فەهمی بورهان: دروستكردنەوەی لیژنەی مادەی 140 دەرفەتێكی باشە



 

سەرۆكی دەستەی ناوچەكوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەچاوپێكەوتنێكدا ڕایدەگەیەنێت، ئەو ئیرادانەی تاقیكرانەوە لەڕابردوو دەركەوت ناتوانن عیراق بگەیەنن بەكەناری ئارام بۆیە جارێكری تر لایەنە عیراقییەكانیش گەڕانەوە بۆ سیاسەتی چەپكە گوڵەكەی مام جەلال.

فەهمی بوڕهان بەتۆڕی میدیایی (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ناتوانین ئاستی چاوەڕوانی بەرزبكەینەوە، بەڵام سەرەتایەكی باش دەست پێكراوە لەحكومەتی نوێی عێراق، درووستكردنەوەی لیژنەی ماددەی ١٤٠یش دەرفەتێكی نوێیە بۆ چارەسەری كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەهەمان كاتدا هەموو ئەو كوردانەی بەبڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی سەركردایەتی رژێمی پێشووی عیراق لە كەركوك دەركران و دوورخرانەوە تائیستا قەرەبوونەكراونەتەوە، قەرەبوو دەكرێنەوە لەداهاتوویەكی نزیكیشدا ئالیەتی قەرەبووكردنەوەكەش ڕادەگەیەنرێت.

هەڵپەساردنی كارەكانی لیژنەی ماددەی ١٤٠ چ زیانێكی هەبووە؟

فەهمی بوڕهان: زیانەكانی پەكخستنی ئەركەكانی لیژنەی ماددەی ١٤٠ زۆر بەڕوونی دیار بوون، لەگەڵ ئەوەی كەم تازۆر لیژنەكە كاری دەكرد بەڵام زیاتر سەرنجی لەسەر ناوچەكانی تر بووە كەمتر لەسەر ناوچەكوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بووە، كاتێك لیژنەكە بۆ جێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠ درووستكرا و دواتریش كارەكانی خۆی هەڵدەپەسێرێت و ئەركەكانی جێبەجێ ناكات بەدڵنیاییەوە ڕۆژبەِرۆژ گرفت و كێشەكانی ئێمە زیاتر دەبوو، لەزۆر ناوچەی كوردستان زێدەڕۆی دەكرا سەر زەوییە كشتووكاڵییەكانمان و ڕێگری دەكرا جووتیارانمان بەرووبومەكان كۆبكەنەوە، لەپارێزگاكانی تر خەڵك دەهاتە دەشتی نەینەوا و كەركوك و خانەقین، ئەوە دۆخی شنگالیش هەموومان دەزانین چۆن بووە، بۆیە كاتێك لیژنەی ماددەی ١٤٠ درووست دەكرێتەوە كۆمەڵ پەیام لەخۆ دەگرێت لەوانەش جەخت دەكرێتەوە ماددەی ١٤٠ ماددەیەكی دەستووری هەمیشەییە و وەكو خۆی ماوە پێویستی بەلیژنەیەكە ئەركەكانی جێبەجێ بكات، هەرپرۆژەیەكیش هەبێت بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت پێویستی بەپاڵپشتی دارایی هەیە، ئەو لیژنەیەش لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٢ بوودجەی بۆ تەرخان دەكرا و هاوڵاتیانی كورد و عەرەبی هاوردە كە هاتبوونە ناوچە كوردستانیەكان قەرەبوو دەكرانەوە و دەگەڕێندارنەوە شوێنەوەكانی پێشووی خۆیان ، ئێستاش ئەو لیژنەیە كە درووستكراونەتەوە و بڕیارە لەبوودجەی ٢٠٢٣ بووجەی خەمڵێنراوی بۆ تەرخان بكرێت ئاماژەن بۆ دەرفەتی نوێ كە چیتر كێشە و گرفتەكانی ناوچەكوردستانیەكان بەم شێوەیە نامێنن.

