فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دهۆك بەردەوامە



 

ماوەی سێ ڕۆژە كارەكانی نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دھۆك بەردەوامە و ڕۆژانە فیلم و كورتە فیلمەكان نمایش دەكرێن، ھونەرمەندان و بینەرێكی زۆر ڕۆژانە سەردانی ھۆڵی كۆنفڕانسی زانكۆی دھۆك دەكەن بۆ بینینی فیلمەكان كە بڕیارە لەمیانی ھەفتەیەكدا ٩٨ فیلم نمایش بكرێت كە ٤٧ كورتە فیلمیان بە زمانی كوردی و ٥١ كورتە فیلمیشیان بیانییە و ١٤ لەو فیلمانە لە وڵاتی توركیا بەرھەمھێنراوە.

ھونەرمەندان و بینەران بۆچوونی خۆیان لەسەر كارەكانی فێستیڤاڵەكە دەخەنەڕوو، خۆشحاڵیی خۆیان دەردەبڕن بە بەشداریی ژمارەیەكی زۆر لە بینەران و ئاماژە بەوەیش دەكەن كە سینەمای كوردی بەرەو قۆناغێكی دیكە هەنگاوی هاوێشتووە.

هونەرمەند، پەروین شەرەفخان وەك بینەرێك هاتووەتە فێستیڤاڵە، لە لێدوانێكدا دەڵێت “”ئەوەی تێبینییم كرد لە فێستیڤاڵی ئەمساڵ زیاتر رێژەی ئافرەت بەشداربوون، من حەز دەكەم بواری فیلم و سینەما بەرەوپێش بچێت و خزمەتی هونەر بكەین، گرنگترین شت ئەوەیە هەر كەسێك ڕێگای خۆی بگرێتەبەر، هیوادارین خوازیارانی بواری فیلم بەشداریی فێستیڤاڵەكە بكەن بۆ ئەوەی كارەكانی هونەرمەندان ببینن”.

پەروین شەرەفخان ئاماژە بەوەش دەكات كە بەشداریی فیلمێكی كردووە، بڕیارە لە فێستیڤاڵی ساڵی داهاتوو نمایش بكرێت ”پێشتر بەشداریی فیلمم كردووە، ئەمساڵیش وەك بینەرێك بەشداربوومە و بەشداری فیلمێكیشم كردووە و بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا نمایش بكرێت، خۆشحاڵم بەو پێشوازییە گەرمەی هاووڵاتییان”.

هاوكات هونەرمەندی بواری كۆمیدیا ماهیر حەسەن كە لە شاری سلێمانییەوە بۆ بەشداریكردن و بینینی فیلمەكان هاتووەتە دهۆك، ئەو ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستا هونەری كوردی لەوە دەرچووە كە بگوترێت بەرەو سینەمای كوردی هەنگاو دەنێن.

ماهیر حەسەن دەڵێت ”خۆشحاڵ بووم لەم فێستیڤاڵەم، ئەوەی لە دەستپێكی كارەكان و تا ئێستاش بینیوومە كارێكی جوان بووە، ئێمە لەوە دەرچووین بڵێین هەنگاو دەنێین بۆ سینەمای كوردی چونكە ئەو هەموو كارە جوان و گرنگە بە توانایەكی خۆماڵی دروستكراوە، ئەمەش مایەی خۆشحاڵی و دەست خۆشییە و دەرفەتێكە بۆ ئەو هونەرمەندانەی هەوڵ دەدەن لە بواری فیلم و سینەما كار بكەن”.

ماهیر حەسەن گوتیشی: ”لەو فیلمەدا كۆمەڵێك توانا و بەهرەی جوانم بینی كە ئەكتەر بەبێ ئەوەی ترسی لە رووبەڕووبوونەوەی ڕەخنە هەبێت ڕۆڵی خۆی بینیووە، ئەمەش هاندەرێكی گەورەیە كە سینەمای كوردی بەرەو پێشەوە بچێت، هیوادارم كارەكان لە چوارچێوەی فێستیڤاڵ خۆی نەبینێتەوە بەڵكو هەوڵبدەن تەنیا بۆ فێستیڤاڵ كار نەكرێت و هەنگاوی گەورەتر بهاوێژرێت، چونكە كۆمەڵێك گەنجی بەتوانامان هەیە لەم بوارەدا”.

خانمە هونەرمەند ژینا ئەتروشی كە وەك بینەرێك بەشداریی فێستیڤاڵەكەی كردووە، هیوا دەخوازێت كە هونەرمەندان بەشداریی بینینی فیلمەكان بكەن بۆ ئەوەی ببێتە دەرفەتێك تا پەرە بە تواناكانی خۆیان بدەن.

ژینا ئەتروشی دەڵێت ”خەڵكێكی زۆر هەیە كە حەز لە كاری سینەمایی دەكەن و هیوادارم بێن بۆ بینینی فیلمەكان بۆ ئەوەی ببێتە دەرفەتێك تا زیاتر پەرە بە تواناكانی خۆیان بدەن، ئەوەی ئێستا گرنگە خەڵك خۆشحاڵە بەم فێستیڤاڵە و بەشداریكردنی خەڵك بەو ڕێژە زۆرە سەلمێنەری ئەوەیە كە خەڵك بەگشتی پەرۆشی بینینی فیلمی سینەمایی كوردین، بەشێكی زۆریش لە بەشداربووان ئافرەت بوون كە ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە”.

ژینا ئەتروشی دەشڵێت: ”یەكێك لە كارەكانی فێستیڤاڵەكە بریتییە لە نمایشكردنی چەند كورتە فیلمێك بۆ ئاوارەكان، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە ئاوارەكان بزانن لەبیر نەكراون و ئەوان بەشێكی دانەبڕاوی كۆمەڵگان”.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دھۆك لە ساڵی ٢٠١٣ەوە دەستی بەكارەكانی كردووە و ساڵانە چەندین فیلم تیایدا بەشدارن و خەڵاتی كۆتاییش بە ژمارەیەك فیلم دەبەخشرێت.

ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتەكانییەوە، نەتوانرا هەشتەمین فێستڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دهۆك بەڕێوەبچێت و دواخرا بۆ ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ كە تیاییدا بە بەشداری ٩٤ فیلم فێستیڤاڵەكە بەڕێوەچوو كە ماوەی هەفتەیەكی خایاند.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، نۆیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە دھۆك دەستی بەكارەكانی كرد و تیاییدا فیلمی بووكی باران نمایش كرا، هەینیش ١٣ فیلم و چەند كورتە فیلمێك نمایش كران، شەممەش، ١٣ فیلم و چەند كورتە فیلمێك نمایش دەكرێن و بڕیارە فێستیڤاڵەكە تا ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بەردەوام بێت و لە دوای تەواوبوونی كارەكانی فێستیڤاڵەكەش چەند فیلمێك خەڵاتی فێستیڤاڵ وەربگرن.

ئێران پێداچوونەوە بە یاسای “حیجاب”دا دەكات
پێت ئێران پێداچوونەوە بە یاسای “حیجاب”دا دەكات
ئەو ڕاستیەی تورکیاو ئێران لەبیرخۆیانی دەبەنەوە
دوات ئەو ڕاستیەی تورکیاو ئێران لەبیرخۆیانی دەبەنەوە
پەیوەندیدار