عەلی عەلاق نهێنی پشت گران بوونی دۆلاری ئاشكراكرد



دوابەدوای بڕیارە نوێیەكەی بانكی ناوەندی بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار، ئەمڕۆ شاندێکی بانکی ناوەندی عێراق سەردانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقییان کردووە بە مەبەستی گفتوگۆکردن بۆ جێگیرکردنی بەهای دۆلار و پارێزگاری بانكی ناوەندی ئاشكرای كرد، پرەنسیپی گشتی سەقامگیری دراو بریتییە لە بەستنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ بە پارەی نەختینەیی و دەشڵێت: گران بوونی دۆلار بەهۆی زۆری خواستەوەیە.

ئەمڕۆ دوو شەممە 7/24/2023، لیژنەی دارایی بە سەرۆکایەتی عەتوان عەتوانی و بە ئامادەبوونی ئەندامەکانی، میوانداری عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی کرد، سەبارەت بە گفتوگۆی کەرتی بانکی، بەرزبوونەوەی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار، هەروەها هۆکاری سزاکانی سەپێنراو بەسەر ژمارەیەک بانکی عێراقی.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی لیژنەی دارایی، عەتوانی ئاماژەی بەوەکردووە، گەشبینی لە پرۆسەی چاکسازی لە واقیعی ئابووری و بەڕێوەبردنی پارەدا هەیە، هەروەها ڕێبازی کۆنتڕۆڵکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو و وتیشی، “هیوادارین سەقامگیری ئابووری بەدەستبهێنین و ئەدای کارەکان باشتر بکەین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەیەک هەیە، کە پەیوەندی بە بوونی سزاکانەوە هەیە کە بەسەر هەندێک بانکدا سەپێنراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئاستەنگ، کە دەبێت ڕووبەڕووی ببنەوە و پێویستی دۆزینەوەی ڕێوشوێن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی کار و نرخی ئاڵوگۆڕکردن.

عەلی عەلاق: گران بوونی دۆلار بەهۆی زۆری خواستەوەیە

لای خۆیەوە عەلی عەلاق پێداچوونەوەی بە کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە کاری بانکی ناوەندی و سیاسەتی دراوی کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە ئەرکی بانکی ناوەندی بەدەستهێنانی سەقامگیری دراو و کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکانە.

ڕوونیشیکردەوە، پێویستە هاوسەنگی لە نێوان دابینکردن و خواست لەسەر دراوی بیانی هەبێت، هەروەها کۆنتڕۆڵکردنی پارەی نەختینەیی هاتنە ژوورەوە و دەرچوون لە ڕێگەی فرۆشگاکان و پشتڕاستکردنەوەی هاتنە ژوورەوەی بەشێوەیەکی یاسایی و وتی، “پرەنسیپی گشتی سەقامگیری دراو بریتییە لە بەستنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ بە پارەی نەختینەیی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەکە لە زیادبوونی خواست لەسەر دراوەکەدایە، هاوکات بانکەکە لەڕێگەی پلاتفۆرمەوە دراوەکە دابین دەکات، جەختیشیکردەوە لەسەر ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاریکردن لەپێناو دەرچوون لەو قەیرانە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، ئەندامانی لیژنەکە کۆمەڵێک پرسیاریان کرد سەبارەت بە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی ئاڵوگۆڕ، ئەو سزایانەی، کە بەسەر هەندێک بانکدا سەپێنراون، هەروەها ئەو ڕێکارانە چین، کە بانکی ناوەندی پەیڕەوی لێدەکات بۆ زانینی وردەکارییەکان، لەگەڵ گرنگی پەرەپێدانی چارەسەری ڕیشەیی بۆ ئەم قەیرانە.

