لە ساڵی رابردووە تا ئێستا دادگای باڵای فیدراڵیی ٥ بڕیاری دژ بە ھەرێمی کوردستان دەرکردووە



لە ساڵی ٢٠٢٢وە تا ئێستا، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق پێنج بڕیاری دژبە ھەرێمی کوردستان دەرکردووە لەوانە، نادەستوورییبوونی یاسای نەوت و غاز، ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ھێنانی ژنی دووەم، بە نادەستوورییبوونی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان، نادەستوورییبوونی ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، ھەروەھا بەنادەستوورییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان.

بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی کە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییە لە عێراق، یەکلاکەرەوەن و ھیچ لایەک ناتوانێت تەنەیان لێ بدات، بەڵام شارەزایانی یاسایی ‌و دەستووریی لە ھەرێم ‌و عێراق پێیانوایە رێککەوتنە سیاسییەکان دەتوانن تەواوی بڕیارەکان رابگرن ‌و ھیچ کام لەو بڕیارانە جێبەجێ نەکرێن.

 

بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی لەبارەی یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان

رۆژی ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا کە یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان نا دەستوورییە و پێویستە ھەڵبوەشێندرێتەوە، چونکە بڕیاری دەرھێنان و فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان پێچەوانەی ماددەکانی ١١٠، ١١١، ١١٢، ١١٥، ١٢١ و ١٣٠ی دەستوورە، ھەروەھا حکوومەتی عێراقیش، وەزارەتی نەوت و دیوانی چاودێری دارایی عێراقی پابەند کرد کە چاودێری تەواوی گرێبەستەکانی فرۆشتنی نەوت و گاز بکەن.

بەپێی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت بە رادەستکردنی تەواوی داھاتەکانی نەوت بە بەغدا، ھاوکات حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستە ھەموو خەرجییەکانی دانیشتنی دادگاییکردنەکەی رۆژی ١٥ی شوبات لە ئەستۆ بگرێت.

ھەروەھا دادگای باڵای فیدراڵیی لە بڕیارەکەدا رایگەیاندبوو کە پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەواوی بڕگەکانی بڕیارەکە جێبەجێ بکات، ھەرسێ لایەنی حکوومەتی عێراق، وەزارەتی نەوتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندکراون بە جێبەجێکردنی بڕیارەکان.

بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی کاردانەوەی خێرا و توندی حکوومەت و پەرلەمان و لایەنەکانی ھەرێمی کوردستانی بەدواداھات.

گەورە بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵییان بە نادەستووریی لەقەڵەمدا و رایانگەیاندبوو کە بڕیارەکە، ئەوەندەی سیاسییە، ئەوەندە یاسایی و دەستووریی نییە.

لەوبارەیەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی ئاماژەی بەوەدابوو کە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی قابیلی جێبەجێکردن نییە و رایگەیاند: “لە کاتێکدا عێراق بە دۆخێکی ئاڵۆزی سیاسییدا تێدەپەڕێت، بەداخەوە بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ھەرێمی کوردستانی تووشی نیگەرانییەکی گەورە کرد، پێمانوایە ئەم بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵیی کە پشتی بە یاسایەکی سەردەمی رژێمی پێشوو بەستووە، بنەماکانی فیدراڵیی و مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستانی پشتگوێخستووە و لەگەڵ گیانی دەستوور و سیستەمی فیدراڵییدا نایەتەوە، لەسەر ئەرزی واقعیش قابیلی جێبەجێکردن نابێت”.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند: “ئەم بڕیارە کێشەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر دۆسیەی نەوت و غاز ئاڵۆزتر دەکات، بۆیە چاوەڕوانیمان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ھەیە و داوا دەکەین پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکات و بنەماکانی دەستوور و سیستەمی فیدراڵیی رەچاو بکات”.

لای خۆیەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەتی کردبوویەوە کە ھەنگاوی نادەستوورییان نابێت و رایانگەیاندبوو: “بەپێی دەستوری عێراق بواری نەوت و غاز لە دەسەڵاتی رەھای حکوومەتی فیدراڵیی نییە بەپێی ماددەی ١١٢ی دەستوور و ئەم ماددەیە دانی ناوە بە مافی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرھێنان و پەرەپێدانی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان”.

