سلێمانی ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون



لە عێراق تای خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە، لە هەرێمی کوردستانیش چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، پزیشکێکیش دەڵێت خۆپاراستنی ئاسانترە لە چارەسەرکردنی.

ماوەی دوو ساڵە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە عێراق بڵاوبووەتەوە، بەپێی کۆتا ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٣٩ حاڵەتی توشبوون تۆمارکراوە، ٢٠ کەسیش بەهۆی نەخۆشیەکە گیانی لەدەستداوە.

لە هەرێمی کوردستان لە هەولێر و دهۆک چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، لە کەرکوکیش کەسێک گیانی لەدەستداوە.

لە ڕاگەیاندراوێکی دوو ڕۆژی ڕابردوویدا وەزارەتی تەندروستی ڕەتکردەوە، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووبێت.

لە پارێزگای سلێمانی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵیش تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون و گیان لەدەستدان بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمارنەکراوە.

د.شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەری سلێمانی لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیەکە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە مانگی سێی ئەمساڵەوە بەشێوەیەکی زانستی ڕێکارەکانیان بۆ ڕێگری لە نەخۆشییەکە دەستپێکردووە، تا ئێستا کەمتر لە ٢٠ حاڵەتی گومان هەڵگری ڤایرۆس لە ئاژەڵەکان کراوە، ڕێگاش نەدراوە ئەو ئاژەڵانە سەرببڕێن.

ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، زۆرینەی ئەو حاڵەتانەی لە سەرجەم عێراق تۆمارکراون، لەو شوێنانەدابوون کە کوشتاری نایاسای کراوە و کەسی بەرکەوتوو تووشبووە.

بەرەو وەرزی هاوین دەچین، پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە، ئەمەش کەشێکی گونجاوە بۆ تەشەنەسەندنی مشەخۆری گەنە تا زیاتر بڵاوببێتەوە.

د. شاڵاو عارف ئاشکرای دەکات، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما چاوەڕێدەکەن لە هەفتەی داهاتووەوە ژمارەی گوومانەکان لەسەر ئاژەڵەکان زیادببن.

دەڵێت “ڕێنماییەکان بۆ خۆپاراستن زۆر سادە و ساکارن و ڕێگری تەواون، ساڵی ڕابردوو نەمان هێشت هیچ حاڵەتێک تۆماربکرێت، ئەمساڵیش بەردەوام دەبین”.

داواش لە هاووڵاتیان دەکات، لەو دوکانانە گۆشتبکڕن کە فەرمین، گۆشتەکەیان مۆری پێوەیە، دوکانێک کە ساردکەرەوەی هەیە و گۆشتی سەر سینی نەکڕن.

داواش لە گۆشتفرۆشەکان دەکات، دوکانەکانیان پاکبکنەوە، گۆشت نەهێننە دەرەوە و لەسەر سینی نەیفرۆشن، پاش تەواوبوونی کار بە کلۆر دوکانەکانیان بشۆن، چونکە کلۆر ڕاستەوخۆ ڤایرۆسەکە لەناودەبات.

نەخۆشی تایخوێنبەربوون، لە مشخۆری گەنەوە تووشی ئاژەڵەکان دەبێت، دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، تا ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە.

ڤایرۆسەکە بە کوڵانی گۆشتەکە بۆ ماوەی چارەکێک لەسەرو ٦٠ خولەک، یاخود لە بەستنی گۆشتەکە بۆ ٢٠ پلەی ژێر سفری سلیزی لەناودەچێت.

 

 

 

 

بەخێوکردنی گامێش، ئەو کارەی بەرەو نەمان دەچێت لە عێراقدا
پێشت بەخێوکردنی گامێش، ئەو کارەی بەرەو نەمان دەچێت لە عێراقدا
کۆبوونەوەی پەرلەمان بەهای دۆلاری دابەزاند
دواتر کۆبوونەوەی پەرلەمان بەهای دۆلاری دابەزاند
ەیوەندیدار