ئێرانییەکان، بۆ شکستی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان ئاهەنگیان گێڕا


بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، خۆپیشاندەران لە شارەکانی ئێران یاری ئاگرینیان بەکارهێنا بۆ ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی شکستی هەڵبژاردەکەیان لە مۆندیالی قەتەر بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەمریکا.

 

شاری سەقز، زێدی ژینا ئەمینی، کە بە دەستی “پۆلیسی ئاکار” کوژرا، و شارەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوونە ناوەندێکی دیاری ئەو دەربڕینە دڵخۆشییە و خۆشحاڵی شکستی کۆرای ئیسلامی ئێرانیان تێکەڵ بە ناڕەزایەتیەکانیان کرد.

لە تویتێکی ماڵپەڕی “ئێران وایر” کە بنکەکەی لە لەندەنە، ئاماژەی بەوەکردووە، “دانیشتوانی سەقز دەستیان بە ئاهەنگگێڕان و هەڵدانی یارییە ئاگرینەکان کرد، دوای ئەوەی ئەمریکا گۆڵی بەرامبەر تیپی تۆپی پێی ئێران تۆمارکرد”.

 

تۆمارێکی ڤیدیۆیی شەوێکی گەڕەکێکی شاری سنە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەنی، دوای ئەوەی ئەمریکا تاکە گۆڵی یارییەکەی تۆمارکرد، هاوار و هۆڕن و دەربڕینی دڵخۆشی و هەڵپەرکێ بووە وێردی ناڕەزایەتییەکان.

 

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە ئینتەرنێتدا بڵاوبوونەوە، لە شاری مەهاباد کە شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، یارییە ئاگرینەکان لە دوای دۆڕانی ئێران دەستیپێکرد.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە بنکەکەی لە نەرویجە لە ڕاپۆرتێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە، یارییە ئاگرینەکان بە بۆنەی شکستی ئێران، مەریوانیشی گرتەوە، بەڵام هەر زوو هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتێکیان بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەڕێوەبرد.

 

لە پاوە و سەرپێلی زەهاو، لە پارێزگای کرماشانیش هەمان ئەو دڵخۆشیانە بەدیکران و هاووڵاتیان بە یاری ئاگرین دڵخۆشی خۆیان دەربڕی بە بردنەوەی ئەمریکا لە ئێران.

 

لە تویتێکیشدا سەعید زەفەرانی ڕۆژنامەنووسی بواری وەرزشی ئێرانی دوای دۆڕاندنی ئێران لە جریوەیەکدا دەڵێت؛ کێ بیری لەوە دەکردەوە کە من سێ مەتر لە هەوادا باز بدەم بۆ ئاهەنگگێڕان بە تۆمارکردنی گۆڵەکەی ئەمریکا.

ئەمیر ئیبتیهاج، ڕۆژنامەنووسی ئێرانیش لە تویتێکدا رایگەیاند: دۆڕانیان، لەناو یاریگا و دەرەوەی یاریگا.

 

ئەمریکا بەم سەرکەوتنە ئێرانی لە کێبڕکێکانی مۆندیال دەرهێنا و کورسییەکی بۆ خۆی لە قۆناغی دووەمی پاڵەوانێتییەکەدا تەرخانکرد، کە قەتەر میوانداری دەکات.

ڕێکخراوی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، کە ڕێکخراوێکی ئەمەریکایە و لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانەوە بە وردی چاودێری ناڕەزایەتییەکانی کردووە، ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە، ٤٥١ خۆپیشاندەر کوژراون کە ٦٣یان منداڵن و زیاتر لە ١٨ هەزار کەسیش دەستگیرکراون.

 

ژەنەراڵێکیش لە “سوپای پاسداران”، ڕایگەیاندووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانەوە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ کەس کوژراون و ئەم ژمارەیەش دەیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان دەگرێتەوە کە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران بە وتەی دەسەڵاتدارانی ئێران تیرۆر کراون.

 

لای خۆیانەوە دیپلۆماتکاران ڕایانگەیاندووە، ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٤ی کانونی یەکەمدا دەنگ لەسەر ڕەشنووسی بڕیارنامەی ئەمەریکا دەدات بۆ دوورخستنەوەی ئێران لە کۆمیسیۆنی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە پەیوەندی بە یەکسانی جێندەری و بەهێزکردنی ژنانەوە هەیە.

 

ئەو ڕەشنووسی بڕیارنامەیەی کە لە لایەن ئەمریکاوە داڕێژراوە، “کۆماری ئیسلامی ئێران بە کاریگەری دەستبەجێ لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنان بۆ ماوەی مانەوەی ئەندامێتی کە لە ٢٠٢٢-٢٠٢٦ درێژ دەبێتەوە، دوور دەخاتەوە”.

 

دیپلۆماتکارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتویەتی: ئەمریکا و وڵاتانی دیکە لە پەیوەندییەکی چڕدان بۆ ئەوەی پشتگیری لە دەرکردنی ئێران لە ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن.

 

لەلایەکی دیکەو بەپێی تۆمارێکی دەنگی دزەپێکراو ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێرانی نیگەرانی خۆیان لە ماندووبوونی هێزە ئەمنییەکان بەدەست هاووڵاتیانەوە دەربڕیوە، کە لە ٢٢ پارێزگای ئێراندا سەرکوتکردنی ناڕازییان و مانگرتن بەڕێوەدەبەن.

 

پاكستان؛ لەكردەوەیەكی خۆكوژیدا 3 كەس گیانیان لەدەستداوە
پێشت پاكستان؛ لەكردەوەیەكی خۆكوژیدا 3 كەس گیانیان لەدەستداوە
ئێران: ئەم وڵاتە چەكی كیمیایی دابووە سەدام حسێن
دواتر ئێران: ئەم وڵاتە چەكی كیمیایی دابووە سەدام حسێن
پەیوەندیدار