پۆستی پارێزگاری كەركوك بە كورد نادرێتەوە



 

وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانێتی عەرەبی لەكەركوك ڕەخنە دەگرێت لە لێدوانی بەرپرسانی پارتی و یەكێتی لەسەر پێدانەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك بە كورد و دەڵێت “لێدوانەكانیان سیاسین و بۆ ڕاكێشانی سۆزی شەقامی كوردییە، ئەگینا پۆستەكە لای عەرەب دەمێنێتەوە”.

ئەو دەڵێت یەكێتی و پارتی لە ئێستادا هەست بە “پەشیمانی سیاسی” دەكەن، چونكە له ‌دوای 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017ەوە زۆربەی پۆستەكانی كەركوكیان لەدەستداوه.‌

ئەبو عەزام، وتەبێژی هاوپەیمانێتی عەرەبی لە كەركوك، بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، “شەقامی عەرەبی لەكەركوك یەك لیستی لە هێزە عەرەبییەكان دەوێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە پێناو بەدەستهێنانەوەی پۆستی پارێزگار، بۆیە حیزبە عەرەبییەكان لە هەوڵدان بۆ یەك لیستی و لەسەر هەندێك خاڵ ڕێككەوتن كراوە.”

بەرپرسانی پارتی و یەكێتی پۆستی پارێزگاری كەركوك بە مافی كورد دەزانن، پێیانوایە بەهۆی ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئەو پۆستە كەوتووەتە لای ڕاكان جبوری، بۆیە داوای پۆستەكە دەكەنەوە لە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە مانگی 11ی ئەمساڵ.

وتەبێژی هاوپەیمانێتی عەرەبی دەڵێت، “ئەنجامی هەڵبژاردن چارەنووسی پۆستی پارێزگار یەكلایی دەكاتەوە، ئێمە تێبینیمان لە سەر لێدوانی بەرپرسانی كورد هەیە و بڕوامان بە ئەنجامی هەڵبژاردنیش هەیە، بەڵام هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی لە ساڵی 2003 ەوە تا ئەمڕۆ لە كەركوك ئەنجامدراون ساختەكارییان تێدا كراوە، ئەگینا عەرەب زۆربەی دەنگەكان بەدەست دەهێنێت.”

تۆمەتبارانی هێرشەكەی نەخۆشخانەی منداڵان دەستگیركران
پێشت تۆمەتبارانی هێرشەكەی نەخۆشخانەی منداڵان دەستگیركران
ڕاگەیاندراوێک لەبارەی هەوکردنی مێشکەوە بڵاوکرایەوە
دواتر ڕاگەیاندراوێک لەبارەی هەوکردنی مێشکەوە بڵاوکرایەوە
ەیوەندیدار