ئومێد هەیە لایەنەكان بەیەكەوە كێشەكان چارەسەر بكەن لەعێراق؟
فەهمی بوڕهان: كۆبوونەوەی لایەنەسیاسیەكانی عێراق بەكورد و شیعە و چوونە كە لەسەر بانگهێشتی سەرۆك بافل تاڵەبانی ئەنجامدرا لەماڵی مام، ١٠ ساڵی ڕابردووی بیرخستینەوە كە سەرۆك مام جەلال بەپەرۆشیەوە سەڕەڕای ناكۆكیەكانی لایەنەكان هەمووانی كۆدەكردەوە كە ئەوكاتە كاتی زێڕین بوون، ئێستاش كۆكردنەوەی لایەنەكان لەگەڵ یەكتر دەرخەری ئەو ڕاستیەن كەوا یەكێتی وەكو هێزێكی كاریگەر و بنچینەیی لەخەباتی دیموكراسی و مەدەنی دەتوانێت هەمان ڕۆڵ ببینێت كە لەسەردەمی سەرۆك مام جەڵال هەیبووە، لەگەڵ ئەوەی لایەنەكانی لەحكومەت بەشدارن لەكۆبوونەوەكە بوون، جێگای خۆشحاڵی بوو كەوا كوردیش بەیەك گوتار و ئەجێندا بەشداری كرد، ئەمەش دەرفەت و ئاماژەیەكی گرنگە كەوا پێمان دەڵێت لەماڵی مام فەلسەفەی چەپكە گوڵەكە و ڕوئیایی مام بۆ چارەسەر كێشەكان بوونی هەیە، بڕواشم وایە خەڵكی كوردستانیش ئومێدی بە كۆبوونەوەكە هەیە و چاوەڕێین كۆبوونەوەكە ئامانجەكانی خۆی لەم بڕیارانەی دراون بێنێتەدی بۆ زاڵبوون بەسەر كێشەكانی ئێستا لەعێراق هەیە.

لیژنەكە كەی پێكدەهێرنێت؟

فەهمی بوڕهان: لیژنەی ماددەی ١٤٠ لەماوەی ١٠ ڕۆژ پێكدەهێنرێت كە هەفتەی ڕابردوو بڕیاری لەسەر دراوە و دوای دابەشكردنی ئەركەكانی بوودجەی پێویست دەخەمڵێنێت و ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی دەكات، ئەمەش سەرەتایەكی باش دەبێت بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی، بەتایبەت دوای ئەوەی لیژنەی ماددەی ١٤٠ ئەندامەكانی بۆ دیاری دەكرێت و بوودجەی بۆ تەرخان دەكرێت چاوەڕوان دەكرێت دوای ١٠ رۆژ كە درووستكرا یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات ئەركەكانی دابەش دەكات لەجێبەجێكردنی ماددەی ١٤٠، چونكە لیژنەكە لەرابردوو هەندێ لەئەركەكانی جێبەجێ كردووە كە خۆی سێ بنەمای سەرەكی هەیە، پێویستە لیژنەیەكی كاراش بێت و دەست و پەنجەی لەگەڵ كێشەكان نەرم بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئومێدم زۆرە هەمووان بەیەكەوە بتوانین ئەم دەرفەتە نوێیەی كاركردن بقۆزینەوە لەحكومەتەكەی سوودانی پشتوانی بین تاوەكو ئەركەكانی خۆی لەناوچە كوردستانیەكان بەدی بهێێنت و جێبەجێی بكات.

چاوەڕوان دەكرێت ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بكرێت؟

فەهمی بوڕهان: ناتوانین ئاستی چاوەڕوانی بەرزبكەینەوە، بەڵام سەرەتایەكی باش دەست پێكراوە لەحكومەتی نوێی عێراق، بەنموونە بڕیاری لابردنی زمانی كوردی لەنوسراوەكانی تەندروستی كەركوك هەڵوەشێندرایەوە، دەتوانین بڵێین ئومێدمان هەیە كێشەكان چارەسەر بكرێن بەدڵنیاییش هەنگاونان بۆ چارەسەری كێشەكان بێ گرفت نابێت، بەڵام چەند گرفت دەبینین بەئەندازەی ئەوەش دەرفەتی زۆر دەبینین بۆ چارەسەری كێشەكان كە هاتوونەتە پێشەوە، دەبێ لیژنەیەكی كار بێت و سەركردایەتی سیاسی كوردیش بەیەك ئەجێندا و یەك دەنگ كاربكەن بەتایبەت كە بەشێك لەخواستەكانی كورد لەكارنامەی حكومەتی سوودانی جێگەی كراوەتەوە یەك دەنگی كورد زۆرگرنگە بۆ بەدی هێنانی ئامانج و خواستەكانی كورد، كۆبوونەوەكەی هەفتەی ڕابردووی ماڵی مام بەسەرپەرشتی بافل تاڵەبانی زیاد لەپەیامێكی تێدایە لەوانەش، یەكێتی و پارتی ئامادەییان هەیە لەكۆبوونەوەكە، هەموو هێزەكانی تریش لەكۆبوونەوەكە بەشدارن ئامادەیی كورد بەیەكەوە پەیامێكە كەوا راستە لە هەندێ شت جیاوازی زۆر هەیە بەڵام لەپرسەكانی پێشمەرگە و كەركوك و نیشتیمانی بەیەك ئاڕاستە كاردەكەین بۆ بەدی هێنانی خواستەكانی گەلەكەمان.