هاوكات تیشك خرایە سەر پێویستی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دراوی تایبەت بە گەیشتن بە پاکێجی ئابوری، کە لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کاردا بێت، دیاریکردنی ژمارەی ئەو بانکانەی کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پەسەندکراون، هەروەها دۆزینەوەی پلانی ڕوون بۆ چارەسەرکردنی دۆخی دارایی، بەو پێیەی زۆرترین زیانی لێکەوتووەتەوە هاوڵاتی عێراقی و گروپە هەژارەکانە، هەروەها چۆنیەتی پاراستنی دیناری عێراقی و چاودێریکردنی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕکردن، جگە لە ڕێکارەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ بانکەکان، جەختکردنەوە لەسەر هەوڵە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی پشتگیریکردنی دامەزراوە داراییەکە و دوورکەوتنەوە لە ئەنجامی قۆناغەکە.

بردنەدەرەوەی دۆلار لە ڕێگەی كارتی بانكییەوە ڕاگیرا

بەپێی بڕیارێكی بانكی ناوەندی عێراق بردنەدەرەوەی دۆلاری لە ڕێگەی كارتی بانكییەوە ڕاگرت و ئەو دەسەڵاتەی دا بە كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە جۆری (A و B) و بڕیاریشدیا دۆلار ڕاستەوخۆ بە گەشتیاران بدات.

ئومێد قەرەداغی، مامۆستای زانكۆ و ماستەر لە ژمێریاری بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بانکی ناوەندی عێراق دوێنێ‌ 23/ 7 بریارێکی تایبەتی بۆ ڕێکخستنی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران ڕاگەیاند.

وتیشی، “بەپێی ئەم بریارە بانکی ناوەندی پێدانی پارە بە گەشتیار دەگوازێـتەوە بۆ کۆمپانیاکانی فرۆشتنی دۆلار لە تایپی (A و B) هەروەها دۆلار بە شێوەیەکی نەقدی دەدات بە گەشتیار”.

دۆلار ڕاستەوخۆ بە گەشتیاران دەدرێت

بەپێی بڕیارەكەی بانكی ناوەندی، كە وێنەی دەست (خەڵك) كەوتووە، بانکی ناوەندی کۆمپانیاکانی فرۆشتنی دۆلار رادەسپێرێت بە کردنەوەی دوو حسابی بانکی جیاواز، حسابێکیان تایبەت بە دانانی دینار و حسابەکەی تر تایبەت بە ِراکێشانی دۆلار.

هەر بەپێی بڕیارەكە، بانکی ناوەندی بە نرخی فەرمی دۆلاریان پێدەدات، كە ١٣١٠ دینار بۆ هەر دۆلارێک و پێویستە کۆمپانیای تایبەت لەماوەی دوو ڕۆژدا پارەکە ڕابكێشێت بە دۆلار.

وەك لە بڕیارەكەدا هاتووە، “گەشتیار بۆ وەرگرتنی دۆلار ڕوو لە کۆمپانیاکانی فرۆشتنی دۆلار ئەکات و لەوێوە بەشێوەیەکی نەقدی بەرانبەر بە تەسلیمکردنی دینار، دۆلار وەرئەگرێت”.

نرخی دۆلار دابەزی

دوابەدوای بڕیارەكەی بانكی ناوەندی بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی بردنەدەرەوەی دۆلار لەڕێگەی كارتی بانكی و پێدانی ڕاستەوخۆ بە گەشتیاران نرخی دۆلار لە بازاڕەكان نزیكەی 2 هەزار دینار دابەزی.

ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دوو شەممە، نرخی دۆلار گەیشتە 154 هەزار و 250 دینار، بەڵام لەكاتی داخستنی بازاڕدا نرخەكەی دابەزی بۆ 152 هەزار و 500 دینار.

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەسەر خۆپیشاندان بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە
پێشت مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەسەر خۆپیشاندان بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە
بردنەدەرەوەی دۆلار لە ڕێگای کارتی بانکییەوە کۆتایی هات
دواتر بردنەدەرەوەی دۆلار لە ڕێگای کارتی بانکییەوە کۆتایی هات
ەیوەندیدار