دژە تیرۆری عێراق ئامادەیی بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە دەردەبڕێت



لە پێشهاتێکی چاوەڕوان نەکراودا، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە دژی پەکەکە دەکات، ئەگەر هاتوو سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانیان پێ بکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، عەبدولوەهاب ساعیدی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە کۆنگرەیەیکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ئەگەر محەمەد شیاع سودانی رێنماییمان پێ بدات، هاوشێوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە ئۆپەراسیۆن بۆ سەر پەکەکەیش ئەنجام دەدەین”.

ساعیدی لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی “ئایا ئۆپەراسیۆن بۆ سەر پەکەکە ئەنجام دەدەن؟” وتی: “وەک فەرماندەییی دژەتیرۆری عێراق ئامادەین بەرەنگاری هەموو جۆرە رێکخراوێکی تیرۆریستی ببینەوە. ئەگەر سەرۆکی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی رێنماییمان پێ بدات ئامادەین (ئۆپەراسیۆن بۆ سەر پەکەکە) هەموو ئەرکێک ئەنجام بدەین. فەرماندەیییەکەمان لە هەموو شارەکان چالاکە”.

ئەمە بە یەکەم لێدوانی لەو جۆرە دادەنرێت کە تا ئێستا سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە دژی پەکەکە بیدات و پێدەچێت لە چوارچێوەی فشارەکانی ئەنقەرەدا بن بۆ سەر بەغدا.

ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو ماڵپەڕی ئەلعەرەبی جەدید لە زاری بەرپرسێکی عێراقیەوە بڵاویکردبووەوە، “بوونی هاکان فیدان لە وەزارەتی دەرەوە و یاشار گولەر لە وەزارەتی بەرگری لە کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا، بە مانای پێداگری زیاتر دێت لە هەندێک مەلەفدا، بەتایبەت ئەو مەلەفانەی پەیوەندییان بە پارتی کرێکارانی کوردستان و بوونی سەربازانی تورکیا لە خاکی عێراق، لە باکووری وڵات هەیە”.

ئەو بەرپرسە پێیوایە، “زیادکردنی پشکی عێراق لە ڕووباری دیجلە و فورات، لە بەرامبەر توندکردنەوەی ڕێکارەکانی عێراق لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دژایەتیەکانی تورکیا لە ناوخۆی عێراقدا، دیارترین تەوەری گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵات دەبن”.

نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە دھۆک دروست دەکرێت
پێشت نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە دھۆک دروست دەکرێت
لەسەر بێزارکردنی هاووڵاتیان دەستگیرکران، بەڵام تاوانەکانی دیکەشیان ئاشکرا بوو
دواتر لەسەر بێزارکردنی هاووڵاتیان دەستگیرکران، بەڵام تاوانەکانی دیکەشیان ئاشکرا بوو
ەیوەندیدار