ئەمڕۆ يادى هێمن موكریانییە



شیوەنی من شیوەنی ئینسانییە
بانگی ئازادی و گڕووی یەكسانییە

هێمن موكریانی بەیەكێك لەئەو شاعیرە مەزنانەی كورد دادەنرێت زۆرتری خزمەتی لەبواری فەرهەنگ و زمان و ئەدەبی شۆڕشگێڕی و بەرگریدا كردووە.

هێمن هەستێكی بەرزی نیشتمان پەروەری هەبووە و رۆڵی لە رێكخراوە سیاسییەكان و بۆنە و چالاكییەكاندا هەبووە، بەتایبەت كۆمەڵەی ژێكاف و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كۆماری كوردستان و شۆڕشی ئەیلول لە باشووری كوردستان، بەشێكی زۆر لە هۆنراوە نیشتمانی و سۆزدارییەكانیشی لەلایەن هونەرمەندە گەورەكانی كوردەوە كراون بە گۆرانی.

ئێستا خانوو و ماڵەكەی هێمن لەشاری مەهاباد كە كاتی خۆی ژیان و چالاكییە سیاسیی و ئەدەبییەكانی تێدا بەڕێوەبردووە لەلایەن شارەداری مەهابادەوە كڕدراوتەوە و كراوەتە موزەخانەی هێمن.

مۆزەخانەکە وەك رێزلێنانێك بۆ ئەو شاعیرە مەزنەی كورد دروستكراوە و لە 2013وە بەڕووی گەشتیاراندا كراوەتەوە و هەر لەوێ پەیكەرێكیشی بۆ دروستكراوە.
‎لە مۆزەخانەكەدا دەستنووس و جلوبەرگ و كۆی بەرهەمەكانی هێمن موكریانی و محەمەدی ماملێشی تێدا خراوەتەڕوو و كتێبخانەیەكیش هەیە.

هێـمن موكریانی نازناوی نووسەر و شاعیری گەورەی كورد سەید محەمەد ئەمینی كوڕی سەید حەسەنی شێخولئیسلامی موكرییە.

هێمن موكریانی ساڵی 1921 له گوندی لاچینی نزیك شاری مە‌هابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایكبووە.

سەرەتای خوێندنی لەلای مامۆستا سەعید ناكام دەستپێكردووە‌و دواتر باوكی ناردوویەتی بۆ شاری مەهاباد و له قوتابخانەی سەعادەت خوێندویەتی، تاكو تەواوكردنی پۆلی چوارەم بە زیرەكی دەرچووه، ئینجا باوكی لەو قوتابخانەیە دەریهێناوه و بردوویەتیه بەر خوێندنی مەلایەتی له خانەقای شێخ بورهان و چوار ساڵیش لەو خانەقایە خوێندوویەتی و له تەمەنی 17 ساڵیدا كۆتایی بەخوێندن هێناوە و بووەته گەنجێكی خوێندەواری هۆشیار و لە وێژەی كوردی و فارسی شارەزایەكی باشی پەیداكردووه.

له سا‌ڵی 1941ەوه بەهرەی شاعیری لەلا دروستبووە و دەستی بە هۆنینەوەی شیعر كردووه و لەسەرەتادا لاسایی شاعیره مەزنەكانی پێش خۆی كردووەتەوه و له دوایشدا بووەته خاوەنی دەنگی تایبەتی خۆی.

هێـمن لەگەڵ دروستبوونی كۆمەڵەی “ژ.ك” له 1942.09.16دا بووەته ئەندامی ئەو ڕێكخراوه ڕامیارییەی كورد و كاتێكیش كه ناوی ئەو كۆمەڵەیە له 1945.08.16دا كرا به حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، هێمن بووه ئەندامێكی ئەو حیزبە‌و شیعری نەتەوەیی و گوتاری بەنرخی بڵاودەكردەوه .

كاتێك كۆماری كوردستانیش لەمەهاباد به سەرۆكایەتی پێشەوا قازیی محەمەد له 1946.01.22دا دامەزرا، هێـمن شیعری لەو بۆنەدا خوێندەوه و لەگەڵ هەژاری شاعیر دا بووه شاعیرێكی خۆشەویستی پێشەوا و كاتێكیش ئەو كۆماره ساوایەی كورد له 1946.12.17دا ڕووخێندرا، خۆی لەبەر چاوی ئاسایشی شای ئێران ون كرد، كاتێكیش هەواڵی له سێدارەدانی قازی محەمەد و هەڤاڵانی بیست خۆی گەیانده باشووری كوردستان، تاكو رەوشی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هێور بووەوه، ئینجا گەڕایەوه گوندەكەی خۆی و ماوەیەكیش له مەهاباد ژیا.

لەدوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول له باشووری كوردستان هاته ئەم بەشەی كوردستان و چووه پاڵ شۆڕشگێڕان و لەدوای ڕێككەوتنی 11ی ئاداری 1970 ماوەیەك له بەغدا وەك پەناهەندە ژیا و لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی گەلانی ئێران له شوباتی 1979دا گەڕایەوه ڕۆژهەڵاتی كوردستان و گۆڤاری سروەی دەركرد.

موكریانی له ڕۆژی 17ی نیسانی 1986دا كۆچی دواییكرد.

 

تیمێكی حكومەتی هەرێم سەردانی قوباد تاڵەبانی دەكات
پێت تیمێكی حكومەتی هەرێم سەردانی قوباد تاڵەبانی دەكات
دوو شوێنی دیكە مووچە وەردەگرن
دوات دوو شوێنی دیكە مووچە وەردەگرن
پەیوەندیدار