دڵسۆزترین هاوپەیمانی ئەمریکاین، لەبیرمان مەکەن

  • 631 بینین

مەزڵوم عەبدی

لە ساڵی ٢٠١٤دا جیهان دەربارەی زێدی من کۆبانێ و گەلەکەم کوردەکانی سووریا زانیاریان پیگەیشت، کاتێک بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرامبەر دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) کارمان کردوو، یەکەم شکستی گەورەی ئەو ڕێکخراوە لەسەردەستی ئەو هاوپەیمانییە بوو، هەر ئەو هاوپەیمانییانەی پێکمانهێناو بەشداربووین تێیدا، بووە هۆی کۆتایی هاتنی خەلافەتی داعش لە ساڵی ٢٠١٩.

 

ئێستا هەڕەشەی سەرمان لە تیرۆری دەوڵەتی ئیسلامییەوە، گواستراوەتەوە بۆ هاوپەیمانێکی ئەمریکا و ئەندامێکی ناتۆ، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە سوپاکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆمب بەسەر شارەکانماندا دەبارێنێ و خەڵکی سڤیل دەکوژێت و ژێرخانی گرنگی مەدەنی خاپوور دەکات و هێزەکانی سوریای دیموکراتی کردۆتە ئامانج کە کاردەکەن بۆ ئەوەی مەترسییەکانی داعش سەرهەڵنەداتەوە.

 

بۆ خەڵکی ناوچەکەمان شکستی سەربازی دەوڵەتی ئیسلامی هەرگیز تاکە ئامانج نەبووە، لە هەر هەنگاوێکی شەڕی ئێمە لە دژی گرووپی تیرۆریستی (داعش) لە بەرەکانی شەڕدا، هەنگاو بووە بۆ هێنانە ئارای سیستمێک لەسەر بنەمای گشتگیری و فرەیی و یەکسانی،

بۆ نموونە لە ڕەققە کە ڕۆژانێک ئەبوبەکر بەغدادی تێیدا حوکمڕانی داعشی دەکرد، ئێستا ژنانی سووریایی سەرکردەی دیارن.

 

لە پێناو پابەندبوون بە تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی، لە ساڵی ٢٠١٥ هێزەکانی سووریای دیموکراتمان دامەزراند، کە هاوپەیمانییەک بوو لە کورد و عەرەب و ئاشوورییەکان، لە هەر شارێکدا کە ئازادمان دەکرد، گەلەکەمان ئیدارەی خۆجێیی دروستدەکرد کە بۆ یەکەمجار لە سووریا نوێنەرایەتی هەموو نەتەوە و ئایینەکانمان دەکرد و دەسەڵاتی یەکسانمان بە ژنان دەبەخشی.

 

هەندێک جار ڕەخنەمان لێگیراوە کە هاوشانی بەها دیموکراسیەکان نەبووین، لێرەدا ناچار بووین، چونکە بەردەوام لە شەڕدا بووین بۆ بوونی خۆمان و مانەوەی گەلەکەمان کۆشاوین و لە ژێر گەمارۆی ئابووریی قورسدا ژیانمان رێکردووە، بەڵام لە ڕووی کوالیتی حوکمڕانی و ئاسایشەوە توانیومانە کاری بێ وێنە بکەین و شایستەیی توانای حکومداریمان هەموو دەسەڵاتێکی دیکەی لە سووریا تێپەڕاندووە، هیچ کام لەمانەش بەبێ سەرکەوتن لە کۆبانێ و پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ بەرخۆدانمان کە هاتە ئارا، نەدەکرا، ئێستاش هێرشی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکەمان هەموو ئەوانە دەخاتە ژێر هەڕەشەو مەترسی.

 

بۆردوومانەکان لە شاری سنووریی دێریک کە شوێنی نیشتەجێبوونی کورد و ئێزیدی و مەسیحییەکانە، زیاتر لە ١٠ هاووڵاتی مەدەنی تیایدا گیانیان لەدەستداوە، بنکەیەکی نزیک شاری حەسەکە کراوەتە ئامانج، کە تەنها سەد مەتر لە هێزەکانی ئەمریکاوە دوورە، کە لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا کار بۆ بلانرێژی ئۆپەراسیۆنەکان دژی داعش دەکەین تیایدا، من پێم وایە ئەمە هەوڵێک بوو بۆ کۆتایی هێنان بە ژیانی من، تورکیا ئەمساڵ چەند هاوکارێکی منی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئیدارەی ئێمەی تیرۆر کردووە.

 

بە زیادبوونی ژمارەی کردەوەکانی تیرۆر و چڕکردنەوەی بۆردومانەکان، ئەردۆغان بەردەوامە لە هەڕەشەی لەشکرکێشی زەمینی بۆ سەر خاکەکەمان، ئێمە دەزانین لێکەوتەی هێرشێکی لەو شێوەیە چی دەبێت، چونکە تورکیا پێشتر دووجار ئەم کارەی کردووە.

 

لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ و سەرێکانی و تەلئەبیاد لە ساڵی ٢٠١٩ سەدان هەزار کەسی ئاوارە کرد و شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی پەکخست، دوای ساڵانێک لە باڵادەستی دەسەڵاتی تورکیا، ئەم ناوچانە ئێستا بە ناسەقامگیری، شەڕی ناوخۆ و بوونی سەدان چەکداری توندڕەو بەدناون.