تاچەند كورد كۆدەنگی هەیە؟
فەهمی بوڕهان: یەكێك لەتایبەتمەندییەكانی كۆبوونەوەكەی ماڵی مام جەلال لەبەغداد لەهەفتەی ڕابردوو، ئەگەر سەیری ڕابردوو بكەین لەدوای نەمانی سەرۆك مام جەلال دەوترا فكرەی نیشتیمانی غیابە، بەڵام ئەمجارەش لەكۆبوونەوەكە جەخت كرایەوە كەوا كورد بۆ پرسە نیشتیمانییەكان بەیەكەون، ئەو ئیرادانەی تاقیكرانەوە لەڕابردوو دەركەوت ناتوانن عیراق بگەیەنن بەكەناری ئارام بۆیە جارێكری تر لایەنە عیراقیەكانیش گەڕانەوە بۆ سیاسەتی چەپكە گوڵەكەی مام جەلال، لەبەر ئەوە پێویستە بەئیرادەیەكی نیشتیمانی كاربكەین دوور لەسەپاندنی ئیرادەیەكی یەك لایەن بەسەر ئەوەی تر، خەبات بكەین جارێك بۆ ناو ماڵی كورد و دواتر بۆ ناو كۆی هێزە عێراقییەكان كە دەتوانرێت ئامانجەكان بەدی بهێنرێت.

هاوڵاتیانی قەرەبوو نەكراونەتەوە كە بەماددەی ١٤٠ ناسراون، قەرەبوو
دەكرێنەوە؟

فەهمی بورهان: هەموو ئەو كوردانەی بەبڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ڕژێمی پێشووی عیراق لە كەركوك دەركران و دوورخرانەوە تائیستا قەرەبوو نەكراونەتەوە قەرەبوو دەكرێنەوە لەداهاتوویەكی نزیكیشدا ئالیەتی قەرەبووكردنەوەكەش ڕادەگەیەنرێت، لەماوەی ڕابردووشدا خەڵكێكی زۆری كورد قەرەبووكراوەتەوە و گەڕێندراونەتەوە شوێنەكانی خۆیان و كەركوك، بەڵام زۆریش ماون قەرەبوو نەكراونەتەوە، لەهەمان كاتدا بەشێك لەبرا عەرەبەكانیش قەرەبوو نەكراونەتەوە ئەوانیش قەرەبوو دەكرێنەوە و دەگەڕێندرێنەوە شوێنەكانی خۆیان، ئەركی ماددەی ١٤٠ ئاساییكردنەوەی باروودۆخە، ئەمەش بەبێ چارەسەركردنی كێشەی زەوییە كشتووكاڵییەكان نابێت، بۆیە دەبێت لیژنەكە هەموو ئەركەكانی ئاساییكردنەوەی ناوچەكە بگرێتە ئەستۆ و دواتر بابەتی سەرژمێری و ڕاپرسی دەكرێت لەكەركوك و ناوچەكانی تر، زۆر گرنگە وەكو كوردو سەركردایەتی سیاسی بەهێمنی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بكەین، چونكە خەڵكێك هەیە زۆر دژی جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتی سوودانیە، لەگەڵ لایەنەكانیش كۆببینەوە كە ئەگەر ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بكرێت زێدەڕۆیی نییە بۆ سەر مافی هیچ كەسێك بەڵكو ئەگەر پێكهاتە ڕەسەنەكانی ئەو ناوچانە ئەگەر غەدرێكیان لێكرابێت بەپێ دەستوور مافەكەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، متمانەی نێوان پێكهاتە ڕەسەنەكانیش زیاتر بكرێتەوە و بڕیار لەداهاتووی خۆیان بدەن بەپێی دەستوور، چونكە ناكرێت بەشێكی دەستوور جێبەجێ نەكرێت.

بەوێنە، بەریتانیا هاری پۆتەر دەخاتە سەر ڕووی دراوەكانی
پێشت بەوێنە، بەریتانیا هاری پۆتەر دەخاتە سەر ڕووی دراوەكانی
نرخی دۆلار دابەزی
دواتر نرخی دۆلار دابەزی
ەیوەندیدار