بەخێوکردنی گامێش، ئەو کارەی بەرەو نەمان دەچێت لە عێراقدا



بژێوی ژیانی زۆرێک لەو خێزانانەی لە رۆژهەڵاتی بەغدا پایتەختی عێراق، بەتایبەت نیشتەجێیانی نزیک رووبارەکان، لە سەر بەخێوکردنی گامێشە.

 

ئەو خێزانانەی لە رۆژهەڵاتی بەغدا پایتەختی عێراق، نیشتەجێی نزیک رووبارەکانن، بژێوی ژیانیان لە رێگەی بەخێوکردنی گامێشەوە دابین دەکەن و سەرەڕای کێشە و گرفت و ماندووبوونەکەی، هەر بەردەوامن لەسەر کارەکانیان.

 

دەیان خێزان لە قەراغ رووباری دیالە لە ناوچەی فوزەیلیە رۆژهەڵاتی بەغدا لە بارودۆخێکی خراپدا دەژین، ئەم ناوچەیە کە زبڵ و خاشاکی زۆری لێ کەڵەکەبووە، بە شوێنی بەخێوکردنی گامێش ناوی دەرکرووە.

منداڵانی ئێرە لە تەمەنێکی بچووکەوە فێری دۆشین و بەخێوکردنی گامێشەکان دەبن، گامێشەکان بەتایبەت لە وەرزی هاویندا مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشیی جۆراوجۆر هەیە.

 

لە بەرامبەردا حکوومەت و شارەوانی بە پاساوی ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی دروستکراون، هەڕەشەی تێکدانی خانووەکانیان لەو خێزانانە دەکەن کە تاکە سەرچاوەی داهاتیان بەخێوکردنی گامێشەکانە.

باسم ئەبو عەباس کە خاوەنی ٥ منداڵە و دەیان گامێشی هەیە، دەڵێت؛ شارەوانی هەوڵی رووخاندنی خانووەکانیان و ئەو شوێنانە دەدات کە بۆ گامێشەکان دروستیان کردوون، ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی خراپیی ژینگە و سیاسەتی حکوومەتەوە، بەخێوکردنی گامێش لە عێراق بەرەو لەناوچوون دەچێت و وتی: “بەخێوکردنی گامێش لە عێراق کارێکی زۆر ماندووکەرە، گامێیش، ئاژەڵێکە حەز بە مانەوە لە ئاودا دەکات، کەمبوونەوەی ئاویش کاریگەریی لەسەر بەخێوکردنی گامێش هەیە، بژێوی ژیانمان لە رێگەی ئەو شیرەوەیە کە لە گامێشەکانمانەوە دەستمان دەکەوێت”.

تاڵب عەبدوللەتیف، (تەمەن ٢٣ ساڵ)، کوڕە گەورەی خێزانێکی دیکەیە کە بە بەخێوکردنی گامێشەوە خەریکە، عەبدوللەتیف کە تاوەکوو قۆناغی سەرەتایی خوێندووە ئاماژەی بەوە دا، بڕیاری دا واز لە خوێندن بهێنێت بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات کە لە باوباپیرانیەوە بۆی ماوەتەوە.

 

ئەو گەنجە عێراقییە ئاماژەی بەوە دا کە رۆژانە بە تێکڕا چوار کاتژمێر دەخەوێت و زۆربەی کاتەکانی بە بەخێوکردنی گامێشەکانەوە بەسەر دەبات، وتیشی: “هەر لە منداڵییەوە بەخێوکردنی گامێش بووەتە بەشێکی گرنگی ژیانم، ئێمە ژیانێکی کۆچەری دەژین، لە کوێ ئاو هەبێت ئێمە لەوێین، رۆژانە دوو جار، بەیانییان و ئێواران گامێشەکان دەدۆشین، ئەو شیرە دەفرۆشینەوە کە بەدەستی دەهێنین”.

 

 

 

 

لەسەر ئاستی جیهان، یانەی مانچستەر سیتی دەوڵەمەندترین یانەی تۆپی پێیە
پێشت لەسەر ئاستی جیهان، یانەی مانچستەر سیتی دەوڵەمەندترین یانەی تۆپی پێیە
سلێمانی ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون
دواتر سلێمانی ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون
پەیوەندیدار