 

لەو جێگایانەی کە سەردەمانێک ئیدارەی ئێمە پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئازادی ئایینی و مافەکانی ژنانی پاراستووە، هێزەکانی تورکیا و میلیشیاکانی سەر بە تورکیا، پێشێلکاریی بەرامبەر بە کەمە نەتەوە و ئایین و ژنان دەکەن.

 

لە سەردەمی ئیدارەی ئێمەدا عەفرین تاکە بەشی باکووری ڕۆژئاوای سووریا بوو، کە دەستی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکانی پێنەگەیشتبوو، دوای ئەوەی کەوتە ژێر کۆنترۆڵی تورکیا، ئێستا گروپەکانی سەر بە ئەلقاعیدە بە ئازادی لەسەر خاکەکەی چالاکی دەکەن.

 

تورکیا بە بیانووی تەقینەوەیەک لە ئەستەنبوڵ کە ئێمە لێی بێبەرین، هەڕەشە لە گەلەکەمان و ئەو ئاسایش و سەقامگیرییە دەکات کە ئێمە قوربانیمان لە پێناودا داوە ئەردۆغان وەک بیانوویەک بۆ شەڕ، هێزەکانی ئێمەی بە تێوەگلان لە تەقینەوەیەکی کوشندە لە ئەستەنبوڵ تۆمەتبار کردووە، با ڕوونی بکەمەوە: ئێمە ئەم کردەوە تیرۆریستییە ئیدانە دەکەین، هەموو تۆمەتەکانی تێوەگلان ڕەتدەکەینەوە و دیسانەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی قوربانییەکان دەکەین،ئێمە بانگەوازی خۆمان بۆ لێکۆڵینەوە دووپاتدەکەینەوە و ئامادەین هاوکار بین ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی روون و ئاشکرا بکرێت.

 

لە پێشتردا، بێشومار بە تەنیا بەرخۆدانمان کردووە، ئەگەر ناچار بین جارێکی تر بەرەنگاری دوژمن دەبینەوە، ئەوەی ئێمە داوای دەکەین ئەوەیە جیهان لە ئەرکێکی قورستردا لەگەڵمان بێت، ئێمە پێمان وایە ڕەگ و ڕیشەی ئەو ململانێیانەی کە ئەوەندە ئازار و مەینەتی بۆ ناوچەکەمان هێناوە، سیاسین، ڕق و کینەیەکی سروشتی لە نێوان کورد و تورکدا نییە، سەرکردەکانی تورکیا ئەو بژاردە سیاسییەیان دیاریکردووە، کە کورد وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی ببینن و لە مافە بنەڕەتییە دیموکراسییەکان بێبەشی بکەن.

 

لە ماوەی ڕابردوودا ئەردۆغان دانوستانی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداری نێوان ئەو گرووپە و دەوڵەتی تورکیا و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگای ئاشتیانە، کاتێک ئەو گفتوگۆیانە دەکران، ئێمە لەگەڵ دراوسێ تورکەکانمان بە ئاشتی دەژیاین.

 

کاتێک هەرێمەکەمان لە ٢٠١٩دا لەژێر هەڕەشەدا بوو، پارتی کرێکارانی کوردستان، لە هەمان ئەم ڕۆژنامەیەدا پێشنیاری کرد، دابنیشن و بەدوای چارەسەری سیاسیدا بگەڕێن، بەڵام داواکە بێ وەڵام مایەوە و تورکیا تەنها چەند مانگێک دواتر دوو شاری ئێمەی داگیرکرد.

 

هەرچەندە کەس ناتوانێت کات بگەڕێنێتەوە دواوە، بەڵام دەتوانین لە کارەساتەکانی ڕابردوو فێربین، ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەوکات بە توندی دژی لەشکرکێشییەکەی تورکیا بوەستابا و بۆ ئاشتی قسەی بکردایە، ڕەنگە شتەکان زۆر جیاوازتر بوونایە.

 

ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ئامادەین ڕۆڵێکی یارمەتیدەر بگێڕین لە دەستپێکردنەوەی دانوستان و گەیشتن بەو ئاشتییەی کە بەدوایدا دەگەڕێین، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دەستبەجێ هەنگاوی جددی بنێن بۆ پێشگرتن لە لەشکرکێشی تورکیا و بەرەوپێشبردنی چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد و گەلەکەمان و ئاسایشی ناوچەکە، لەسەر بنەمای دیموکراسی و پێکەوەژیان و مافی یەکسان.

سەرچاوە؛ واشنتن پۆست

ئەو ڕاستیەی تورکیاو ئێران لەبیرخۆیانی دەبەنەوە
پێشت ئەو ڕاستیەی تورکیاو ئێران لەبیرخۆیانی دەبەنەوە
مەزڵوم کۆبانێ بۆ ئەمریکا؛ دڵسۆزترین هاوپەیمانتانین لەبیرمان مەکەن
دواتر مەزڵوم کۆبانێ بۆ ئەمریکا؛ دڵسۆزترین هاوپەیمانتانین لەبیرمان مەکەن
پەیوەندیدار