فازڵ میرانی: هیچ رێگرییەک نییە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت ئەگەر ئێمە و یەکێتی حەز بکەین



لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەوانەی باسی شەڕی ناوخۆییان دەکرد ئەگەر خوانەکات شەڕیش بقەومێت شەڕ ناکەن، ئەوانە شەڕەنگێزن، بەڵام شەڕکەر نین، دەشڵێت:”:هیچ رێگرییەک نییە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت ئەگەر ئێمە و یەکێتی حەز بکەین”.

فازڵ میرانی، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای رایگەیاند، زۆر وڵات و لایەن ئامۆژگاری هەردوو پارتی دەسەڵاتداریان کردووە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن. وتیشی:” زۆر لە دۆستانی کورد لە عێراق، عەرەب، ئێران، وڵاتانی تر، کورد، غەیری کورد، دەوڵەتە بیانییەکان، یەکێتی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو دۆستەکانی ئێمە هەمیشە ئامۆژگاری ئێمە دەکەن و دەڵێن ئێوە یەکبن باشترە، ئەگەر ئێوە یەکبن دەتوانین زیاتر یارمەتیتان بدەین.”

پێشتر بەشێک لە میدیا لۆکاڵییەکان لە زاری سەرچاوەکانی خۆیانەوە بڵاوییان کردەوە باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە هۆتێل ڕۆتانا لەگەڵ شاندێکی پارتی کە پێکهاتبوو لە نێچیرڤان بارزانی و فازڵ میرانی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کۆبۆتەوە و پەیامی هۆشداری ئەمەریکای بە هەردوو حزبەکە داوە لەوبارەیەوە میرانی وتی.

:”یەکەم کاک قوباد لە وێ نەبوو، وە من لە دوورەوە مەرحەبای وەکیل وەزیری دەرەوەی ئەمەریکام کردووە و بینیم کە وتارەکەی خوێندەوە و لە پاش ئەوە من بۆنەکەم بەجێهێشت، بەڵام هیچ کۆبوونەوەمان نەکردووە.”

بەڵام ئەو دەنگۆیانەی ڕەتنەکردەوە کە باس لە ڕۆڵی ئەمەریکا دەکەن و وتی “دەوترێت ڕۆڵی دەرەکی هەبووە، وەکو وەکیل وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بەڵام چەندی ڕاستە و چەندی ڕاست نییە؟”

وتیشی ئەمەریکا هەر لە سەردەمی مادلین ئۆلبرایت، وەزیری پێشووتری ئەمەریکاوە ڕۆڵی بەردەوامی هەبووە لە چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، وتی” ئەم بەردەوامییە بە ڕاستی لە چاکەی ئەوانە ئەگەر لەبەر چاوی ڕەشی ئێمەش نەبێت، بەڵام بۆ بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمانە. ”

سەبارەت بەوەی کە دەوترێت ئەمریکا هەڕەشە لە یەکێتی و پارتی دەکات و دەڵێت:” وتی ئەگەر ئەمەریکا فشار بخاتە سەر پارتی و یەکێتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، مانای ئەوە نییە هەڕەشە دەکات، بەڵکو فشارێکە لە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتیدایە”.

لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت:” من ئێستاش دەڵێم، نیەتی دروستکردنی کۆبوونەوە نیەتی داڕشتنی بەلاغەکە لە شوێنی خۆی بێت، بەڵام نیەتی پەیڕەوکردنی ناوەڕۆکی بەلاغەکە گرنگە. ”

فازڵ میرانی راشیگەیاند:”من دەڵێم پێویستە هەڵبژاردن بکرێت، چونکە هیچ ڕێگرییەک نییە لە بەردەم هەڵبژاردن، ئەگەر ئێمە و یەکێتی حەز بکەین. ”

لە وەڵامدا میرانی وتی” هیچ ڕێگرییەک نابێت، وە بەرژەوەندی کوردستانیشی تێدایە، ئێمە پێش ساڵی نەوەدەکان شەڕی خراپترمان کردبوو ڕێککەوتنامەی ستراتیژیمان کرد من حەزدەکەم کەسێکی بێلایەن بێت، بڵێت پارتی و یەکێتی زیانیان لەم ڕێککەوتنامە ستراتیژییە کردووە هەر بەو ڕێککەوتنامە ستراتیژییە (مام جەلال) بووە بە سەرۆک کۆمار و جەنابی سەرۆک بارزانی بووە سەرۆکی هەرێم و وەزارەتەکانمان هاوبەش کردەوە. ”

بە وتەی فازڵ میرانی”بۆ داهاتوو ڕێککەوتنی ستراتیژی لەسەر سێ شتە، یەکەم سوودی میللەت و وڵاتەکە دووەم سوودی هەردوولا لە ڕێککەوتنەکە هەم پارتی و هەم یەکێتی”

وتیشی” کەواتە هەرسێ هۆکار هاندەرە ڕێککەوتنێک بکرێتەوە، بەڵام دۆخی ئێستا و دۆخی ئەوسا لە یەکتری جیاوازە لەدوای هەڵبژاردن و پەیڕەوکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن زەمینەسازییەکە بۆ ڕێککەوتنێکی تازە. “لەبارەی رێککەوتنی یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی دیکەش میرانی وتی”بە بۆچوونی ئێمە ڕێککەوتنێکی فراوانتر بێت خەڵکی تری تێدا بێت باشترە، هەر کاتێک پارتی و یەکێتی لە یەکتری نزیک بوونەوە پێکەوە کاریان کردووە و زۆربەی زۆری کات هێزەکانی کوردستان هاوکاربوون یان بوونە هاوبەش. ”

هەروەها ئەوەشی وت” نزیکبوونەوەی ئێمە و یەکێتی زەمینەسازی دەکات بۆ هێزەکانی تر کە لەهەردوولامان نزیک ببینەوە دوورکەوتنەوەی ئێمە لە یەکتری هێزە سیاسیەکانی تر دەکەونە دڵەڕاوکێ نازانن لەگەڵ کام نزیک بن و لەگەڵ کام دووربکەونەوە لەبەر ئەوەی زۆرینەیان بێدەنگی یان بێلایەنی هەڵدەبژێرن. ”

سەبارەت بە خاڵی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لە ئێستادا، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی” بەدڵنیاییەوە خاڵی ناکۆک هەیە، بۆیە دوو حزب هەیە ئەگەرنا دەبوونە یەک حزب، ڕەنگە لە مەسەلەی مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر یان عێراق بێت یان لەسەر مەسەلەی داهات و شێوەی حوکمڕانییەکەی بێت ئەمانە هەمووی لە هاوبەشدا دێنەوە پێش. ”

دەربارەی کۆبوونەوەکەی نێوان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی، فازڵ میرانی وتی:” ئەگەر ئەوان ڕێکبکەون من دڵنیام پارتی و یەکێتی پاڵپشتی هەردووکیان دەکەن. ”

دەربارەی دەنگۆی ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ لەلایەن لیژنەیەکی پارتی و یەکێتی؟

فازڵ میرانی وتی لیژنەکە حکومییە هی پارتی و یەکێتی نییە، وە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دانراوە و وەزیری دارایی خۆی ئاگاداری بڕیارەکە و هەرچی شتێکیش بکرێت بەبێ وەزارەتی دارایی ناکرێت. “

ئەڵمانیا، کارگەیەکی پێکەوەنانی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێنێت
پێشت ئەڵمانیا، کارگەیەکی پێکەوەنانی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێنێت
نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە ئەردۆغان دەکات
دواتر نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە ئەردۆغان دەکات
ەیوەندیدار