“لەماوەی شەش مانگدا پارەدانی هاوبەشانی کارەبا دەبێتە پارەدانی پێشوەخت”



لە سەرەتای مانگی ئایار وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا، دەستیان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی پریپەیمێنت (پارەدانی پێشوەخت) کردووە و لەئێستاشدا لە چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری هەولێر سیستەمەکە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و نرخی هەر کیلۆواتێکیش بەراورد بە پێشوو زیادیکردووە.

بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، کامیل قەزاز ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی نەبوونی رێنماییەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ پارەدانی پێشوەخت لە سەرەتادا چەند کێشەیەک رووبەڕووی سیستەمەکە بووەتەوە، ئەوەش دەخاتەڕوو کە ژێرخانی کارەبا بەراورد بە پێداویستی هاوبەشان زیاترە، بەڵام کێشە لە نەبوونی سووتەمەنی و کێشەی هونەریی و تەکنیکیی هەیە، جەختیش لەوە دەکاتەوە، بە دابینکردنی سووتەمەنی تەواو ئەوا ئەگەری زۆرە لە کارەبای ٢٤ کاتژمێریی نزیک ببنەوە، هاوکات بەڕێوەبەری پێوەری زیرەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوون سەر بە وەزارەتی کارەبا ئاشکرای دەکات؛ ئێستا نرخی هەر کیلۆواتێک ١٥٦ دینارە و ئەمەش بەراورد بە پارەی مۆلیدەکان لە پڕۆژە نیشتەجێبووەکان زۆر کەمترە بە جۆرێک لە مۆلیدەی ستییەکان هەر کیلۆواتێک بە ٤٥٠ دینارە.

بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، کامیل قەزاز لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئانادۆڵودا دەڵێت: “پێشتر هەندێک هاوبەش هەبوون کە تۆمار نەکرابوون پارەی کارەبایان نەدەدا، هەندێک سەرپێچیمان دۆزییەوە بڕیارماندا هەوڵەکانمان فراوان بکەین و دوو پایڵۆت دوو پایڵۆت لە هەر شارێکدا ئەنجام درا لە هەریەک لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی، پایڵۆتی پڕۆژە نیشتەجێبووەکانیشی تیادابوو، چەند کێشەیەکمان هەبوو لە بارەی پارەدان و نرخەکەی، چونکە نرخەکەی تەساعدی بوو لە ١٨ دینارەوە دەستی پێ دەکرد و لە بەرنامەکەدا کێشەی بۆمان دروست دەکرد، چونکە لە رێنماییەکانی خۆماندا شێوازی پارەدانی پێشوەخت (پریپەیمێنت) نەبوو، بۆیە جێگای ئەوانەمان کردەوە و لێی تێگەیشتین کە کێشەکان چییە، ئێستاش بڕیارمانداوە کە پڕۆژەکە فراوان بکەین، چونکە سوودێکی باشمان لێی وەرگرتووە و ئێستا لەو پڕۆژە نیشتەجێبووانە دەستمان پێیکردووە کە هایکۆستن”.

بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لەبارەی پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی بە هاوبەشان، دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی سیستەمی پریپەیمێنت، وتی: “پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی پەیوەندی بە چەند شتێکەوە هەیە، ئەو کارەبایەی کە پێویستە ئێمە بیدەین بە هاوبەشان، نزیک دەبێتەوە لە حەوت هەزار مێگاوات، ئێمە ژێرخانی سەرووی حەوت هەزار مێگاواتمان هەیە، واتا وەکو ژێرخان هەمانە، بەڵام لەسەر ئەرزی راستی توانیوومانە چوار هەزار تا چوارهەزار و ٥٠٠ مێگاوات بەرهەم بهێنین، کێشەی سەرەکی نەبوونی سووتەمەنی پێویستە، هەروەها کێشەی هونەریی هەیە، بۆ نموونە وێستگەی خەبات ٣٠٠ مێگاواتە و دوو یەکەیە، جاری وا هەیە هەردوو یەکە بەیەکەوە کوژاوەتەوە، بۆیە ئەگەر سووتەمەنی تەواومان هەبێت رەنگە نزیک بینەوە لە پێدانی ٢٤ کاتژمێریی، هەروەها دەبێت خەرجی هاووڵاتییان کەم بکەینەوە بەوەی هاووڵاتیی خانووەیەکی عازل دروست بکات و بۆ سەرما و گەرما، هەروەها لە رووی پراکتیکەوە هێڵەکانی کارەبا باڵانس و کێشەی گواستنەوە دروست دەکات و لە کۆتاییدا ناتوانین بەڵێنی ئەوە بدەین کە لەم کاتەدا ٢٤ کاتژمێر کارەبا دەدەین”.

