ڤایرۆسێكی دیكە لە عێراق بڵاوبۆتەوە و چەند كەسێك پێی مردوون


وەزارەتی تەندروستی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق ئاشكرای دەكات، كە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون تەشەنەی سەندووە و چەند حاڵەتێكی تووشبوون و مردن بەو نەخۆشییە ڤایرۆسییە تۆماركراوە.

د. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا چەندین حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی (تای خوێنبەربوون) تۆماركراوە و گەیشتۆتە 67 حاڵەت، كە 10 كەسیان گیانیان لەدەستداوە.

ڕاشیگەیاندووە، لە پارێزگای زیقار زۆرترین ژمارەی تووشبوون و مردن تۆماركراوە و دوای ئەویش بەسرە و موسەننا و نەجەف.

نەخۆشی “تای خوێنبەربوون” چییە؟
تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەكە لە ڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بە (پەتای كۆنگۆ)ش ناسراوە، 40%ی تووشبووانی ئەم نەخۆشییە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت.

نەخۆشی تای خوێنبەربوون، لە رێگەی زیندەوەرێكی بچووكەوە، كە ناوی (گەنە)یە، لە ئاژەڵەوە هەڵیدەگرێت و دەیگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، لە زۆرینەی حاڵەتەكاندا نەخۆشییەكە لەسەر ئاژەڵ دەرناكەوێت، بەڵام كاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەكات.

شێوازەكانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون:

یەكەم: ئەگەر مرۆڤ دەست لەو (گەنە)یەی بە جەستەی ئاژەڵەوەیە بدات، یان خوێنی ئەو زیندەوەرە بچوكە بەر مرۆڤ بكەوێت، ئەوا تووشی نەخۆشییەكە دەبێت.

دووەم: ئەگەر ئاژەڵێكی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون سەرببڕدرێت و خوێنەكەی بەر مرۆڤ بكەوێت، ئەوا مرۆڤ تووشی نەخۆشییەكە دەكات.

بەڵام شیر و گۆشتی ئاژەڵێك، كە تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت، بە كوڵاندن ڤایرۆسەكەی تێدا نامێنێت.

تای خوێنبەربوون لەماوەی 3 بۆ 14 رۆژدا نیشانەكانی دەردەكەوێت، كە گرنگترینیان بریتییە لە:

1- بوونی تایەكی بەرز.

2- هەبوونی ئازاری ماسولكە و ئێسكەكان.

3- بێهێزبوون.

4- هەستكردن بە گێژبوون.

چارەسەری نەخۆشییەكە:
بۆ چارەسەركردنی نەخۆشەكە پێویستە، پشكنینی خوێن بۆ نەخۆش بكرێت و جیابكرێتەوە لە نەخۆشی دیكە، چونكە ئەگەری زۆرە بەهۆی پاشەڕۆوە، نەخۆشییەكە بگوازرێتەوە بۆ كەسانی دیكە.

ئەو نەخۆشانەی بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە، تووشی كەمخوێنی دەبنەوە، پێویستە بەزوویی خوێنیان بۆ دابینبكرێت، ئەو نەخۆشانەش كە نیشانەی سكچوون و رشانەوەیان هەیە، بۆ چارەسەركردنیان و پاراستنیان لە وشكبوونەوە دەرمانی پێویستیان پێدەدرێت.

ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەكە:

1- دووركەوتنەوە لە كڕینی گۆشتی ئاژەڵی سەرشەقامەكان و سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەكان.

2- ئەو كەسانەی گۆشت دەفرۆشن (قەسابەكان) پێویستە دەستكێش و پۆشاكی تایبەت بەكاربهێنن.

3- بەكارهێنانی دەرمانی دژە مێروو، بۆ ئەو شوێنانەی ئاژەڵیان تێدا بەخێودەكرێت، بۆئەوەی ئاژەڵەكان نەبنە هەڵگری نەخۆشییەكە.

4- دووركەوتنەوە لەو شوێنانەی كە پێدەچێت گەنە و مێرووەكانی تێدابێت.

5- پێویستە پاشماوەی سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەیەكی هەڕەمەكی فڕێنەدرێتە سەر شەقام و كۆڵانەكان، دەبێت پاشماوەكان بەگوێرەی رێنماییە تەندروستییەكان لەناوببرێن.

وەزیری دارایی: كێشەی گەورە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست بووە
پێشت وەزیری دارایی: كێشەی گەورە بۆ مووچەی فەرمانبەران دروست بووە
“هەڵبژاردن ناكرێت و حكومەت وەك خۆی دەمێنێتەوە”
دواتر “هەڵبژاردن ناكرێت و حكومەت وەك خۆی دەمێنێتەوە”
پەیوەندیدار