مەیینی هەنگوین چییە؟ ئەوە ئەسڵە یان عادی؟



پسپۆڕێكی بواری گیا دەرمانی ئاماژە بەوەدەكات، كە مەرج نیە ئەو ھەنگوینەی دەیبەستێ عادی بێت و شەكری هەبێت، بەڵام ئەوەی نایبەستێ ئەسڵی بێت.

كەواتە هۆكاری مەیین و بەستنی هەنگوین چییە؟

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، دکتۆر بەدر قادر سورچی، پسپۆڕی گیادەرمان ڕوونی دەكاتەوە، هەنگوین هەندێکجار دەچێتە بارێکی نیمچە ڕەقییەوە، کە پێی دەڵێن هەنگوینی مەییو (هەنگوینی دەنکۆڵەدار). ئەو دیاردەیە کاتێک ڕوودەدات کە گلوکۆز یەکێک لە سێ شەکرە سەرەکییەکەی ناو هەنگوین لەخۆوە لەناو گیراوە ژوورتێرەکەی هەنگوین دەنیشێت. گلوکۆز ئاو لە دەست دەدات (دەبێتە گلوکۆزی تاک هایدرات) و فۆرمی کریستاڵی وەردەگرێت (تەنێکی ڕەقە بە پێکهاتەیەکی ورد و ڕێکخراو). کریستاڵەکان فۆرمی ڕشتەیی (وەکو تۆڕێک) وەردەگرن کە وا لە پێکهاتەکانی ناو هەنگوین دەکات نەجوڵێن بەم شێوە دەچێتە دۆخێکی نیمچە ڕەق.

دەشڵێت: “ئەو ئاوەی پەیوەست بوو بە گلوکۆزەکە ڕێژەی شێ لە هەندێک بەشی هەنگوینەکە زیاد دەکات و بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی شێ، هەنگوینەکە زیاتر ئەگەری گۆڕانکاری تێدایە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، کریستاڵبوونی هەنگوین شتێکی زۆر خوازراو نیە، زۆر کەس حەزی پێ ناکات، کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگریکردن لە کریستاڵبوونی هەنگوین وا دەکات، کە هەنگوینەکە بە بەرهەمێکی باشتر دابنرێت و بازاڕێکی باشتری هەبێت. هەندێک جاریش بە ئەنقەست هەوڵی بە کریستاڵبوون دەدرێت بۆ بەرهەمهێنانی جۆرێکی جیاوازی هەنگوین، کە بە هەنگوینی کرێمی ناسراوە.

چۆن ڕێگری لە کریستاڵبوونی هەنگوین دەکەین؟

ئەو پسپۆڕی گیا دەرمانییە ئەوەی خستۆتەڕوو، دەتوانین ڕێگری بكەین لە کریستاڵبوونی لەخۆوە، بە هەڵگرتنی بە شێوەیەکی دروست ، گەرمکردن یان فلتەرکردنی. هەڵگرتنی هەنگوین لە پلەی گەرمی ( ٤٠ تا ٧١ سیلیزی ) وا دەکات کریستاڵبوون هێواش ببێتەوە.

ڕوونیشی كردەوە، بە گەرمکردنێکی ناوەند لە پلەی ( ٦٠ تا ٧١ سیلیزی) وا دەکات هەنگوینی مەییو کریستاڵ بوو دووبارە بگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی. پاڵاوتنیش ڕێگەیەکی ترە بۆ ڕێگری کردن لە کریستاڵبوونی هەنگوین. ئەو هەنگوینەی کە ڕێژەی گلوکۆز بۆ ئاوی کەمە دوور دەبێت لە کریستاڵبوون.

هەنگوین لەناو چی هەڵبگرین بۆ ڕێگری لە کریستاڵبوون؟

دکتۆر بەدر قادر سورچی دەڵێت: “هەنگوین لە پلەی گەرمی ژوور (٢٥ سیلیزی) لە ماوەی چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک دەست بە کریستاڵبوون دەکات ( بە دەگمەن بە چەند ڕۆژێک وای لێدێت). هەنگوین پێویستە لەناو شتێکدا هەڵبگیرێت، کە هەوا نەدات و شێ (ئاو)ی پێ نەگات و مادەی ستیل بێت و بێ ڕەنگ و پاک و خاوێن بێت”.

کامە شیلەی گوڵ لە هەنگویندا کریستاڵبوونی تێدا ڕوودەدات و کامەی ڕوونادات؟

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، دکتۆر بەدر ئاماژەی بەوەكرد، ئەو گوڵانەی ئەگەری کریستاڵبوونیان زیاترە بریتین لە (وێنجە، لۆکە، تاڵیشکە، Mesquite جۆرە ڕووەکێکە لە خانەوادەی پاقلەمەنییەکانە، هەڵوژە ڕەشە، گوڵی کانولا).

ئاشكراشی كرد، ئەو گوڵانەی ئەگەری کریستاڵبوونیان کەمترە بریتین لە ( ئەکاسیا “ئەکاکی” تووتڕک- جۆرێکی تر لە تووی ڕەشە، ترێ، Milkweed، Palmetto، تووی دڕکانە، گوڵەپوران، گوڵەبەڕۆژە، Tupelo، Sourwood).

تیمی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان لە حكومەتی خۆجێیی سلێمانی كۆبوونەوە
پێشت تیمی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان لە حكومەتی خۆجێیی سلێمانی كۆبوونەوە
سودانی بڕیاریدا 400 ملیاری دیكەش بۆ هەرێم بنێرێت
دواتر سودانی بڕیاریدا 400 ملیاری دیكەش بۆ هەرێم بنێرێت
پەیوەندیدار