بە وتەی بریکاری وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، ئێستا نزیکەی سەدا ٩٥ی دانانی پێوەری زیرەک تەواو بووە کە کۆی هابەشانی کارەبا بریتییە لە ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار هاوبەش و لەمبارەیەوە گوتی: “بەپێی ئەو گرێبەستەی لە ساڵی ٢٠١٨ کراوە، ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار پێوەرمان بۆ کڕدراوە، بەڵام ئێستا ئێمە نزیکبووینەتەوە لە ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار هاوبەش، تا ئێستا ٣٠٠ هەزار هاوبەشمان کەمە، جگە لەمەش سەدا ٩٥ی پێوەری زیرەک تەواو بووە، واتا زیاتر لە ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار هاوبەش پێوەری زیرەکیان بۆ دانراوە، هەروەها بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی هەیە، رێژەی ئەو کارەبایەی پێشتر بە فیڕۆچووە رێژەی لەسەدا ٣٥ بۆ سەدا ٤٠ بووە، بەڵام دوای دانانی پێوەری زیرەک و بڕینی سەرپێچییەکان بە هەوڵی هەموولایەک، توانیوومانە ئەو رێژەیە دابەزێنین”.

هاوکات بەڕێوەبەری پێوەری زیرەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پلان و بەدواداچوون سەربە وەزارەتی کارەبا، ئەندازیار ئەندازیار عەلی ئیسماعیل عەبدولغەنی لەبارەی سیستەمی نوێی پریپەیمێنت، زانیاری نوێ دەخاتەڕوو و ئاماژە بەوەش دەکات کە نرخی هەر کیلۆواتێک بەراورد بە کارەبای مۆلیدەکان زۆر کەمتر لەسەر هاووڵاتییان دەکەوێت.
بەڕێوەبەری پێوەری زیرەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوون سەربە وەزارەتی کارەبا، ئەندازیار عەلی ئیسماعیل عەبدولغەنی لەبارەی سیستەمی پریپەیمێنت (پارەدانی پێشوەخت) بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: “پڕۆسەی پریپەیمێنت (پارەدانی پێشوەخت) ماوەی دوو ساڵە دەستی پێ کراوە، چەند شوێنێک لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەستنیشانکران و ماوەی ساڵێک و نیوە لەژێر چاودێرییەکی تەواودان، بەڵام بەم دواییە وەزیری کارەبا فەرمانی کرد ئەم پڕۆسەیە بەردەوام بکرێت و ئێستا لە هەشت بۆ نۆ ستی (پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون) دەستمان پێ کردووە و پریپەیمێنت کراوە و بەردەوام دەبین تا کۆتایی هاوبەشەکان”.

وتیشی: “لە سیستەمی پریپەیمێنت هاووڵاتی هەمان کارەبای خۆی بەکاردەهێنێت، بەڵام پێشوەختە پارەی پێویست دەدات و هاووڵاتیی بڕی بەکارهێنان و تەواوی زانیارییەکانی لەبەردەستدا دەبێت، چەند شێوازێک هەیە بۆ چاودێریکردن، ئەویش دەگۆڕدرێت بەپێی جۆرەکانی پێوەر لە هەندێک شوێن ئامێرێکی ئەلیکترۆنی لە ماڵەوە دادەنێیت و هەموو زانیارییەکان دەخاتەڕوو، هاوکات لە هەندێک شوێنی دیکە لە رێگای مۆبایلەکەت دەتوانی زانیارییەکان وەربگریت، هەروەها لە داهاتوودا هاووڵاتیی دەتوانێت لە رێگای کارتی بانکییەوە بڕی کارەبای پێویست بکڕێت”.

ئەگەرچی نرخی هەر کیلۆواتێک لە ١٨ دینارەوە بووەتەوە ١٥٦ دینار، بەڵام بەڕێوەبەری پێوەری زیرەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوون سەربە وەزارەتی کارەبا جەخت لەوە دەکاتەوە کە نرخەکە بەراورد بە پارەی مۆلیدەکان زۆر کەمترە.

ئەندازیار عەلی ئیسماعیل عەبدولغەنی لەبارەی نرخی تێچووی هەر کیلۆواتێک بۆ هاووڵاتییان، وتی: “جاران بە درێژایی ساڵ نرخی هەر کیلۆواتێک ١٥ دینار بوو، دوایی بووە ١٨ دینار، بەڵام ئێستا نرخی ١٥٦ دینارە بۆ هەر کیلۆواتێک ئەمەش بەراورد بە پارەی مۆلیدەکان لە پڕۆژە نیشتەجێبووەکان زۆر کەمترە بە جۆرێک لە مۆلیدەی ستییەکان (پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون) هەر کیلۆواتێک بە ٤٥٠ دینارە”.

بەوتەی ناوبراو، پڕۆسەکە لە چەند شوێنێک دەست پێ دەکات و کۆنترۆڵی هاوبەشان دەکات، هەروەها ئێستا لە چەند پڕۆژەیەکی شاری هەولێر وەک پڕۆژەکانی، بازاڕی لەنگە، ئیتاڵی یەک، فیوچەر، دریم ستی، ناز ستی، کواترۆ و رۆیا تاوەر، چاوەڕێ دەکرێت لەماوەی سێ بۆ شەش تەواوی سیستەمەکە بەسەر هاوبەشانی پێوەری زیرەکدا جێبەجێ بکرێت.

کارگەیەک لە عێراق، ڕۆبۆت بۆ بەرهەمهێنانی کەرەستەکانی بەکار دەهێنێت
پێشت کارگەیەک لە عێراق، ڕۆبۆت بۆ بەرهەمهێنانی کەرەستەکانی بەکار دەهێنێت
بەشێک لە وڵاتان دەستبەرداری دۆلار دەبن
دواتر بەشێک لە وڵاتان دەستبەرداری دۆلار دەبن
ەیوەندیدار