نرخی دۆلار ئاستی پێوانەیی جیهانی تۆماردەكات



ئەمڕۆ هەینی نرخی دۆلار لە مامەڵەی بازرگانی ئاسیادا بەرزبووەوە، بەو پێیەی داتاکان ئاماژەیان بە بەهێزی بازاڕی کاری ئەمریکا کردووە، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی بانکی فیدراڵی (بانکی ناوەندی ئەمریکا) بۆ ماوەیەکی درێژتر ڕێژەی سوود بە بەرزی بهێڵێتەوە، لە کاتێکدا (یەن) لە مانگی ڕابردوودا بەهێزتر بوو دوای خێرابوونی هەڵاوسانی سەرەکی نرخی بەکاربەر لە ژاپۆن.

هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەکانی بانکی ناوەندی لە وڵاتانی ئەوروپا و ژاپۆن و ئەمریکا بەڕێوەدەچن، هاوکات وەبەرهێنەران داتاکان شی دەکەنەوە بۆ ئەوەی باشتر پێشبینی ڕێڕەوەکانی سیاسەتی دراو بکەن.

نرخی “یەن” 0.08% بەرزبووەوە بۆ 139.97 بۆ هەر دۆلارێک دوای ئەوەی پێوەرەکانی سەرەکی نرخی بەکاربەری ژاپۆن لە مانگی حوزەیران بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بە ڕێژەی 3.3% بەرزبووەوە، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ پێشبینییەکانی بازاڕ، بەڵام هێشتا لە سەرووی ئامانجی بانکی ژاپۆنەوە 2%یە.

ئەم داتایانە چانسی پێداچوونەوە بە پێشبینییەکانی هەڵاوسانی بانکی ژاپۆن بۆ ئەمساڵ بەهێزتر دەکەن، بە بەرزکردنەوەی چاوەڕوانییە نوێیەکان لە هەفتەی داهاتوودا، بۆیە نرخی “یەن” لەم هەفتەیەدا نزیکەی 1% بەرامبەر دۆلار دابەزیوە و لەسەر ڕێڕەوی وەستاندنی زیادبوونی دوو هەفتەیە.

هاوکات داتاکان دەریانخستووە، کە ژمارەی ئەو ئەمریکییانەی کە داواکاری نوێیان بۆ یارمەتی بێکاری تۆمارکردووە هەفتەی ڕابردوو بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو دابەزیوە و گەیشتووەتە نزمترین ئاستی لە ماوەی دوو مانگدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەردەوامبوونی بەهێزی بازاڕی کار.

بازاڕەکان پێشبینی دەکەن هەفتەی داهاتوو بانکی ناوەندی ئەمریکا ٢٥ خاڵ بەرزبکاتەوە و ئەگەری بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەیش دوای ئەو داتایانە زیادی کردووە.

لە بەرامبەر سەبەتەیەک دراوەکاندا، دۆلار بە ڕێژەی 0.03% بەرزبووەوە و گەیشتە 100.78 خاڵ و پێوەرەکە لەسەر ڕێگایە بۆ ئەوەی بۆ ئەم هەفتەیە 1% بەرزبێتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە سەرباری هۆكارە دەرەكییەكان، چەندین هۆكاری ناوخۆیی وایان كردووە نرخی دۆلار لە عێراق-یش بەرامبەر بە دراوی نیشتمانی “دینار” بەرزببێتەوە و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەهای 100 دۆلار گەیشتۆتە سەرووی 151 هەزار دینار.

وەزیرێك بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ زێلێنسکی دەستی لەكاركێشایەوە
پێشت وەزیرێك بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ زێلێنسکی دەستی لەكاركێشایەوە
ڕۆناڵدۆ تووشی دۆخێكی یاسایی قورس دەبێتەوە
دواتر ڕۆناڵدۆ تووشی دۆخێكی یاسایی قورس دەبێتەوە
ەیوەندیدار