ئەمریكا لەبارەی پارەی مووچە هۆشداری بە حكومەتی هەرێم دەدات



سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریكا هۆشداریداوەتە بەرپرسانی هەرێم لە بەرامبەر ئاستەنگەكانی بەردەم چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و داوای هێنانەوەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی كردووە بۆ ڕاییكردنی كاروبارەكانی.

ڕۆژی 21ی مانگی 6 ی ئەمساڵ، شاندێكی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا بەسەرۆكایەتی دانا سترۆڵ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە شاری هەولێر لەگەڵ مەسروربارزانی، سەرۆكی حكومەت و هەندێك لەفەرماندەكانی پێشمەرگەدا كۆبوویەوە. دواتر سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتیشی كرد و گفتووگۆی لەبارەی ئاستەنگەكانی بەردەم چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ كرد.

سەرچاوە باڵاكە لە وەزارەتی پێشمەرگە بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت، پەیامەكانی جێگری وەزیری بەرگری ئەمەریكای بۆ (دەنگی ئەمەریكا) ئاشكرا كرد و ڕایگەیاند، “ئەمەریكا نیگەرانە لە ئاستەنگەكانی بەردەم چاكسازی و یەكخستنەوەی پێشمەرگە، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە بە بەرپرسانی هەرێمی وت، ناتوانین پاڵپشتییەكانمان بۆ ئێوە بەردەوام بێت، گەر دۆخی وەزارەت بەمشێوەیە بمێنێتەوە و پرۆسەی چاكسازی و رێكخستنەوەی پێشمەرگە بەڕێوەنەچێت”.

هەروەها وتیشی، “حزبایەتی بەتەواوەتی ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر كاروبارەكانی وەزارەت و ململانێكان بە ئاشكرا هەستیان پێدەكرێت، لەكاتێكدا هاوپەیمانان دەیانەوێت قۆناغ قۆناغ هێزەكانی 70 و 80ی پارتی و یەكێتی یەكبخەنەوەو حزبایەتی لەو وەزارەتەدا كاڵ بكەنەوە.”

هەفتەی ڕابردوو، جارێكی تر كێشمەكێش و ململانێی توند لە نێوان یەكێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە سەریهەڵدایەوە، بەهۆی چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكان و پلەبەرز نەكردنەوەی هەندێك فەرماندەی یەكێتی لە نێو ئەو وەزارەتە.

جەنەراڵ ماتیۆ ماركفارلن، فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لەگەڵ نێچێرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم كۆبوویەوە. بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەردوولایان هاوڕابوون لە سەر ئەوەی پرۆسەی چاكسازی و یەكخستن و یەكگرتنەوەی پێشمەرگە وەكپێویست بەڕێوەناچێت، بەڵام جەختیان لەسەر بەردەوامی هەوڵەكان كردووەتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان و یەكخستنەوەی پێشمەرگە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، بە (دەنگی ئەمەریكا)ی ڕاگەیاند، “هاوپەیمانان هەست دەكەن ململانێی توندی نێوان یەكێتی و پارتی گواستراوەتەوە بۆ ناو وەزارەتی پێشمەرگە و ئێستاش بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین، ترسی هاوپەیمانان لە گواستنەوەی ململانێی سیاسییە بۆ چەكداری.”

جەبار یاوەر وتیشی”پرۆسەی چاكسازی و یەكخستنەوەی پێشمەرگە بەهۆی ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتی پەكیكەوتووە، هاوپەیمانان بەردەوامی پرۆسەكەیان دەوێت.”

لە ساڵی 2018 هێزەكانی هاوپەیمانان و وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم ڕێككەوتن لەسەر پرۆژەیەكی 36 خاڵی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، ئەمەشكرایە مەرج بۆ پاڵپشتییە سەربازی و داراییەكانی هاوپەیمانان بۆ ئەو وەزارەتە.

جەبار یاوەر دەڵێت: “دەبووایە لە ماوەی 3 تا 5 ساڵدا هەر 36 خاڵەكە جێبەجێكرابا بە پێی ڕێككەوتنەكە، واتە دەبووایە لەمساڵدا 36 خاڵەكە بە تەواوەتی جێبەجێكرابا، بەڵام هێشتا یەك لەسەر سێی خاڵەكانی جێبەجێنەكراوە.”

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە كە خۆی لە ساڵی 2018 لە نێو ئەو وەفدەدا بووە كە پرۆژەكەیان لەگەڵ هاوپەیمانان واژوو كردووە، وتیشی”بەپێی ئەو یاداشتەی ساڵانە واژوو دەكرێت، هاوكارییە دارایی و سەربازییەكانی ئەمەریكا بەستراوەتەوە بە چاكسازی و یەكخستنی پێشمەرگەوە، ئەوان بەڕوونی دەڵێن ڕەنگە نەتوانین یاداشتەكە واژوو بكەینەوە و هاوكارییەكان ڕابگرین، چونكە پرۆسەكە بە خواستی ئێمە بەڕێوەناچێت.”

(دەنگی ئەمەریكا) پەیوەندی بە فەریق جەمال ئیمنكی، سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە و لیوا ڕوكن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەوە كرد، بەڵام پەیوەندییەكانیان بەردەست نەبوو.

ئەمەریكا مانگانە زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار بۆ موچەی لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە خەرج دەكات كە ژمارەیان 14 لیوایە، ئەمە جگە لە مەشق و ڕاهێنان و بەردەوامی پاڵپشتییە سەربازییەكانی بۆ ئەو لیوا هاوبەشانە.

ڕزگار محەمەد، ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، “نوێنەری هاوپەیمانان هاتنە ناو پەرلەمان و لەگەڵمان كۆبوونەوە، داوایانلێكردین لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان قسە بكەین بۆ رێكخستنەوەو یەكخستنەوەی پێشمەرگە، وتیان گەر پێشمەرگە یەكنەخرێتەوە ناتوانین بەردەوام بین لە هاوكارییەكانمان و نائومێدیان پێوە دیاربوو.”

وتیشی، “داوای درۆن و هاوكاری زیاترمان لە هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە كرد، وەكچۆن حەشدی شەعبی خاوەنی درۆن و چەكی پێشكەوتووە، بەڵام وتیان ئێوە دەوڵەتتان نییەو خاوەنی سەروەری نین، تا عێراق ڕازی نەبێت ناتوانین ئەو كارە بكەین.”

نیگەرانبوونی هاوپەیمانان لە خراپی بارودۆخی نێو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرەوپێش نەچوونی چاكسازییەكان لەكاتێكدایە، ماوەی چەند مانگێكە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە ڕۆیشتووەتە ماڵەوە و دەوام ناكات، لە كاتێكدا دەستی لە پۆستەكەی كێشاوەتەوە و هێشتا دەست لەكاركێشانەوەكەی قەبوڵ نەكراوە.

ئاگرێکی بەرفراوان لە شارباژێڕ کەوتەوە
پێشت ئاگرێکی بەرفراوان لە شارباژێڕ کەوتەوە
سوید وەبەرهێنان بە بەهای 7 ملیار دۆلار لە عێراق لەدەست دەدات
دواتر سوید وەبەرهێنان بە بەهای 7 ملیار دۆلار لە عێراق لەدەست دەدات
ەیوەندیدار