانگ بە پاشەكەوت و لێبڕین درا و مووچەی چەندین مانگیش هەر نەدرا ئەمە جگە لە ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی مەدەنی.

بەهۆی دواكەوتن و نەدان و پاشەكەوت و لێبڕینی مووچەوە، ئیتر بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دواتریش ناردنی جاروباری پارە لە بەغداوە بوون بە هەواڵی بەپەلەی میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان و تا ئێستاش بەردەوامە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، چەند ڕۆژێكە هەواڵی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بووە بە بابەتی هەواڵی بەپەلەی میدیا عێراقییەكان و ئەوانیش هەر یەكەی بەجۆرێك باس لە كاتی دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكەن، كە ئێستا مووچەی مانگی 6 و 7یان وەرنەگرتووە.

ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 31ی‌ ته‌مموزی‌ 2023 ئاژانسی‌ (بغداد الیوم) له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی هه‌رێم بڵاویكرده‌وه،‌ كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ لیستی‌ مووچه‌ی‌ مانگی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی‌ ته‌واو كردووه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: “ڕۆژی‌ چوار شەممە و پێنج شه‌ممه ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌كرێت”.

هەرچەندە تا ئێستا كه‌س نازانێت كەی مووچه‌‌ دابه‌شده‌كرێت، حكومەتی هەرێمیش خۆی لە بەرپرسیارێتی دابەشكردنی مووچە لادەدات سەرەڕای بوونی داهاتێكی زۆری ناوخۆ و چەندین جاریش لەسەر زاری وتەبێژی حكومەت و وەزیری داراییەوە ئەوە دووپات كراوەتەوە، كە “دابەشكردنی مووچە لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە بەو پێیەی نەوت ڕادەستی عێراق كراوە و ناتوانین بە داهاتی ناوخۆ مووچە بدەین”.

لەدوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لە مانگی ئازاری ڕابردوودا و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، لە مانگی نیسان هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێم ڕێككەوتن بۆ ڕادەستكردنی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی عێراقەوە و بەوەش محەمەد شیاع سودانی وتی، “بەرپرسیارێتی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هەڵدەگرین”.

لە ماوەی مانگی ڕابردووەوە چەندین شاندی هەرێم چوونەتە بەغدا و دواین جار هەفتەی ڕابردوو شاندی هەرێم و عێراق كۆنووسی ڕێككەوتنیان واژۆ كرد بۆ جێبەجێ‌ كردنی بودجە، بەڵام تا ئێستتا فەرمانبەرانی هەرێم لە چاوەڕوانی پارەكەی بەغدا ماونەتەوە و حكومەتی هەرێمیش ئامادە نییە لە داهاتی ناوخۆ مووچە بدات و دەڵێت: “بەپێی یاسای بودجە دەبێت نیوەی بدرێت بە عێراق”.

 

لیستى ناوی ئەوانەی فۆڕمیان لە كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان پڕكردۆتەوە بڵاوكرایەوە
پێشت لیستى ناوی ئەوانەی فۆڕمیان لە كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان پڕكردۆتەوە بڵاوكرایەوە
مۆلیدەكانی سلێمانی: بەو بڕە پارەیەی وەزارەتی شارەوانی پابەند نابین
دواتر مۆلیدەكانی سلێمانی: بەو بڕە پارەیەی وەزارەتی شارەوانی پابەند نابین
ەیوەندیدار