مەترسی تای خوێنبەربوون کاریگەری لەسەر قوربانی دروستکردووە



ئاژەڵدارانی بازاڕی ئاژەڵان لە شاری ھەولێر ماوەیەکی زۆرە ئاژەڵەکانیان بۆ جەژنی قوربان ئامادە دەکەن و چەند ڕۆژێکیش بەرلە هاتنی جەژنی قوربان بە دەرفەتی دەزانن بۆ ئەوەی ئاژەڵەکانییان بفرۆشن، ئاژەڵداران ئاماژە بەوە دەکەن، کە بوونی تای خوێنبەربوون، هەروەها تێچووی زۆری باج و ڕسوماتی گومرک کاریگەری لەسەر بازاڕەکەیان دروستکردووە.

حاجی ڕەفیق دەڵاڵ، كە كاری ئاژەڵفرۆشتنە بۆ ئاژانسی (ئانادۆڵو) وتی: “ئەمساڵ بازاڕ بە گشتی گرانە، نرخی قەسابیش گرانە، ئێستا لە دوکانی خۆمان نرخی یەک کیلۆ جوانەگا دەکڕین بە 8 هەزار دینار، لەلایەک خواست لەسەر گۆشت زۆرە، لەلایەکی دیکە رێنماییەکانی قایمقامیەت کاریگەری خراپی کردە سەر بازاڕ و داوا دەکەین چاوێک بە بڕیارەکەدا بخشێنرێتەوە چونکە لەماوەی ئەو ٧٢ کاتژمێرەی جەژنی قوربان ئەو ھەموو خەڵکە ناتوانێت ئاژەڵەکانییان ببەنە سەربڕخانە و لەوێ سەریانبڕن، چونکە ھەر دوای نوێژی جەژن ڕەنگە 5 ھەزار ئاژەڵ لە ھەولێر سەرببڕێت، ئەو ھەموو ئاژەڵە ناتوانرێت بچێتە سەربڕخانە، من بۆخۆم چەند ساڵە قوربانی دەکەم، ئەگەر لە ماڵی خۆم نەبێت، نایکەم”.

وتیشی: “خەڵک ھەیە ئاژەڵی کڕیووە و بەهۆی رێنماییەکانی قایمقامیەت پەشیمان بووەتەوە، چونکە حەزی کردووە ئاژەڵەکە لە ماڵەوە سەر ببڕێت، بۆیە داوا لە قایمقامیەت و لیژنەکانی تەندروستی دەکەین بە رێنماییەکاندا بچنەوە بەجۆرێک با قەسابەکان لە ماڵەکاندا رێنماییەکان جێبەجێ بکەن وەک بەکارهێنانی دەستەوانە و لە پێکردنی پۆتینی درێژ، جگە لەوەش ئەگەر لە ماڵەوە ئاژەڵەکان سەرببڕین بە نیو کاتژمێر تەواو دەبێت، بەڵام لە قەسابخانە کاتێکی زۆری دەوێت و ئەرکێکی زیاترە بۆ هاووڵاتییان”.

بە وتەی حاجی رەفیق دەڵاڵ، نرخی کاوڕ 8 هەزار دینار، مەڕ لە 5 بۆ 6 ھەزار دینار و جوانەگا لە 8 بۆ 9 ھەزار دینارە.

قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە نابێت ئاژەڵ لە ماڵ و ناو کۆڵان و شەقامەکاندا سەرببڕێت و پێویستە هاووڵاتییان ئاژەڵەکانییان ببەنە سەربڕخانە و لەوێ بە شێوەیەکی تەندروست پشکنییان بۆ بکرێت ئینجا سەرببڕدرێن، بەڵام ئاژەڵفرۆشان داوا دەکەن قایمقامیەت بە رێنماییەکاندا بچێتەوە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە رێنماییەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر مامەڵە و بازاڕ دروستکردووە.

هاوکات ئاژەڵفرۆشێکی دیکە تێچووی گومرک و کرێی گواستنەوە بە هۆکارێک دەزانێت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی ئاژەڵ و داواش دەکات کە پێداچوونەوە بە رسوماتی گومرک بکرێت.

ئاژەڵفرۆش عەزیزخان ھەرکی ڕایگەیاند، “ئەمساڵ بازاڕ گرانە، چونکە ئاژەڵ رسوماتی گومرکیی زۆر خراوەتە سەر و کرێی گواستنەوەش گران بووە، هەروەها حەقدەستی قەسابەکانیش زیادبووە، هەموو ئەوانە وایکردووە کە ئاژەڵ گران بێت، بۆیە ئێمەش ناچارین نرخەکان گران بکەین و بە گرانیش لەسەر هاووڵاتییان بکەوێت”.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمساڵ بەھۆی بوونی تای خوێنبەربوون و بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە، لیژنەکانی تەندروستی و قایمقامیەت ژمارەیەک رێنماییان دەکردووە ھاوکات سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند، کە بەپێی دوایین راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، کە ڕۆژی یەک شەممە بە دەستیان گەیشتووە، لە عێراق ٨٦٥ گومانلێکراو بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە. لەو ژمارەیە ٢٦٥ حاڵەت پشتڕاستکراونەتەوە و ٦٩ تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.

وەزیری تەندروستی ڕاشیگەیاند، کە تا ئێستا ٢٣ گومانلێکراو بە تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە ھەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوە، لەو ژمارەیە، ١١ حاڵەت پشتڕاستکراونەتەوە، کە ھەڵگری ڤایرۆسەکەن و لەو ١١ حاڵەتەش 5 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

 

خۆڵبارین دەستپێدەكات و پلەی گەرما نزم دەبێتەوە
پێشت خۆڵبارین دەستپێدەكات و پلەی گەرما نزم دەبێتەوە
حەكیم: هەر كارێكی سیاسی خزمەتی گەل نەكات بەهای نییە
دواتر حەكیم: هەر كارێكی سیاسی خزمەتی گەل نەكات بەهای نییە
ەیوەندیدار