ڕۆژئاوای كوردستان چاوەڕوانی ڕۆژێكی یەكلاكەرەوەیە



 

بڕیارە سبەی پێنج شەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا بە سەرۆكایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا كۆببێتەوە و بابەتی سەرەكیش ڕەوشی ڕۆژئاوای كوردستان دەبێت، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی كوردستان بۆ (خەڵك) دەڵێت: ڕەوشی ڕۆژئاوای كوردستان مەترسیدارە، بەڵام هەوڵ هەن بۆ ئەوەی ڕەوشەكە ئاڵۆزتر نەبێت.

بەپێی سەرچاوەكانی میدیای توركیا، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا پرسی ڕۆژئاوای كوردستانە، لەوێ بڕیاری كۆتایی لەبارەی هێرشەكەی سەر ڕۆژئاوای كوردستان دەدرێت.

بەڕای بەشێك لە چاودێران لە ئەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار دەدرێت، كە ئەو هێرشە زەمینییەی پلانی بۆ دانراوە و ڕووبەڕووی گووشاری ئەمریكا و ڕووسیا بووەتەوە و بەجۆرێك لەجۆرەكان پاشەكشەی لێكراوە، ئەنجام بدرێت یان وەك جارەكانی پێشوو دوابخرێت.

كاربەدەستانی دەوڵەتی توركیا ڕایانگەیاندبوو، هێرشی زەمینی توركیا دەستپێدەكات، بەڵام لە لێدوانێكی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە دوای كۆبوونەوەی حكومەتی توركیا دوو ڕۆژ لەمەوبەر پاشەكشەی پێوەدیاربوو، ڕایگەیاند لە هەركاتێكدا بێت، هێرش دەكەینە سەر ڕۆژئاوا.

ئەردۆغان ناڕاستەوخۆ هێرشی كردە سەر ئەمریكا و ڕایگەیاند “ئێمە پرس بە كەس ناكەین بۆ هێرش و مۆڵەتیش وەرناگرین”.

ئەو پاشەكشەیەش دوای هۆشداریی توندی ئەمریكا بوو بۆ توركیا تا هێرشەكانی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ڕابگرێت و بڕیاریشە لەئەو چوارچێوەیەدا لوێد ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا قسە لەگەڵ هاوتا توركییەكەی، خولوسی ئاكاردا بكات.

جارێكی دیكەش وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن هۆشدارییەكی دیكەی دایە توركیا لە ئەگەری هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان.

پاتریك ڕاید وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێنتاگۆن ڕایگەیاند، بەردەوامی شەڕ، بەتایبەت هێرشی زەمینی دەستكەوتەكان دەخاتە مەترسییەوە، بەتایبەت ئەو سەركەوتنانەی لە جەنگی داعشدا بەدیهاتوون و ئاسایشی ناوچەكە تێكدەدات.

ئاماژەی بە ئەوەش كرد “ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی زەمینی جێگەی نیگەرانییە، ئێمە داوای دان بەخۆدا گرتن دەكەین”.

ڕاشیگەیاند، سەربازە ئەمریكاییەكان ئێستا لە باكووری سووریادا هەن، ئەوان مانۆڕە هاوبەشەكانیان لەگەڵ هێزەكانی سووریای دیموكراتدا كەمكردووەتەوە.

لای خۆیەوە ئەڤین سوێد نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، هەسەدە لە گفتووگۆكانی بەردەوامە، لە هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەكانی بەردەوامە بۆ چارەسەركردنی ئەو ڕەوشەی هاتووەتەپێشەوە، تا ڕەوشەكە زیاتر گرژ نەبێت.

ئەڤین سوێد هۆشداریی لە مەترسیداری ڕەوشەكەدا دەڵێت “توركیا هاوكاری داعش دەكات، گرتوخانەكان بۆردوومان دەكات، پێشتریش هاوكاری كردەوە تیرۆرستییەكەی داعشی كرد لە شاری حەسەكە، بۆیە ئەو ئۆپەراسیۆنانە بەتایبەت ئۆپەراسیۆنی زەمینی مەترسی دروست دەكات بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش، بەجۆرێك مەترسی بۆ هەموو جیهان دروست دەكات”.

لەبارەی هەڵوێستی ئەمریكاوە نوێنەرەكەی خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایگەیاند، هەڵوێستی ئەمریكا هەیە، خراپ نییە، بەڵام دەبێت زیاتر بێت، هاوتای ئەو مەترسییانە بێت، كە هاتوونەتە ئاراوە بەهۆی كردنەئامانجی گرتوخانەكانی داعش و هەوڵەكانی توركیا لەوبارەیەوە.

ئاماژەی بە ئەوەشكرد، توركیا ژێرخانی ڕۆژئاوای كوردستانی بە ئامانج گرتووە، وێستگەكانی كارەبا، نەوت و سووتەمەنی، ئاو و خزمەتگوزارییەكانی بۆردوومانكردووە، دەیەوێت ژیان لە ناوچەیەك نەهێڵێت كە هاووڵاتییەكانی لە كورد و عەرەب و سریانی خوازیاری ژیانن لەسەر خاك و وڵاتی خۆیان.

 

ئەوەشی خستەڕوو، بە درێژایی سنوورەكە، هێرشی فڕۆكەی جەنگی، درۆن، تۆپخانە هەیە، لە كۆبانێ، منبج، عەین عیسا، گرێسپی، تا دێرك هێرش هەن، توركیا خوازیاری داگیركردنی كۆبانێ و منبج و چەند شوێنێكی دیكەیە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گفتووگۆی هەسەدە لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیا و ئەمریكادا هەبووە، ئەمریكا بەهەموو شێوەیەك دژی هێرشەكانە، ڕووسیا داوایكردووە هەسەدە بۆ دووری 30 كیلۆمەتر لە سنوورەكانی توركیا بكشێتەوە و سووپای سووریای لێ جێگیر بكرێت، بەڵام هەسەدە ڕەتیكردووەتەوە.

لە نوێترین پێشهاتیشدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران نەیارێتی خۆی بۆ هێرشی زەمینی توركیا نیشان داوە، داوای چارەسەركردنی كێشەكانی كردووە بە ڕێگای دیالۆگ.

 

 

مەرجی كارتی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ گەشتكردن لابرا
پێشت مەرجی كارتی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ گەشتكردن لابرا
كچێك لە دەست ئەشكەنجەی براكانی ڕزگار كرا
دواتر كچێك لە دەست ئەشكەنجەی براكانی ڕزگار كرا
پەیوەندیدار