بەرهەمی گەنمی دەشتی شارەزوور دوو هێندە زیادیکردووە



جووتیارێکی دەشتی شارەزوور ئاماژە بەوە دەدات بەهۆی بارانبارینی پێویست، گەنم و جۆ، پڕ پیت و بەرەکەت بووە و پارچە زەوی وا هەیە ساڵانە لە کاتی دروێنەدا ١٠ تۆن بەرهەمی تێدا بووە، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووە بە ١٥ هەتا ٢٠ تۆن.

 

لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دروێنە، جووتیاران بە بەکارهێنانی ئامرازە جیاوازەکان بەرووبوومی گەنمەکانیان دەدوورنەوە و بەراورد بە ساڵانی رابردووش، بەرووبوومی گەنمی ئەمساڵ زۆر زیادیکردووە.

نازم حاجی فەتاح (تەمەن ٤٠ ساڵ) کە جووتیارێکی خەڵکی گوندی حەمەی بارامە لە بناری زڕگوێز لە دەشتی شارەزوور، لە کاتی سەرقاڵی بە دروێنەی گەنم، باسی لە بەرهەمی گەنمی لەمساڵدا کرد، هەروەک کێشەکانی بەردەم ساغکردنەوەی بەرهەمی دانەوێڵەکانیشی خستەڕوو.

 

ئەو جوووتیارە وتی، “ئەمساڵ بەروبووم زۆر باشە، سوپاس بۆ خودا، بەڵام ساڵانی پێشوو بێبارانی و وشکەساڵی بوو، بەرهەمی گەنممان هەتا بڵێی چاکە، ئەگەر ساڵان پارچە زەوییەک ١٠ تۆن گەنمی تیادا بووایە، ئێستا ئەگەر بەراوردی بکەیت ١٥ بۆ ٢٠ تۆن جیاوازی هەیە، بەڵام ئێمە کێشەی ئەوەمان هەیە حکوومەتی عێراقی پشتگیریی سایلۆکانمان ناکات، لە دۆنمێک زەویدا یەک تۆن و ١٠٠ هەتا یەک تۆن و ٢٠٠ بەروبووممان دەداتێ، بەڵام تەنها ٩٠ کیلۆیان بۆ ئێمە کردووە بۆ هەر دۆنمێک، ئێمە ناڵێین یەک تۆن یان ٧٥٠ کیلۆگرامیان بۆ بکردینایە، بەڵکو ٥٠٠ کیلۆگرامیان بۆ جووتیار بکردبایە زۆر باش دەبوو”.

لەبارەی چۆنییەتی ساغکردنەەی بەرهەمەکانیان و ئەو کێشانەی بۆیان دروستبووە، ئەو جووتیارە دەڵێت، “ئەو بەروبوومەی ئێمە دەینێرین، رێژەیەکی کەمی بۆ سایلۆی سلێمانی دەنێرین، حکوومەتی عێراقی لێمان وەردەگرێت، ئەوەش حکوومەتی هەرێم نییە و ئەوان ئەم کارە ناکەن، ئەگەر حکوومەتی عێراقی وەرینەگرێت، سایلۆکانیش لێمان وەرناگرن، ئەوەش دەمێنێتەوە عەلافەکان بە بڕە پارەیەکی کەم بەروبووم لە جووتیارەکان دەکڕنەوە”.

ئەمە لە کاتێکدا جووتیارەکە یەک تۆن کوتی کڕیوە بە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار، یەک تۆن کووتی سپی کڕیوە بە یەک ملیۆن و سەد هەزار، بەبێ ئەو بڕە پارەیەی داویەتی بە کرێی زەوییەکە و دەرمان و کرێی دەڕاسە.

 

وەک داوایەک بۆ حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق کە گەنمەکانیان لێوەردەگرنەوە و لەپێناو بەهەدەرنەچوونی هەوڵ و ماندووبوونەکانی جووتیاران، نازم حاجی فەتاح دەڵێت، “ئەگەر حکوومەتی عێراقی ئەم رزقەمان لێ وەربگرێت، زۆر باش دەبێت چوونکە داهاتمان زۆر باشە، ئەگەرچی دەڵێن حکوومەتی عێراقی ٧٠ کیلۆیەکی دیکەیشمان بۆ زیاد دەکات، بەڵام ئێمە ئیشمان بە ٧٠ کیلۆ ناڕوات. ئێستا ئەو جووتیارە بەڕێزەی ئێمە ئیشی بۆ دەکەین زیاتر لە ١٠٠ تۆن تا ١٥٠ تۆن گەنمی ماوەتەوە، حکوومەت لێی وەرناگرێت، ئەوەی حکوومەت وەریناگرێت دەبێت بیفرۆشێتەوە بە عەلافەکان، حکوومەت ٨٥٠ دینار دەدات، بەڵام ئەگەر عەلاف بیکڕێت ٥٥٠ دینار دەکات، جووتیارەکەش بە کرێی زەوییەکە و دەڕاسە و جووتکردنەوە لە کۆتاییەکەیدا بە مایەکاری لێی دەردەچێت”.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی پەسەندکرد
پێشت ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی پەسەندکرد
ئەڵمانیا، ئاسانکاری بۆ هاتنی کرێکار و کادری تەکنیکی دەکات
دواتر ئەڵمانیا، ئاسانکاری بۆ هاتنی کرێکار و کادری تەکنیکی دەکات
ەیوەندیدار