دەستی بە دەستی توركیا هەناردەی نەوتی هەرێم دوادەخات



واشنتۆن پێی وایە لەگەڵ دابینکردنی نەوت و گاز لە جیهاندا، کە بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامدایە بەهۆی لەشکرکێشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکراینا، گرنگی ئامادەبوونی لەناو کەرتی نەوتی عێراق لە هەموو کاتێک پێ‌ گرنگترە.

ئەمڕۆ دوو شەممە، کۆبوونەوەی شاندێکی تەکنیکی تورکیا لە کەرتی وزە و بەرپرسانی عێراق لە بەغدا کۆتایی هات بەبێ ئەوەی بگەنە لێکتێگەیشتنی کۆتایی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی كوردستانەوە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.

پێناچێت ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا هێندەی سیاسین تەکنیکی بن، چونکە تورکیا بەشێوەیەکی سەرەکی هەوڵ دەدات بۆ خۆلادان لە تەنگەژەی پێدانی 1.5 ملیار دۆلار بە لایەنی عێراقی بەپێی بڕیارێکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، لەڕێگەی سازش كردنی حکومەتی عێراق، كە پێویستی بە گەڕانەوە هەیە بۆ هەناردەکردنی نەوتی خاو لە باکووری وڵاتەوە.

ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی عێراق ڕۆژانە زیانی ملیۆنان دۆلاری بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

دوو بەرپرسی عێراقی بۆ ئاژانسی (ڕۆیتەرز) ڕایانگەیاند، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەبێت گفتوگۆی زیاتر بکرێت، کە ڕاگیرا دوای ئەوەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ئەنقەرە پابەند دەکات بە پێدانی ڕسومات و قەرەبووی حکومەتی فیدراڵی عێراق بۆ ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە هەناردەی كردووە دوور لەدەسەڵاتی ئیدارەی نەوتی عێراق، کە کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتی (سۆمۆ) نوێنەرایەتی دەکات.

بەرپرسێکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، وتی: “تاوتوێی سەرجەم لایەنە تەکنیکییەکانی پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەکەین، بەڵام بڕیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئەمڕۆ ڕوونادات و پێویستە کۆبوونەوەی زیاتر ئەنجام بدەین”.

دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی بڕیاری خۆی لە دۆسیەیەکی ناوبژیوانیدا دەرکرد، تورکیا لە 25ی ئازاردا هەناردەکردنی 450 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە لە ڕێگەی بۆری عێراق-تورکیا ڕاگرت.

ئەو بەرپرسەی دیکەی پەیوەندیدار بە نەوتەوە ئاماژەی بەوەدا، کە تورکیا دەیەوێت دانوستان لەسەر ئەو بڕە قەرەبووە بکات، کە بڕیارەکەی ژووری بازرگانی پاریسدا هاتووە، هەروەها هەوڵدەدات بابەتەکانی پەیوەست بە دۆسیەکانی دیکەی ناوبژیوانی کراوە ڕوون بکاتەوە.

ئەو بەرپرسەی تریش دەڵێت: “بڕیاری دەستپێکردنەوەی پەمپکردنی نەوت پێویستی بە گفتوگۆ هەیە لەسەر ئاستە سیاسییە باڵاکان، چونکە ئەو ئاستەنگانەی ڕێگرن لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت زیاتر سیاسین نەک تەکنیکی”.

هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دواکەوت بەهۆی هەڵبژاردنەکانی مانگی ڕابردووی سەرۆکایەتی تورکیا و گفتوگۆکانی نێوان کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی حکومەتی عێراق (سۆمۆ) و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕێکەوتنێکی هەناردەکردن، کە ئێستا گەیشتووەتە ئەنجام.

هیواکان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی کارەکانیان کاتێک بەرزبووەوە، کە لە ٣ی حوزەیران، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ئەلب ئەرسلان بایراکتەری وەک وەزیری وزە لە حکومەتە نوێیەکەی پێنج ساڵەی خۆیدا دەستنیشانکرد.

بەپێی خەمڵاندنەکانی ئاژانسی (ڕۆیتەرز)، بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە 87 ڕۆژی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێم زیاتر لە 2.2 ملیار دۆلار زیانی پێ‌ گەیشتووە، ئەمەش بە پشتبەستن بە هەناردەکردنی 375 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا و دابەزاندنی مێژوویی نرخەکانی حکومەتی هەرێم بەرامبەر نەوتی خاوی برێنت.

هەروەها ئەو بۆرییە ڕۆژانە نزیکەی 75 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی فیدراڵی لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوکی عێراقەوە هەڵدەگرت.

بەغدا بودجەی ساڵی 2023ی پەسەند کرد، بەپێی ئەو بودجەیە هەرێمی کوردستان لەسەدا 12.67ی تەرخانکراوەکان وەردەگرێت، کە كۆی گشتی بودجەكە 198.9 ترلیۆن دینارە، کە دەکاتە 153 ملیار دۆلار، بەڵام هەرێمی كوردستان دەبێت نەوتەکەی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات بۆ ئەوەی پشكی بودجەی خۆی وەربگرێت.

حکومەتی هەرێم پشت بە گواستنەوەی دارایی دەبەستێت، کە لە بەغداوە دێت، کە تا ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 1.6 ترلیۆن دیناری عێراقی، کە دەکاتە یەک ملیار و 22 ملیۆن دۆلار، بە گوتەی چوار بەرپرسی حکومەتی عێراق.

لە نامەیەکدا، کە بەرواری ١٥ی حوزەیران بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا داوایان لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە بەردەوام بێت لە فشارەکانی سەر تورکیا و عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.

لای خۆشیەوە، سه‌باح سوبحی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و سامانه‌ سروشتیه‌كان له‌ پەرلەمانی عێراق بۆ میدیا عێراقییەكان ڕاگه‌یاند، توركیا سێ مه‌رجی سه‌ره‌كی داناوه‌ بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان.

وتیشی: لێخۆشبوون له‌و قه‌ره‌بووه‌ی كه‌ دادگای پاریس بەسەر تورکیای سەپاندووە یەکێکە لە مەرجەکان، دووه‌م مه‌رج بریتیه‌ له‌وه‌ی شایسته‌ی دارایی كۆمپانیا توركیه‌كان پارێزراو بێت و ده‌شبێت توركیا وه‌ك لایه‌نی سێیه‌م له‌م پرۆسه‌یه‌دا به‌شداری هه‌بێت و رۆڵی پێبدرێت.

مالكی: هەرێم بە یاسای نەوت و غاز ڕازی نابێت و لە بەرژەوەندییان نییە
پێشت مالكی: هەرێم بە یاسای نەوت و غاز ڕازی نابێت و لە بەرژەوەندییان نییە
کۆبونەوەکەی ئەمریکاو چین تەنها 35 خولەکی خایاند
دواتر کۆبونەوەکەی ئەمریکاو چین تەنها 35 خولەکی خایاند
ەیوەندیدار