مەزڵوم كۆبانێ‌ وردەكارییەكانی بە ئامانجگرتنی كاروانەكەیان ئاشكرا دەكات



 

فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەبارەی بە ئامانج گرتنیەوە ڕایدەگەیەنێت، بەڵێ‌ من لە سلێمانی بووم لەگەڵ شاندێكی سەربازی “هەسەدە” لەوێ بووم، بۆردومانەكە لەكاتێكدا روویداوە كە ئێمە لەناو كاروانێكدا بووین لەگەڵ سەربازانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (CTG).

مەزڵوم كۆبانێ‌ ، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ئاژانسی نۆرس پرێس وردەكاری سەردانەكەی بۆ سلێمانی ئاشكرا دەكات و دەڵێت، “سەربازانی ئەمریكی و هێزەكانی CTG لەگەڵمان بوون”.

سروشتی پەیوەندییەكانی نێوان ئێوە و یەكێتی نیشتمانی چۆنە؟

پەیوەندییەكانی نێوان ئێمە و سلێمانی لەسەر بنەمای نیشتمانی و بەرژەوەندی هاوبەشن و پەیوەندی مێژوویین، ئەو بەرژەوەندی و پەیوەندیانە لە سەردەمی جەنگی كۆبانێ، ساڵی 2014دا لە ئەنجامی پتەوبوونی پەیوەندییەكانەوە هاتە ئاراوە، لەگەڵ پێشهاتەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا چەسپێندرا، هاوكات هاوبەشییەكی راستەقینەش بوو لە بەرامبەر ئەو مەترسییەی كە لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە لە هەردوو لایەنی عێراقی و سوریادا هاتەئاراوە، ئێمە ئەم پەیوەندیانە دەپارێزین و بەرگرییان لێدەكەین، كە زیاتر پرەنسیپین نەك تاكتیكی و كاتی.

لە سلێمانی چیت دەكرد؟ ئایا بۆردومانەكە راستەوخۆ بۆ بەئامانجگرتنی ئێوە بوو؟

بەڵێ من لەگەڵ شاندێكی سەربازی “هەسەدە” لەوێ بووم، بۆردومانەكە لەكاتێكدا روویداوە كە ئێمە لەناو كاروانێكدا بووین لەگەڵ سەربازانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (CTG).

ئێمە ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ دەزگاكانی دژە تیرۆر لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەوەش بە ئاگاداری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و هەمیشە ئەنجامی باش بەرهەم دەهێنن لە بەرژەوەندی سەقامگیری لە هەردوو لایەنی عێراق و سوریا.

بەڕای ئێوە هۆكاری راستەقینەی ئەم بۆردومانە چییە؟

پەیامێكی روونە لە لایەن توركەكانەوە كە ئەوان بێزاردەبن بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانمان و ناڕازین بەرامبەری، دەیانەوێت ئەو پەیوەندیانەمان تێكبدەن، ئەردۆغان بەدوای سەركەوتنێكی خۆڕاییدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا سەربكەوێت و دۆخێكی ئاژاوەگێڕی هەمیشەیی دروست بكات، تا بەڕێوبەری خۆسەر نەبێتە لەمپەر لەبەردەمیان لە باكووری سوریا و رێگا بۆ لەشكركێشییەكی نوێ بكاتەوە، دوای ئەوەی لە ساڵانی رابوردوودا شكستی هێنا لەو ئامانجەی.

ئایا ئەم بەئامانجانكردنە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر كارەكانتان دەبێت لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا لە پرۆسەی سەركردایەتیكردن و چەسپاندنی بەڕیوبەری خۆسەردا؟

بە دڵنیاییەوە هیچ شتێك نییە بتوانێت رەوتی بنیاتنان و سەقامگیری رابگرێت، ئێمە چەندین ساڵە كارمان كردووە و بەردەوامیشین، پاراستنی گەلەكەم لە هەر هێرشێك كە لەلایەن توركیا و ئەوانی دیكە هەڕەشەی لێدەكرێت، لەسەرەتای كارەكانی ئێمەیە، ئێمەش بۆ ئەوە تێدەكۆشین.

دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا بە درۆن هێرشكرایە سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی و دواتر زانرا كە ئەو هێرشە بۆ بە ئامانج گرتنی مەزڵوم كۆبانێ‌، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووپای سووریای دیموكرات بووە.

ئەردۆغان بەرامبەر هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە نەرمی دەنوێنێت
پێشت ئەردۆغان بەرامبەر هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە نەرمی دەنوێنێت
سلێمانی هێرشكردنەسەر فڕۆكەخانە شەرمەزار دەكات
دواتر سلێمانی هێرشكردنەسەر فڕۆكەخانە شەرمەزار دەكات
ەیوەندیدار