“حەشدی کوردی” سەر بە حەشدی شەعبی دروست دەکرێت



ژمارەیەک کوردی قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی حەشدی کوردی و کردنەوەی نوسینگەیەکی سەربە حەشدی شەعبی لە نێو گەڕەکە کوردییەکانی قەزاکە تۆمەتبار دەکرێن، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێت ئەو کوردانە چەکیشیان لە حەشد وەرگرتووە.

محەمەد عەریف ئەو کەسایەتییە کوردەی قەزای خورماتوو کە تۆمەتبار دەکرێت بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی حەشدی کوردی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “کەمتەرخەمی و بێ منەتی نوێنەرانی کورد لە خورماتوو و کەمی خزمەتگوزاری ناچاری کردین بەرەیەکی ناڕازی دروست بکەین، نوسینگەیەکمان بۆ مەهدی تەقی پەرلەمانتاری عێراق کردووەتەوە و لەو نوسینگەوە خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکە کوردییەکان دەهێنین.”

مەهدی تەقی، کەسایەتییەکی تورکمانی شیعەیەو یەکێکە لە فەرماندەکانی پێشووی حەشدی شەعبی، لە ئێستادا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە لە کوتلەی هاوپەیمانێتی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری.

محەمەد عەریف وتی: “ئەو بەرە ناڕازییەی دامانناوە کاندیدیشمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین دەبێت.”

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دا ڕکابەری توند لە نێوان کورد و تورکمانی شیعە ڕوویدا، مەلا کەریم شکوری کاندیدی یەکێتی و مەهدی تەقی کاندیدی تورکمانی شیعە دەنگی پێویستیان هێناو چوونە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

کەریم شکور ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و نوێنەری کوردەکانی خورماتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بارەی ئەو بەرە ناڕازییەی چوونەتە پاڵ حەشدی شەعبی و تۆمەتباری دەکەن بە کەمتەرخەمی و بێ منەتی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “ئەوانە کۆمەڵێک خەڵکن و خاوەنی کەسایەتی ئەوتۆ نین، دەیانەوێت دەست لە شتێک گیربکەن و دەوڵەمەندبن، هەوڵیاندا فەوجێکی حەشدیان بۆ دروست بکرێت و بۆیان نەکرا، ئێستا نوسینگەیەکیان بۆ مەهدی تەقی پەرلەمانتاری شیعە داناوەو دەیانەوێت لە ناوچە کوردییەکان ئیشی بۆ بکەن.”

قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدین، لە ساڵی 2014 ەوە بۆ ساڵی 2017 زۆرترین ڕووبەڕوو بوونەوەو پێکدادانی چەکداری لەنێوان هێزی پێشمەرگەو حەشدی تورکمانی تێیدا ڕوویدا و بەو هۆیەوە دەیان پێشمەرگەو چەکداری حەشد گیانیان لەدەستداو برینداربوون.

فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە سنوری قەزای خورماتوو کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، ڕایگەیاند”ئەو کوردانەی خورماتوو کە چوونەتە پاڵ مەهدی تەقی پەرلەمانتاری شیعە، دەیانەوێت فەوجی حەشدی شەعبی بکەنەوەو هەندێک ناویشیان نوسیووە، بڕێک چەک و تەقەمەنیشیان وەرگرتووە.”

لە بەرامبەردا، محەمەد عەریف کە تۆمەتبار دەکرێت بە دروستکردنی حەشد لە خورماتوو، دەڵێت: “لە ئێستادا هەوڵی دروستکردنی حەشدمان نەداوە، بەڵام چەند چەکێکم وەرگرتووە بۆ پارێزگاری لە خۆم و نوسینگەکەم، چونکە ڕووبەڕووی تەحەدا بوومەتەوە.”

لایەنە کوردییەکانی خورماتوو، کردنەوەی نوسینگەی پەرلەمانتارە شیعەکە لە ناوچە کوردییەکانی قەزاکە بە هەوڵێک دەبینن بۆ پەرتکردنی دەنگی کورد و ڕێگرتن لە بەدەستهێنانی کورسی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین کە بڕیارە لە ڕۆژی 18/12 ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

شاندی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچە دەچێتە بەغدا
پێشت شاندی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچە دەچێتە بەغدا
پێشەوا هەورامانی: ئەم هەفتەیە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش یەکلادەبێتەوە
دواتر پێشەوا هەورامانی: ئەم هەفتەیە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش یەکلادەبێتەوە
ەیوەندیدار