کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکایی گەیشتە ڤێتنام



دوای چەند هەفتەیەک لە دەربڕینی ناڕەزایەتی هانۆی دژی کەشتییە چینییەکان لە ئاوەکانی وڵاتەکەیاندا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ – ٦ – ٢٠٢٣ کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکی رۆناڵد ریگان گەیشتە شاری دانانگ لە ڤێتنام.

 

هاتنی کەشتیی یو ئێس ئێس ڕۆناڵد ڕیگان بۆ بەندەری دانانگ، هاوکاتە لەگەڵ ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی دەیەمین ساڵیادی “هاوبەشی هەمەلایەنەی” نێوان هەردوو وڵات لەلایەن ئەمریکا و ڤێتنامەوە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان و لێکنزیکبوونەوەیان لە بەرامبەر نیگەرانییەکان سەبارەت بە زیادبوونی هەژموون و کاریگەرییەکانی چین لە ناوچەکەدا.

 

بەلەمێکی ڕووپێوی چینی و چەند کەشتییەکی پاسەوانی کەناراوەکان و بەلەمی ماسیگرتن بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە ناوچەی ئابوری تایبەتی ڤێتنام لە دەریای باشووری چین کاریان دەکرد، ئەمەش وایکرد وەزارەتی دەرەوەی ڤێتنام فەرمانیان پێبدات دەستبەجێ ناوچەکە بەجێبهێڵن،دواجار بەلەمەکان لە سەرەتای مانگی حوزەیران لە ناوچەکە بەڕێکەوتن.

 

نگوین تی فۆنگ، پسپۆڕی ئاسایشی دەریایی لە زانکۆی نیو ساوس وێڵز کانبێرا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، “ئەم کەشتییە فڕۆکە هەڵگرە پەیامێک دەنێرێت کە ڤێتنام بەردەوامە لە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە دژی چین بە باشترکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و زلهێزەکانی دیکە”.

 

هاتنی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکەی ئەمریکا دوای هاتنی کەشتییەکانی هێزی دەریایی هیندستان بۆ شاری دانانگ لە مانگی ڕابردوو و جێگیربوونی گەورەترین کەشتی جەنگی ژاپۆن لە کام ڕان لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا هات.

 

فام توێ هانگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڤێتنام، سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاندبوو، جێگیرکردنی کەشتییە بیانییەکان لە بەندەرەکانی وڵاتەکەدا، “دەربڕینێکی دۆستانە و ئاساییە بۆ ئاشتی، سەقامگیری، هاوکاری و گەشەپێدان لە ناوچەکە و جیهاندا”.

 

بە وتەی فۆنگ، پەیوەندییە دووقۆڵییە بەهێزەکانی نێوان ئەمریکا و ڤێتنام بۆ واشنتۆن گرنگییەکی زۆری هەیە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، “ئەمریکا هیوادارە بە ناردنی یەکێک لە دیارترین کەشتییە دەریاییەکانی، هاوبەشییەک لە ڤێتنام دابمەزرێنێت کە بتوانرێت متمانەی پێبکرێت و پشتی پێ ببەسترێت”.

 

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە مانگی نیسانی ڕابردوودا سەردانێکی کورتی بۆ هانۆی ئەنجامدا و خواستی خۆی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ڤێتنام نەشاردەوە.

 

ئەمە سێیەمین سەردانی کەشتیی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکییە بۆ ڤێتنام دوای ئەوەی کەشتیی USS Carl Vinson لە ساڵی ٢٠١٨دا جێگیرکرا، کە یەکەم سەردانی بوو لە جۆری خۆیدا لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگەوە.

وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە
پێشت وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە
ڕەشەباکە تا کەی بەردەوام دەبێت؟
دواتر ڕەشەباکە تا کەی بەردەوام دەبێت؟
ەیوەندیدار