موقتەدا سەدر بێدەنگی شكاند و شانەی ئەمنی هۆشداری دەدات



ڕێبەری ڕەوتی سەدر سەبارەت بە دووبارەبوونەوەی سووكایەتی كردن بە ئایینی موسڵمانان بێدەنگی شكاند و دەڵێت: “قسەكردن سووودی نییە” و شانەی ئەمنی عێراقیش هۆشداری دەدات لە هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانە و دامەزراوەكانی دەوڵەت.

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی سەدر، لەبارەی دووبارەبوونەوەی سوتاندن و سووكایەتی كردن بە قورئانی پیرۆز لە پەیامێكدا لە تویتەر دەڵێت: “قسەكردن هیچ سوودێكی نەماوە.. ئایین نامۆ بووە و بەرگریكارانیش گوماناویین.. خوایە ئەم قوربانییە قبوڵ بكە و بەرگریكردنمان لە ئایین و شۆڕشمان لەپێناو قورئان”.

موقتەدا سەدر لە كۆتایی تویتەكەیدا دەڵێت: “چاوەڕوانبن، منیش لەگەڵ ئێوەدا چاوەڕوانم”.

لای خۆشیەوە، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی هۆشداری لە توندبوونی خۆپیشاندانەكان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، خۆپێشاندان مافێکە، کە دەستووری عێراق گەرەنتی كردووە، هەروەها دامەزراوە ئەمنییەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە لەگەڵ خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازانە وەستاون لە دەربڕینی مافی خۆیان بۆ ئیدانەکردنی کردەوەی قێزەونی سووتاندنی قورئانی پیرۆز و سووكایەتی كردن بە ئاڵای عێراق.

ڕاشیگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکانمان لە هەستی گەلەکەمان تێدەگەن و هاوسۆزی لەگەڵیان وەستاون، لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر تێکنەدانی ئاسایش و پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت و ڕێزگرتن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکەنەوە، کە بۆ خزمەتی خەڵکن.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی دەڵێت: “داوا لە خۆپیشاندەران و هەموو گەلەکەمان دەکەین، کە ئارام بگرن و پشت بە حیکمەت ببەستن و هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بکەن و دەستبەرداری توندوتیژی بن، هەروەها داوا دەکەین لە بارەگا ئەمنییەکان و نوێنەرایەتییەکان و باڵیۆزخانەکان و دامودەزگاکانی دەوڵەت نزیک نەبنەوە، چونکە لەژێر پاراستنی تونددان، هێزە ئەمنییەکان درێغی ناکەن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی خۆپارێزی بەرامبەر هەر کەسێک هەوڵی هێرشکردن و دروستکردنی ئاژاوەگێڕی بدات”.

عێراق بەنیازە قەرەبویەکی تر لە تورکیا وەربگرێت
پێشت عێراق بەنیازە قەرەبویەکی تر لە تورکیا وەربگرێت
‎شەقامێكی سەرەكی ناو شاری سلێمانی دەبێتە یەك لەین
دواتر ‎شەقامێكی سەرەكی ناو شاری سلێمانی دەبێتە یەك لەین
ەیوەندیدار