“حكومەت لە 365 رۆژی ساڵ، تەنیا یەك رۆژ تووشبووانی ئۆتیزمی لەبیرە”



 

لە ڕۆژی جیهانی تووشبووانی ئۆتیزمدا باوكێك نامەیەك دەنوسێت بە ناونیشانی ” نامەیەكی شەرمەزاری بۆ ئەلەندی كوڕم”.

ئومێد چۆمانی، باوكی منداڵێكی تووشبووی ئۆتیزمە و دەڵێت، كوڕە شیرینەكەم ئەلەند، شەرمەزارتم كە هاوشێوەی هاوتەمەنەكانت نیت، ئەوان لە قوتابخانە و تۆش لە سوچێكی ماڵ، دوورەپەرێز و گۆشەگیر، من وەكو باوكت لەبری هەموو ئەم دەسەڵات و بەرپرسە بێباكی و بێ ویژدانانە شەرمەزارتم، كە شوێنێكیان بۆ تۆ نەكردەوە، تاوەكو راهێنانی دەروونی و پەروەردەیی وەربگریت و تەندروستییت باش بێت.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات، ئەلەندی بابە، شەرمەزارتم لەبری هەموو ئەم سەنتەر و كۆمەڵانەی گوایە لەپێناو ئێوە كاردەكەن و خەمساردن لەپێدانی شوێنی راهێنان پێت. شەرمەزارم لەبری وەزارەتێك كە نەیتوانیوە هیچ خەمێكی دایك و باوكی ئۆتیزم بڕەوێنێتەوە، شەرمەزارتم لەبری وەزارەتی كار، كە مووچویەكی بۆت بڕیوەتەوە، تەنیا بەشی 15 رۆژی دایبییەكەت دەكات.

ئەو باوكە دەڵێت، شەرمەزارم لەبری پەرلەمانێك كە نەیتوانی لەم خولەیدا بەیاسا ماف و شایستەكانی تووشبووانی ئۆتیزم بچەسپێنێت، شەرمەزارم لە كۆمەڵگەیەك چاوت بە دنیا هەڵهێنا، ماف و ژیانی سەرەتایی كەسەكانی پێ دابین ناكرێت.

ئاماژە بە ئەوەش دەكات، لە رۆژی جیهانی ئۆتیزم دا، دەمەوێت پڕ بە گەرووم هاوار و خەمی كەسوكاری تووشبووانی ئۆتیزم بگەیەنم بە شار، ئاخر ئەوان جگە لە خەم و ماندووێتی چی دیكەیان لە نەوەكانیان لەدەستدێت و بۆچی بیر لەدابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ تووشبووانی ئۆتیزم و كەسوكارەكانیان ناكەنەوە، دڵنیابن گەر كوڕی بەرپرسێك تووشبووی ئۆتیزم بێت، مامۆستا و راهێنەری ڤی ئای پی لە دەرەوەی وڵات بۆ هاوردە دەكەن، یاخود بە پاسپۆرتە دیپلۆماسییەكانتان گەشتی خۆشترین و باشترین وڵات دەكەن بۆ چارەسەری منداڵەكانتان، لەكاتێكدا بیر لە چارەسەری بۆ منداڵانی كۆمەڵگەكەتان ناكەنەوە.

دەشڵێت، بەوپەڕی بڕوا بەخۆبوونەوە دەیڵێم، بێباكی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بێت، كە چەندین ساڵە نەیانتوانیوە خزمەتێكی باش و شایستە بە تووشبووانی ئۆتیزم و كەسوكارەكانیان بكەن، شیرازەی خێزانەكانیان بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت.

ئەو باوكە داوایەك لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات و دەڵێت، داواكارم لایەنە پەیوەندیدارەكان تەنیا لە رۆژی جیهانی ئۆتیزمدا، ئەم رۆژە و تووشبووانیان لەبیر نەبێت، بەڵكو هەوڵ بدەن بەزووترین كات، ژمارەیەك سەنتەری راهێنانی حكومی لە هەموو شار و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بكەنەوە.

 

داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی ئادار ئاشكراكرا
پێشت داهاتی نەوتی عێراق بۆ مانگی ئادار ئاشكراكرا
پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە
دواتر پلەكانی گەرما بەرزدەبنەوە
ەیوەندیدار