هەناردەی 75 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی كەركوك راوەستاوە



 

سەرۆكی ئەندازیارانی كۆمپانیای نەوتی باكوور دەڵێت 10 ڕۆژە هەناردەی ڕۆژانەی 75 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك بۆ دەرەوە وەستاوە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی پاریس سكاڵایەكی عێراقی لە دژی توركیا پەسەندكرد.

فەرهاد حەمزه،‌ سەرۆكی ئەندازیارانی نەوتی پێشكەوتوو لە كۆمپانیای نەوتی باكوور، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، “لە ڕۆژی 25 ی مانگی ڕابردووەوە هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ توركیا ڕاگیراوە. ڕاگرتنەكەشی پەیوەندی بە ڕاگرتنی نەوتی هەرێمەوە هەیە. وەزارەتی نەوت دەیەوێت نەوتی كەركوك و هەرێم پێكەوە هەناردە بكات و خۆی سەرپەرشتی بكات.”

فەرهاد حەمزه ئاماژەی بەوەدا هەناردەی نەوتی خاوی كەركوك بۆ توركیا لە مانگی ڕابردوو زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار بەرمیل بووە.

ئەو ڕایگەیاند وەستانی ئەم هەناردەیە پێشبینی دەكرێت ملیۆنان دۆلار زیانی بۆ عێراق هەبێت و ژمارەكە بەرزتر ببێتەوە بەو پێیەی دەستپێكردنەوەی هەناردەكە لە‌م مانگەدا گرێدراوە بە ئاراستەی گفتووگۆكانی نێوان هەرێم و بەغداوە.

فەرهاد حەمزە دەلێت “ئێمە نەوتمان بە فەرمانی وەزارەتی نەوت بۆ توركیا راگرتووە، كەی فەرمانمان پێدرا جارێكی دیكە دەست بەهەناردەكردنەوەی نەوت دەكەینەوە.”

ڕۆژانە 355 هەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی پارێزگای كەركوك بەرهەم دەهێنرێت، و بەشێكی زۆری ئەو نەوتە بۆ پاڵاوتگە ناوخۆییەكانی عێراق و پێداویستییەكانی خەڵك تەرخان دەكرێت، ڕۆژانەش 75 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا هەناردە دەكرا.

چاودێرانی بواری ئابووری پێیانوایە ڕاگرتنی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم و كەركوكیش زیان بە ئابووری عێراق دەگەیەنێت، بەتایبەت بە هۆی ئەوەی كە داهاتی مانگانەی نەوتی هەناردەكراوی كەركوك بۆ توركیا هەندێك مانگ دەگاتە نزیكەی 250 ملیۆن دۆلار.

محەمەد حسێن، توێژەر لە ناوەندی عێراقی بۆ شیكارییە ئابورییەكان، دەڵێت “عێراق زیانی ئابووری لە ڕاگرتنی نەوتی هەرێم و كەركوكیش دەكات، چونكە هەرێم نەوت نەفرۆشێت دەبێت عێراق بودجەی پێبدات. ئینجا بۆ پارەداركردنی بودجەی ساڵی 2023 عێراق پێویستی بە هەناردەی نەوتی هەرێم و كەركوكیشە.”

هەرچەندە ناردنە دەرەوەی نەوتی كەركوك بۆ توركیا ڕاگیراوە، بەڵام كاركردن و بەرهەم هێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك بەردەوامی هەیە، بەو پێیەی بەشێكی زۆری نەوتی پارێزگاكە بۆ پێداویستییە ناوخۆییەكانی عێراقەو بەشێكی كەمیشی تا ئێستا بەتانكەر ڕەوانەی دەرەوە دەكرێت.

فەرهاد حەمزه،‌ سەرۆكی ئەندازیارانی پێشكەوتوو لە كۆمپانیای نەوتی باكور، وتیشی، “بەرهەم هێنانی نەوت لە كەركوك كەمی نەكردووە. مانگ هەیە نەوت كەم و مانگیش هەیە زۆر هەناردەی دەرەوە دەكرێت. ئەمە گرێدراوە بە سیاسەتی وەزارەتی نەوتەوە.”

تویتەر سەگێكی لەجێگای چۆلەكەكە دانا
پێشت تویتەر سەگێكی لەجێگای چۆلەكەكە دانا
قائیمقامیەتی سلێمانی: لە مانگی رابردوو ٥٧ شوێنمان بەهۆی سەرپێچییەوە داخستووە
دواتر قائیمقامیەتی سلێمانی: لە مانگی رابردوو ٥٧ شوێنمان بەهۆی سەرپێچییەوە داخستووە
ەیوەندیدار