ئاماژەی بەوەشدابوو کە، بڕیارەی دادگای باڵای فیدراڵیی نادادپەروەران و نادەستورییە و دژبە ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی ھەرێمی کوردستانە و قبوڵکراو نییە و جەختی کردبوویەوە لەسەر ئەوەی کە پێویست بوو دادگا لێکۆڵینەوەکانی فراوانتر بکات و رەچاوی داواکارییەکانی ھەرێمی کوردستانی بکردایە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستبەرداری مافەکانی ھەرێمی کوردستان نابێت کە لە دەستووری عێراقدا جێگیرکراون.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان باسی لەوەیش کردبوو کە ھەموو رێکارێکی دەستووریی و یاسایی و دادوەریی دەگرنەبەر بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی ھەموو ئەو گرێبەستانەی کە لە بواری نەوت و غازدا کراون.

ھەروەھا پەرلەمانی کوردستان رەخنەی لە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی گرت و رایگەیاندبوو: “دەرکردنی یاسای نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان پاش نائومێدبوون بووە لەوەی کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئەرکی دەستووریی خۆی لە دەرکردنی یاسای نەوت و غازی فیدراڵی ھەڵناستێت لە نەبوونی ئەم یاسا گرنگە فیدراڵییەشدا، کار بە ھەندێک یاسای سەردەمی رژێمی پێشوو دەکرێت کە یاساگەلێکن بە بیری ناوەندگەرایی داڕێژراون”.

بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ھێنانی ژنی دووەم

رۆژی ٣٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە ھەڵوەشاندنەوەی مادەی ١٨ی یاسای ھەمواری جێبەجێکردنی یاسای باری کەسێتی کە تایبەتە کە ھێنانی ژنی دووەم لە ھەرێمی کوردستان و لەو ماددە ھەموارکراوەدا ھاتووە: “ئەگەر پیاوێک ژنی دووەمی ھێنا، ئەوە ژنی یەکەمی مافی جیابوونەوەی دەبێت”.

بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق ئەو ھەموارەی ماددەی یاساکە لە پەرلەمانی کوردستان، پێچەوانەی دەستووری عێراقە کە تیایدا ئایینی ئیسلام بنەمای سەرەکییە، لە بڕیارەکەدا ھاتووە: “ھیچ مەزھەبێکی ئایینی ئیسلام پاڵپشتی ئەو ماددە ھەموارکراوە ناکات”.

 

 بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستانەوە

رۆژی چواری تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستانەوە بڕیاریدا و رایگەیاندبوو: “کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان نادەستوورییە”.

دادگای فیدراڵیی لە بڕیارەکەیدا روونیکردبوویەوە کە مافی دەنگدان و ھەڵبژاردن و خۆکاندیدکردن یەکێکە لەو مافانەی کە دەستوور گەرەنتی کردووە و یەکێک لە گرینگترین رێگاکان بۆ بەدیھێنانی دیموکراسی دۆزینەوەی دەستەیەکی سەربەخۆیە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و رێگریکردنە لە دەستێوەردانی دەسەڵاتدارانی دەوڵەت و ھێزە سیاسییەکان.

لە بڕیارەکەی داداگای باڵای فیدراڵیی ئەوەیش خرابووەڕوو کە بەڕێوەبردنی کۆمیسیۆن ھەڵبژاردنەکان لەلایەن ھێزە سیاسییەکانەوە، کۆمیسیۆن بێلایەنی و سەربەخۆیی خۆی لەدەست دەدات، ھەروەھا دەستەبەرکردنی مافی خەڵک بۆ دەنگدان، ھەڵبژاردن و خۆکاندیدکردن، پرۆسەی سیاسی لە بنەما دەستوورییەکانی بێبەش دەکات و کاریگەری لەسەر رێژەی بەشداریکردنی ھاووڵاتییان لە ھەڵبژاردنەکاندا دەبێت .

لە بڕیارەکەدا ھاتبوو “دەستەواژەی ‘دەسەڵاتی تایبەت’ کە بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان سپێردراوە بەپێی ماددەی (دووەم / یەکەم) لە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٤ پێشێلکردنی بڕگەکانی ماددەی ( ٢٠ و ١٠٢)ی دەستووری کۆماری عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥، بەو پێیەی کاریگەریی لەسەر سەربەخۆیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ھەیە، نادەستووریە”.

 

بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە بارەی ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان

رۆژی ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا کە ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان نادەستوورییە

ئەو کات ئەندامی سەربەخۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مستەفا سەنەد رایگەیاندبوو، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریداوە، بڕیارەکانی حکوومەتی پێشوو و ئێستای عێراق لەبارەی ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان نادەستوورییە.

پێشتر ئەندامی سەربەخۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مستەفا سەنەد سکاڵایەکی لەبارەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵیی تۆمارکردبوو.

مستەفا سەنەد لە سکاڵایەکدا، داوای لە دادگای باڵای فیدراڵیی کردبوو، بڕیارەکانی ژمارە ھەشتی ساڵی ٢٠٢٢ و ژمارەکانی (٤٠١، ٢٥٧، ٢٢٦، ١٩٤ی ساڵی ٢٠٢١)ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ھەڵبوەشێندرێنەوە کە لەبارەی ناردنی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ ھەرێمی کوردستان دەرکراون.

