داوای گەڕانەوەی تیمی یەكێتی بۆ حكومەت دەكرێت



ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و جارێكی دیكە داوای گەڕانەوەی تیمی یەكێتی بۆ حكومەت كرا.

سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت “بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆكردن بوو لەبارەی ئەنجامی سەردانی تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لای بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران كە لە لایەن ئەندامانی تیمەكە خرایەڕوو. وێڕای دەستخۆشیكردنمان لە تیمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ سەردان و هەوڵەكانیان، دووپاتمان كردەوە كە چەندین جار داوامان لە بەڕێزان جێگری سەرۆك وەزیران و تیمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووە كە بگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران و ئێستاش جارێكی دیكە داوا دەكەین كە بگەڕێنەوە و ئەركە یاسایی و كارگێڕییەكانی خۆیان لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتییان جێبەجێ بكەن. هەر كێشە و گرفتێكیش هەبێت كە ئامانجی خزمەتكردنی بەرژوەندی گشتی بێت، لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت”.

راشیگەیاند “جەختمان لەوە كردەوە ئێمە دەمانەوێ تیمی یەكێتی بگەڕێتەوە و هیوادارین لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن و چیتر نەبنە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان باجی دەوام نەكردنیان بدەن”.

دەشڵێت “لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا، باسمان لە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لەلایەن كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵەی سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق كرا كە لەلایەن بەڕێز كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی خرایەڕوو، كە باسی لە ئەنجامی دوا سەردانی بۆ بەغدا و گفتوگۆكانی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ كرد بە مەبەستی كڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان و ئاماژەی بەوە دا كە لەمبارەیەوە گفتوگۆ و هەوڵەكانیان بەردەوامە”.

ڕوونیشیكردەوە “وەزارەتە پەیوەندیدارەكانمان ڕاسپارد كە ڕێكاری پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ كڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان. جەختمان لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو هەوڵێك بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی جووتیارانی كوردستان دڵنیابن كە بەرهەمەكانیان دەكڕدرێتەوە”.

بانكی ناوەندی زیاتر لە 187 ملیۆن دۆلار دەخاتەبازاڕەوە
پێشت بانكی ناوەندی زیاتر لە 187 ملیۆن دۆلار دەخاتەبازاڕەوە
خانەنشینانی سەربازی بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە گردبوونەوە
دواتر خانەنشینانی سەربازی بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە گردبوونەوە
ەیوەندیدار