“تورکیا هەوڵدەدات خۆی لە غەرامەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بدزێتەوە”



ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق پشتڕاستی کردەوە، کە دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا تا ئێستا دڕکاوییە و دەشڵێت: “حکومەتی تورکیا هەوڵدەدات بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی پاریس پشتگوێ بخات بۆ ئەوەی خۆی لە پێدانی پارەی غەرامە بە عێراق بەدوور بگرێت”.

محەممەد ئەلزیادی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ ئاژانسی (المعلومە) ڕایگەیاندووە، حکومەتی فیدراڵی لە دوای بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی پاریس هەوڵدەدات بە ڕێگەی یاسایی و دەستوری قەیرانەکە چارەسەر بکات و وتیشی، “ماوەی داهاتوو شایەتحاڵی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت دەبن بۆ تورکیا، دوای ڕێککەوتن لەگەڵ هەموو لایەنەکان”.

ڕاشیگەیاندووە، حکومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە هەوڵەکانی لەگەڵ کوردستان و تورکیا بۆ ڕێگریکردن لە بەردەوامبوونی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت، کە ڕۆژانە بە 400 هەزار بەرمیل مەزەندە دەکرێت.

دەشڵێت: “ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لەسەر فۆرمولەیەکی دیاریکراو کۆتایی هات، لە چاوەڕوانی ڕێککەوتن لەگەڵ تورکیاین”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشی كردووە، حکومەتی تورکیا هەوڵ دەدات بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی پاریس پشتگوێ بخات بۆ ئەوەی خۆی نەدات لە پێدانی ئەو غەرامە داراییەی بەسەریدا سەپێنراوە بەپێی بڕیارەكە.

دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی بڕیاری خۆی لە دۆسیەیەکی ناوبژیوانیدا دەرکرد، تورکیا لە 25ی ئازاردا هەناردەکردنی نەوتی بە بڕی 450 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە هەرێمی كوردستانەوە لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا ڕاگرت.

لای خۆشیەوە، نەبیل ئەلعەلی، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاندووە، “تورکیا هەوڵدەدات مەرجەکانی خۆی بەسەر عێراقدا بسەپێنێت لە بەرامبەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە”.

ئاماژە بۆ ئەوەی ئەنقەرە گرەو لەسەر پێویستی بەغدا دەکات بۆ دابینکردنی بودجەی زیاتر بۆ دابینکردنی کورتهێنانی گەورە لە بودجەی ساڵی 2023، وتی، “عێراق مانگانە نزیکەی ملیارێک دۆلار زیان دەکات بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لەڕێگەی تورکیاوە”.

هاوكات، عائد هیلالی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندووە، ئەگەر حکومەتی کوردستان بەردەوام بێت لە بەقاچاخ ناردنی ڕێژەیەکی نەوت، ئەوا ناتوانێت هیچ شتێک لە هەژمارەکان پێکبهێنێت ئەوەش لەئەنجامی ئەو سزایانەی کە دەکەوێتە سەر ئەو کەسانەی کە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، “هەوڵێکی جددی هەیە” لەلایەن ئەو لیژنانەی کە حکومەت پێکیان هێناوە بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.

وتیشی، “تورکیا کەوتە بەر غەرامەکردن بەهۆی ڕێزنەگرتن لە میساق و یاسا نێودەوڵەتییەکان لە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان”، جەختیشی كردەوە، لایەنە کوردییەکان دژایەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت ناکەن لە دوای ساڵی بڕیاری دادگای پاریس بۆ دوورکەوتنەوە لە زۆرێک لەو بارگرانییانەی دەکەوێتە سەریان.

سەبارەت بە پەیوەندی هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز، هیلالی ڕوونیدەکاتەوە: “پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز لەلایەن پەرلەمانەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا بە چارەسەرکردنی هەموو کێشە ناوخۆییە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ کوردستان”.

وەستاندنی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا بووە هۆی ئەوەی عێراق بڕی 400 هەزار بەرمیل لە پارەی هەناردەکردن لەدەست بدات، ئەوەش لەئەنجامی پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەكەی بۆ تورکیا بۆ ماوەی چەند ساڵێک.

 

ئومێد سەباح:دەبێت لە 3 ڕۆژی داهاتوودا پارەی مووچە بگات
پێشت ئومێد سەباح:دەبێت لە 3 ڕۆژی داهاتوودا پارەی مووچە بگات
بەغدا 800 ملیار بۆ مووچەی فەرمانبەران ڕەوانە دەكات
دواتر بەغدا 800 ملیار بۆ مووچەی فەرمانبەران ڕەوانە دەكات
ەیوەندیدار