بەرپرسانی باڵای ھەرێمی لەبارەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بە نادەستوورییبوونی ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە رایانگەیاندبوو، ئەو بڕیارە بڕیارێکی تەواو نادادپەروەر و ستەمکارانەیە.

بەرپرسانی باڵای ھەرێمی کوردستان، بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سەبارەت بە نادروستیی ناردنی شایستەی دارایی و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی عێراقەوە لە ساڵانی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢، بە بڕیارێکی نادادپەروەر و ستەمکارانەیە لەقەڵەمدان و ئاماژەیان بەوەیشدابوو، ئەو بڕیارە نەک تەنھا مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان کە ھاووڵاتیی عێراقن، بەڵکو تەواوی پڕۆسە و سەقامگیریی سیاسی و ئەو رێککەوتنەش بە ئامانج دەگرێت کە حکوومەتی نوێی فیدراڵیی عێراقی لەسەر دامەزراوە.

 

بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان

رۆژی ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نادەستوورییبوونی درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.

سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، جاسم محەمەد عەبوود لە گوتەیەکدا لە میانی دانیشتنی دادگاکە تایبەت بە روانین لە داواکاری درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاندبوو “دەستوور خاوەنی دەسەڵاتی کۆتایی و ھەمیشەییە و بەڵگەنامەیەکی یاساییە کە رێساکانی خۆی بەسەر ھەموو دەسەڵاتەکاندا دەسەپێنێت و دەستووریش ئەو پڕەنسیپە بنەڕەتییانە رێکدەخات کە پڕۆسەی سیاسیی لەسەری بونیاد نراوە، لەوانەش سەروەری یاسا و گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەکانە”.

جاسم محەمەد عەبوود ئەوەیشی گوتبوو: “لە دەقی دەستووردا ھاتووە کە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان چوار ساڵە و ھەر دەقێکی یاسایی دیکەی پێچەوانەی دەستوور پووچەڵە”.

سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق راشیگەیاندبوو: “ھەرێمی کوردستان بەپێی بڕگەکانی دەستوور فیدراڵییە، ھەروەھا بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ دوای درێژکردنەوەی پێچەوانەی بڕگەکانی دەستوورە، ھەر بۆیە دادگا بڕیاریدا کە درێژکردنەوەی تەمەنی کارەکانی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان نادەستوورییە و خولی پێنجەم وادەکەی لە کاتی خۆیدا کۆتایی ھاتووە و ئەوەی دوای درێژکردنەوەکەی دەرچووە لە رووی دەستوورییەوە پووچەڵە”.

ھەرچەندە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی کە بەرزترین دەسەڵاتی یاساییە لە عێراق، یەکلاکەرەوەن و ھیچ لایەک ناتوانێت تەنەیان لێ بدات، بەڵام شارەزایانی یاسایی ‌و دەستووری لە ھەرێم ‌و عێراق پێیانوایە، رێککەوتنە سیاسییەکان دەتوانن تەواوی بڕیارەکان ڕابگرن ‌و ھیچ کام لەو بڕیارانە جێبەجێ نەکرێن.

 

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق تا ئێستا یەک بڕیاری لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان داوە

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا یەک بڕیاری لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان داوە.

دادگاکە لەسەر بنەمای سکاڵایەک کە پێشتر دژبە کردنەوەی ھەژمارێکی بانکی لە دەرەوەی عێراق تایبەت بەدانانی داھاتی نەوتی ھەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو، رۆژی ١٣ی ئەم مانگە کۆبوویەوە.

دوای لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە، هەمان رۆژ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵاکەی رەتکردەوە و رایگەیاند کە بڕیاردان لەبارەی کردنەوەی ھەژمارێکی بانکی لە دەرەوەی عێراق تایبەت بەدانانی داھاتی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی دادگاکەدا نییە.

ئەوەش یەکەمجارە کە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارێک لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان بدات.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

سوودانی: “گفتوگۆیەکی بنیاتنەر و بەرهەمدارمان لەگەڵ میری قەتەر ئەنجامدا”
پێشت سوودانی: “گفتوگۆیەکی بنیاتنەر و بەرهەمدارمان لەگەڵ میری قەتەر ئەنجامدا”
پیرۆ؛ مۆمیایەک دۆزرایەوە کە تەمەنی ٣ هەزار ساڵە
دواتر پیرۆ؛ مۆمیایەک دۆزرایەوە کە تەمەنی ٣ هەزار ساڵە
ەیوەندیدار